بە دروشمی " تۆ دایکت ڕزگار بکە "،هۆشداری لە بارەی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەوە ئەنجامدرا
لە شاری سلێمانی، پانێڵێک بۆ خوێندکاران بە ئامانجی هۆشیارکردنەوە و گەیاندنی زانیاری لە بارەی شێرپەنجەی مەمکەوە، لە لایەن پزیشکان و مامۆستایانەوە ئەنجامدرا.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٩ی تشرینی یەکەم، لە کامپی زانکۆی کۆمار لە شاری سلێمانی، لە لایەن مامۆستایان و بەشێک لە خوێندکارانی بەشی بایۆمیدیکاڵ، بە ئامانجی هۆشیاری زیاتری ژنان و کۆمەڵگە لەسەر ڕێکارەکانی زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک، بە دروشمی " تۆ دایکت ڕزگار بکە "، هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە دژی شێرپەنجەی مەمک، بە ئامادەبوونی خوێندکاران و مامۆستایان و زۆرێک لە سیاسەتمەدار و کەسانی توشبووی شێرپەنجەو خستنەڕووی چەندین ئاماری تووشوبوان پانێڵێک ئەنجامدرا.
بە ئامادە بوونی پانێڵیستان: هاژە عەبدوڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، نارین نەوزاد، پزیشکی تیشک و سۆنەر، هەروەها تووشبوویەکی شێرپەنجە کە باسی لە ئەزموونی توشبوون بە شێرپەنجەی کرد، بەڕێوەچوو.
هاژە عەبدوڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سلێمانی، باسی لە مانگی ئۆکتۆبەری پەمەیی کرد کە مانگی ڕوبەڕووبونەوە و ڕزگارکردنی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک دەناسرێت، ئاماژەی بەوەکرد، تووشبووانی شێرپەنجە بەردەوام لە هەڵکشاندا دەبێت، دەگاتە ئاستێک لە ٨ ژن یەکیان تووشبووی شێرپەنجەی مەمک دەبێت، بە گوێرەی ئاماری وڵاتانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٤٠دا تووشبووی شێرپەنجە دەگاتە ٣٠ ملیۆن توشبوو، بە ڕێژەی لە ٪٣٠ بەرەوسەر ڕێژەی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک لەسەر ئاستی جیهان بەرزدەبێتەوە، بە گوێرەی ئامارەکان ئەمریکا دەریدەخات لە ساڵی ٢٠٤٠دا لە هەر دوو پیاوێک یەکیان توشبووی شێرپەنجە دەبێت، دەڵێت: زۆرێک لە تووشبووان بێ ئاگان تەنها مەمکیان گرێ ناکات بەڵکوو ژێر باڵەکانیان دەشێت گرێی لێبێت و هەستی پێ نەکەن، یان بەشێک لە تووشبووان دەڵێن تەنها دەردراوێکی کەمان دەبێت لە کاتیکدا دەردران لە گۆی مەمک دەبێتە هۆکاری ئەوەی ژنان بە زوترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن.
لە کۆتایدا وتی: پێویستە ژنان بەردەوام مانگانە لە دوای سوڕی مانگانەیان پشکنینی سەرەتای بۆ خۆیان ئەنجام بدەن، لە تووشبوون بە شێرپەنجە نەترسن، تێپەڕاندن بۆ شێرپەنجە بکەن، کاتێک نیشانەکانی وەک چاڵبوون، گرێ، دەردراوی ڕەنگ سور لە گۆی مەمک و بوونی پێستی سنگ بە کونجکونج هاوشێوەی توێکڵی پرتەقاڵ، پێویستە بە زوترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.
نارین نەوزاد، پزیشکی تیشک و سۆنەر، باسی لەوەکرد لە جیهاندا ساڵانە ٤٠ هەزار ژن تووشی شێرپەنجە دەبن، لە ٪٨٥ی تووشبووان لە باوانەوە بۆیان ناگوازرێتەوە، ئۆکتۆبەری پەمەیی وەک مانگی بەرەنگار بونەوە داندراوە، لە هەموو جیهاندا ڕۆژێک شوێنێکی ناوداری شارەکەیان پەمەی دەکەن، وەک هەبوونی پاڵپستی بۆ تووشبوانی شێرپەنجە، هەروەها لەڕێگەی تیشک و سۆنەرەوە دیاریکردنی شێرپەنجەی پێشوەختە ئەنجام دەدەین، پێویستە ژنان لە دوای تەمەنی ٤٠ ساڵیەوە، ساڵانە لە ڕێگەی تیشکەوە پشکنین بۆ خۆیان ئەنجام بدەن، تا پێش توشبوون بە شێرپەنجە توانای زوو چارەسەر کردن هەبێت.
