بە مەراسیم تەرمی گوڵستان تارا بۆ زێدی خۆی لە باکووری کوردستان ڕەوانە كرا

لە پاركی ئازادی مەراسیمێكی شایستە بۆ ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا ئەنجام دراو تەرمەکەی بەرەو شاری ئیلح "باتمان" لە باكووری كوردستان بەڕێ کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٣ی ئاب لە هێرشێكی دڕندانەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی كۆمپانیای چەتری بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی لە سنووری شارۆچكەی سەیدسادق كردە ئامانج و لەو هێرشەدا هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستداو ڕۆژنامەنووس ڕێبین بەكریش بریندار بوو

 

ئەمڕۆ ٢٩ی ئاب، دوای وەرگرتنەوەی تەرمی گوڵستان تارا لە پزیشکی دادی سلێمانی، ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و كەسایەتی و چالاكوان لە مەراسیمێكدا لە پرکی ئازادی پێشوازییان لە تەرمی شەهید گوڵستان تارا كرد، لە لایەن كۆمپانیای چەتر و خانەوادەكەی و هاوڕێیانییەوە چەند وتارێك پێشكەش كرا.

 

"گوڵستان تەنها خاوەنی پێنووس و كامێراكەی بوو"

ئەحمەد تەکیک برای گوڵستان وتی: هەرچەند گوڵستان خوشكی ئێمە بوو، بەڵام زیاتر هاوڕێ و هاكاری ئێوە بوو، گوڵستان تەنها ڕۆژنامەنووس بوو، خاوەنی پێنووس و كامێراكەی بوو، هەرچەند گوڵستان شەهید بوو، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین هاوڕێ و هاوكارانی هەموویان بوون بە گوڵستان.

 

هەروەها کۆمپانیای چەتر بەیاننامەیەکی دا و لەلایەن کەمال حەمە ڕەزا، بەڕێوەبەری كۆمپانیای چەتر بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی خوێندرایەوە و وتی: تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لەلایەن دەوڵەتی توركەوە شەرمەزار دەكەین، هاوكات چەواشەكارییەكانی دەزگایی بەناو دژە تیرۆری پەدەكەش شەرمەزار دەكەین، بەڵێن بە هەردوو هاوپیشەمان دەدەین، كە نووكی قەڵەمەكەیان تیژ بكەین دژ بەداگیركاریی نادادپەروەرییەكان.

 

بەیاننامەی ژنانی میدیاکار لەلایەن سنور ڕەحمان خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە ئێستا لە حزوری تەرمی ڕۆژنامەنووسێک وەستاوین کە باوەڕی بە ئازادی ژن و کۆمەڵگەکەی هەبوو، دەبێت ئەوە بێنینەوە بەرچاومان ئێمە لە پێناوی چیدا لەم خاکە تێکۆشانمان کرد، بەمەش دەردەکەوێت کە ڕێگای ئازادی ڕێگایەکی دوور و درێژە و ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە بیگەینێ، چونکە لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا ناکرێت سیخوڕ و خۆفرۆش هەبێت، کە ژنە تێکۆشەر و ڕاگەیاندکارێکی وەک گوڵستان تارا شەهید بکات.

 

 

مەراسیمەکە بە دانانی تاجە گوڵینە لەسەر تەرمەكەی كۆتایی پێهێندراو پاشان تەرمی ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا بەرەو شوێنی كارەكەی لە كۆمپانیای چەتر بەڕێكرا، لەوێشەوە بەرەو شاری ئیلح "باتمان" لە باكووری كوردستان بەڕیدەکرێت ، هەروەها هاوڕێ و هاوپیشەكانی لە دەروازەی شاری سلێمانی بە یەكجاری ماڵئاواییان لێکرد و بڕیارە دوای گەیشتنەوەى بە زێدی خۆی لە مەراسیمێكی شایستەدا بەخاک بسپێردرێت.

 

گوڵستان تارا ماوەی ٢٠ ساڵە لە باكوور و ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان كاری ڕۆژنامەنووسی كردووە و ماوەی سێ ساڵە وەك ڕاوێژكاری میدیایی لە كۆمپانیای چەتر كاری دەکرد.