بە پێی سەندیکای کرێکاران، مووچەی کرێکارانی ژن لە پیاوان کەمترە
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند، ٧٠٪ کرێکاران ئەندامی سەندیکاکان نین، تەنها ٢٠٪ کرێکاران ژنن، لەو ڕێژەیەش ٪١٤ مووچەکەیان لە هاوپیشە پیاوەکان کەمترە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند، ٧٠٪ کرێکاران ئەندامی سەندیکاکان نین، تەنها ٢٠٪ کرێکاران ژنن، لەو ڕێژەیەش ٪١٤ مووچەکەیان لە هاوپیشە پیاوەکان کەمترە.
سلێمانی
ئەمڕۆ یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان لقی سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لەبارەی ئاماری گیان لەدەستدانی کرێکاران و کێشە و گرفتەکانیان لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدا.
لە کۆنگرەکەدا چالاک رەئوف، سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران لقی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢١دا ١٧ کرێکار گیانی لەدەستداوە، لیژنەکانی دەستەبەری کرێکاران سەردانی هەزار و ٦٥٠ پڕۆژەی کردووە، لە کۆی چوار هەزار و ٩٩٦ کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتیان بۆ کراوە، تەنها ٩٦٦ ژن بوون.
لە ماوەی ئەو ساڵەدا لیژنەی سەلامەتی پیشەیی کرێکاران سەردانی هەزار و ١٠٠ پڕۆژەی کردووە، کە هەشت هەزار و ٣٢٥ کرێکار کاریان تێداکردووە، تەنها ٢٠٪ ژن بوون، لەو ڕێژەیەش ١٤٪ مووچەکانیان لە بەرامبەر مووچەی کرێکارە هاوپیشە پیاوەکە کەمتر بووە.
٤٢٪ی کرێکاران دەستەبەری کۆمەڵایەتییان نییە
٦٣٪ی کرێکارانی سنوری سلێمانی گرێبەستی کاریان نییە، ئەوانەشی کە هەیانە زۆرینەی یاسایی نین، ٪٤٢ی کرێکارانیش دەستەبەری کۆمەڵایەتییان نییە، ٧٠٪ کرێکارانیش ئەندامی سەندیکا نین.
ئاماژەی بەوە کرد، کە کێشەی ١٢٠ کرێکار چارەسەرکراوە، بەڵام ڕێژەکە زۆر زیاتر بەڵام تۆمارنەکراوە، هاوکات هەرچەندە بەپێی یاسا دەبێت بیمەی تەندروستی بۆ کرێکاران دەستبەر بکرێت و یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دابینبکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچیان بۆ جێبەجێنەکراوە.
ئاشکرای کرد، کە ژنان لە کاتی کارکردندا ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری دەبنەوە، سکاڵایان هەیە، بەڵام تەنها لە سلێمانی بەشی ژنان هەیە و لە هیچ شارێکی دیکە بەشی ژنان نییە.
ت.پ