ئەو پزیشکە جەختی لەوەکردەوە، لە تەمەنی ٣٠ ساڵ بۆ ٤٠ پێویستە پشکنین ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بزاندرێت ئایا لەو جۆرانەیە کە هەست دەکرێت لە داهاتوودا دەبێتە توشبووی شێرپەنجە، لە تەمەنی ٤٠ بۆ ٧٥ ساڵیدا ساڵانە بەردەوام لە ڕیگەی تیشک و سۆنەرەوە ئاگاداری تەندروستیان دەبێت تا لەهەر دەرکەوتەیەکی شێرپەنجە بە زوترین کات چارەسەر وەربگرێت، لە دوای ٧٥ ساڵیەوە بەردەوام دەبین لە وەرگرتنی زانیاری و پشکنینەکانمان.
" "هیچکات شەرمم لە نەبوونی قژم نەدەکردەوە
مامۆستا سۆزیار، تووشبوویەکی شێرپەنجە باسی لە ئەزموونی تێپەڕاندنی شێرپەنجەی مەمک کردو وتی: تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک سەرەتا بە چەندین قورسایی جەستەیی و دەرونیتدا دەبات، بەڵام لە پێناو ژیاندا دەبێت بە تەواوی تواناتەوە بەرەوڕووی بوەستیتەوە، سەرەتا کە قژم دەوەری و پاشان هاوژینەکەم بۆی لابردم ناخۆشترین کاتی ژیانم بوو، بەڵام بەردەوام بووم، هیچکات شەرمم لە نەبوونی قژم نەدەکردەوە، هەمووکات بەبێ بەکارهێنانی کڵاو و باڕۆکە سەردانی شوێنە گشتیەکانم دەکرد، وەک پێدانی وزەیەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، پاش هاتنەوەی قژم بەڵام بەردەوام بە کورتی چاکم دەکرد، بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی تێڕوانینی کۆمەڵگە بەرامبەر ژنان، کاتێک دەڵێن ژن بە قژەوە جوانە، من قژەکانم کورت دەکردەوە تا بتوانم کۆمەڵگە تیبگەیەنم ژن بە قژ و بەبێ قژی دەتوانێت ژیانێکی جوان دروست بکات.
لە کۆتاییدا وتی: من کاتیک توشی شێرپەنجەبووم بەردەوامیم بە کاری مامۆستایمدا، خوێندنی ماستەرم بەردەوام کرد، بەشداری چەندین خولی دیزاینی جلوبەرگم دەکرد، دوای خەونەکانم دەکەوتم، لە کاتیکدا پێیان دەوتم تۆ دەمریت بۆ خۆت هیلاک دەکەیت، بەڵام پێویستە بەردەوامی بدەیت بە ژیانکردنت، تا بتوانیت بەسەر شێرپەنجەدا زاڵبیت، هیوادارم تووشبووان هەوڵی ڕوبەڕووبونەوەی شیرپەنجە بدەن.
"هۆشیار کردنەوەی شێرپەنجەی مەمک لە ڕێگەی گەنجانەوە دەبێت"
هەوار سەردار، مامۆستا لە زانکۆی کۆمار، ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕێگەی چالاکییەکانی مانگی ڕوبەڕوو بونەوەی شێرپەنجەوە، هۆشیاری تەواو دەدەنە ژنان و کۆمەڵگە بە تایبەت پیاوان، بە ئامانجی نەمانی جیاوازی لە توشبوون بە شێرپەنجە،تووشبوون بە شێرپەنجە ڕووبەرووی پیاوانیش دەبێتەوە، لە ڕێگەی بانگێشتکردنی چەندین پزیشک لە بواری شێرپەنجەدا، بە هاوکاری خوێندکارانی بەشی زانستی بایۆمیدیکاڵ و زانکۆی کۆمار لە ڕێگەی ئیڤێنتێکەوە، هۆشداری دەدات بە گەنجان لە زانکۆکەدا، تا ئەوانیش بتوانن کۆمەڵگە و بنەماڵەکانیان هۆشیار بکەنەوە، بە ئاماددە بوونی چەندین پزیشکی شارەزا و بە ئەزموون، بە " تۆ دایکت بپارێزە " هۆشداری دەدەن بە خوێنکاران.
ئەو مامۆستایە وتیشی: باسکردن و هەبوونی چالاکیەکان لە زانکۆ و شوێنە گشتیەکاندا دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی زانیاری لە بارەی شێرپەنجەی مەمکەوە، هاندان بۆ ژنان تا بتوانن بەردەوام ئاگاداری تەندروستیان بن لەڕێگەی تیشک و سۆنەرەوە، بەردەوام سەردانی پسپۆڕانی شێرپەنجە بکەن، ئەزموون لە ژنان و تووشبووانی دیکە وەربگرن تا بتوانن ڕوبەڕووی شێرپەنجە ببنەوە.