بە هۆی بوونی عەقلیەتی پیاوسالاری، ژنانی تونس دەترسن لە ڕاگەیاندنەکان دەربکەون

ڕۆژنامەنووسانی تونس دووپاتیان کردەوە، بەهۆی ئەو شێوازە تەقلیدییە توندانەی کەڕێگە بە ژنان دەدات خۆیان لەڕاپۆرتکردن بەدوور بگرن و بترسن و باسی بارودۆخی خۆیان نەکەن، بە سەختی دەژین.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس - بارودۆخی دژوار و دەسەڵاتی پیاو بەسەر بۆچوونی ژناندا هۆکارێکە بۆ ئەوەی ژنان لە زۆر ڕووەوە خۆیان سنووردار بکەن، یەکێک لەو بوارانەی کە ژنان خۆیان لێی بەدوور دەگرن و باسی ناکەن، بواری ڕاگەیاندنە، زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان ناتوانن باس لە کەیسی ژنان بکەن، چونکە زۆرێک لە ژنانی کۆمەڵگە خۆیان لە ڕاگەیاندنەکان دوور دەخەنەو و کێشەکانیان ناهێننە ئاراوە.

 

لە ناوچەکانی ناوەوەی تونسیش هەمان شت دەوترێ، ژنان ڕووبەڕووی باڵادەستی پیاوان دەبنەوە.

 

"زۆر سەختی لە دۆزینەوەی پرسەکانی ژیانی ژنان دەبینم"

مەنال بالتایع، ڕۆژنامەنووسی تونسی کە لە پارێزگای ئەلقەسرین لە تونس کاردەکات، سەبارەت بەم بابەتە وتی: سەختی زۆر دەبینم لە دۆزینەوەی پرسەکانی ژیانی ژنان، کاتێک دەمەوێت مامەڵە لەگەڵ بابەتی توندوتیژی یان شتێکی لەو جۆرە بکەم، زانیاری دروستم دەست ناکەوێت، کاتێک دەمانەوێت بابەتێک هەڵبگرین، بەڵگەنامەی پێویست نادۆزمەوە، بەتایبەتی لە پرسەکانی توندوتیژی دژی ژنان یان وردەکارییەکان سەبارەت بە کەیسێک، ئەو زانیاریانەی وەرگیراون ڕاستن بەڵام سنووردارن.

 

"ژنان بەهۆی دەسەڵاتداری پیاوانەوە ناتوانن باسی کێشەکانیان بکەن"

لە درێژەی قسەکانیدا، مەنال بالتایع باسی لە کێشەکانی دیکە کردو وتی: هەندێکجار دەمانەوێت سەرنج بۆ کەیسێکی پەیوەندیدار بە ژنان، یان کارەکانیان یان پاراستنی مافەکانیان و بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسیدا ڕابکێشین، بەڵام ناتوانن لەبەردەم راگەیاندنەکاندا دەرکەون و بۆچوون و هەڵوێست و دەنگی خۆیان هاوبەشبکەن، هەرچەندە زۆرێک لەژنان دەزانن کە ئەم حاڵەتە گرنگە و دەبێت بخرێتە بواری چارەسەرکردنەوە، ژنان لە باشوور یان ناوەڕاستی تونس لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا دەژین، دەسەڵات ڕێگە نادات ژنان لەبەردەم ڕاگەیاندنەکاندا دەربکەون، هەربۆیە ژنان ناتوانن باسی کێشەکانیان بکەن، ژنان چاوپۆشی لەو هۆکارانە دەکەن و نایانەوێت لەبەردەم خەڵکدا دەربکەون، ئێمە وەک ژنە ڕۆژنامەنووسەکان دەزانین چۆن لە گوندەکان و ناوچەکانی باشووردا ژیان چۆنە، ئاگاداری ئەم دۆخەین و فشاریان لەسەر ناکەین لەبەردەم کامێرادا دەرکەون، بۆ ئێمە تەنها گەیاندنی دەنگی ئەوان بەسە.

 

"ژنان لە کاردانەوەی پیاوان دەترسن"

مەنال بالتایع لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ژنان لە کاردانەوەی پیاوان دەترسن و کاتێک قسە دەکەن جارێکی دیکە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لە کۆمەڵگەی گوندەکاندا توندوتیژی زۆر هەیە و نموونەی زۆر هەیە کە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، ئەمەش ڕێگە دەدات دیاردەی توندوتیژی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات، بەتایبەتی لە گوندەکان و شارەکانی ناوەوە، هەروەها لە گوندەکانی ناوەڕاست و باشووری تونس.

"لە پرسی ژناندا سەختی زۆر دەبینم"

هەنا کاروس پەیامنێری ڕادیۆی "مۆزایک" لە باشووری تونس بۆچوونی خۆی لەسەر هەمان بابەت دەربڕی و وتی: کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە دۆسیەی ژنانەوە هەیە، سەختی دەبینم لە وەرگرتنی ڕای ئەوان، بەتایبەت لایەنە پەیوەندیدارەکان، نایانەوێت ژمارە و بەڵگە بدەن، هەروەها داوای مۆڵەت دەکەن، کاتێک بابەتەکە دەگەڕێتەوە  بۆ ئەو ژنانەی کە توندوتیژیان بینیوە یان ئەو ژنانەی جیابوونەتەوە، چیرۆکەکەیان بۆ دەگێڕنەوە و دواتر وردەکارییە گرنگەکانم بۆ دەگێڕنەوە بەڵام پێم دەڵێن تەنها بینووسە و ناومان مەهێنە، ناسنامەی خۆیان دەشارنەوە، هەدێک جار دە‌هێڵن ڤیدیۆیان تۆماربکەین بەڵام بەو مەرجەی دەنگیان بگوڕدرێت و ڕۆخساریان دیار نەبێت.

"پیاوان ڕێگە بە ژنان نادەن بە ئازادی جوڵە بکەن"

ئەلفە خەسخوسی، ڕۆژنامەنووسێک کە لە پارێزگای سیدی بۆزید کاردەکات و گرنگی بە کەیسەکانی ژنان دەدات، باسی لەوەکرد کە ژنان نایانەوێت لەبەردەم ڕاگەیاندنەکان دەربکەون و باسی کەیسەکانیان بکەن، چونکە لە کاردانەوەی باوک و برا و هاوژینەکانیان دەترسن.

 

ئەلفە خەسخوسی سەبارەت بە ئەزموونەکەی وتی: لەگەڵ زۆرێک لەژنان لەسەر بابەتی جیاواز قسەم کردووە، ڕێگەیان پێدام بەشێک لە وێنە و ڤیدیۆکانیان بگرم، بەڵام دواتر پەیوەندییان پێوەکردم و داوایان لێکردم وێنەکانیان بڵاو نەکەمەوە و ناوەکانیان نەڵێم، ژنێک هەبوو کە لەلایەن کوڕەکەیەوە ئازاری دەدرا ئەو ڕازی بوو بێتە پێشەوە و کەیسەکەی هاوبەش بکات، ئەم کێشەیە تەنها لە ژنانی نەخوێندەواردا ڕوونادات، ئەو ژنانەش کر بڕوانامەیان هەیە قسە ناکەن، چونکە من خەڵکی هەمان ناوچەم، دەزانم کۆمەڵگە چۆنە و دەزانم عەقلیەتی ئێستا چۆنە، پیاوان زاڵن و ڕێگە بە ژنان نادەن بە ئازادی بجوڵێن.