بە ئامانج کردنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن ژنانی کۆمەڵەوە شەرمەزار کرا

کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە بە ئامانج کردنی ڕۆژنامەنووسان بەتوندی شەرمەزار دەکەن و ڕایگەیاند، دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی تورکیا سەرئەنجام دەبێ وەڵامی ئەو تاوانە لە بەردەم دادگای دادپەروەریی جەماوەری ڕاپەریودا بداتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی بە ئامانجگرتنی هەردوو ڕۆژنامەنووسی ژن "گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین" لە بۆردوومانەکەی ٢٣ی ئابی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە نزیکی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی، کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

 

دەقی بەیاننامەکەی ژنانی کۆمەڵە:

ڕاگەیاندنی کومیتەی ژنانی کۆمەڵە بە بۆنەی تیرۆری تاوانکارانەی دوو ژنی میدیاکار لە هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە تیمێکی ڕۆژنامەوانانی میدیایی چەتر له ناوچەی سەیدسادق لە باشووری کوردستان کەوتە بەر هێرشی درۆنێکی دەوڵەتی تورک، لە ئاکامی ئەم هێرشە تاوانکارانەدا دوو ژنی ڕۆژنامەوان بە ناوەکانی 'هێرۆ بەهادین خەڵکی  شارۆچکەی سەنگاو لە باشووری کوردستان و گوڵیستان تارا خەڵکی باتمان لە باکوری کوردستان' گیانیان بەخت کرد و چەند کەسێکیش بریندار بوون.

 

ئەوە یەکەم جار نییە چالاکوانان و خەڵکی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان دەکەونە بەر پەلاماری خیانەتکارانەی درۆن و فڕۆکەی جەنگیی سوپای تورکیا؛ دەوڵەتی تورک که لە ناوەوەی وڵات بە دڕندانەترین شێوە هەموو مافێکی ئینسانی لە گەلی کورد زەوت کردوە؛ بەرپرسی شارەوانییەکان و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک ڕاپێچی زیندان دەکات، لە دەرەوەی سنوورەکانیش لە هیچ تاوانێک دەست ناپارێزێ؛ تەنیا کەوتنە گەڕی هێزی لەبن نەهاتووی جەماوەرە، کە دەتوانێ کۆتایی بەم دەستدرێژییانە بهێنێت؛ دەوڵەتی ڕەگەزپەرەستی تورکیا سەرئەنجام دەبێ وەڵامی ئەو تاوانە لە بەردەم دادگای دادپەروەریی جەماوەری ڕاپەریودا بداتەوە.

 

ئێمە ئەو تاوانە بە توندی مەحکوم دەکەین و بەم بۆنەوە پڕ بە دڵ سەرەخۆشی لە هەڤاڵان و هاوکاران و بنەماڵەکانیان دەکەین.