بۆ داوای دانپێدانانی خۆبەڕێوەبەری ٦٥٠ ژن نامەیەک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەنێرن
٦٥٠ ژن لە ٥٠ وڵاتەوە کە لە ئەکادیمیستەکان، سیاسەتمەداران، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان و نووسەران پێکهاتبوون، نامەیەکی کراوەیان بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نارد و داوای دانپێدانان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان کرد.
ناوەندی هەواڵ
٦٥٠ ژنە سیاسی ناسراو، ئەکادیمیستەکان، هونەرمەندان، سەندیکاییەکان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ، هەروەها ڕێکخراوەکانی ژنان لە نزیکەی٥٠ وڵاتەوە، نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد و داوای دانپێدانانی خۆبەڕێوەبەرییان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد.
نامەکە ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سیما سامی باهۆس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا و ئەنتۆنیۆ لویس سانتۆس دا کۆستا، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا و ئەحمەد ئەبول غیت، سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی نێردراوە.
لە دەقی نامەکەدا هاتووە: لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ئایندەی سووریا و دەرفەتی نوێ بۆ ئاوەدانکردنەوەی دیموکراسیانەی کۆمەڵگە تاوتوێ کراوە، پێویستە کۆمەڵگە ئەمە بونیاد بنێت و پەرەی پێبدات، ژنان دەبێت بەشداری لە بونیادنانی سووریای نوێدا بکەن.
ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە شەڕی ناوخۆ لە سووریا و بەرخۆدانی گەل لە دژی ڕژێمی ستەمکاری بەعس بەردەوامە، خەڵک تووشی تاوانی جەنگ دەبن کە لە لایەن داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییە هاوشێوەکانەوە دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێن، ئەمە جگە لە هێرش و بۆردومانەکانی داگیرکەری تورکیا ، کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ دەخات، گەلی کورد لە ناوچەکەدا باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای لەساڵی ٢٠١٢ەوە مۆدێلێکی خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئازادی ژنان، ژینگە، و دیموکراسی بونیاد ناوەو ژنان ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لەم کارەدا بینیوە، مۆدێلی کۆمەڵایەتی و بەشدارییان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا کردووە، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) کە بۆ پاراستنی خۆیان و ژیانی هەمووان ڕێکخرابوو، لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)، شەڕی داعشیان کرد و زۆرێک لە شارەکانیان لە داگیرکارییەکانی ڕزگارکرد ئەوان کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکیان بونیاد نا، مۆدێلێکی فرە نەتەوەیی و فرە ئایینی پێکەوەژیان لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەم مۆدێلە دەتوانێت نموونەیەک بێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی تەواوی سووریا.
ژنان لە سووریا یەکگرتوو بوون و ڕێکخستوون لە دژی هێرشەکانی سەر ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی، بڕیاریان داوە پرۆسەی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی بخەنە ڕوو، هەروەها خەباتیان کردووە بۆ ئاشکراکردنی ڕاستی و بەدیهێنانی دادپەروەری هەر بۆیە ئەنجومەنی ژنانی سووریا کە ژنان کۆدەکاتەوە لە پاشخانی نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری جیاوازەوە، لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ بەیاننامەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا پێشکەشکرا و داوای بەشداریکردنی ژنان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی لە پرۆسەی سیاسیدا کرد.
ئێمە پشتیوانی ئەم ١٣ داواکارییە دەکەین کە ئەنجومەنی ژنانی سووریا دایناون، ئەم ئامانجانەش بە گرنگ دەبینین بۆ بونیادنانی سووریایەکی دیموکراسی نوێ لەسەر بنەمای بەشداری ژنان جگە لەوەش، بەشداریکردن و دانپێدانانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئێستادا پرۆسەکە بۆ داهاتووی سووریایەکی دیموکراسی پێویستە، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم ئەکتەرە سیاسییەکان دەکەین کە بە فەرمی دان بە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بنێن و ڕاستەوخۆ پشتیوانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەم ناوچەیە بکەن و هاوکاری درێژخایەن دابمەزرێنن لە سووریا لەبری ئەو گروپە جیهادیانەی کە ئایدۆلۆژیا و پراکتیکەکانی لەسەر بنەمای زەلیلکردن و ستەمی توندوتیژی ژنانە.
هەروەها داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ناردنی چەک و پاڵپشتی سیاسی بۆ تورکیا دەکەین، بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ هێزە دیموکراسیەکانی سووریا، یارمەتیدەر دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا و بونیادنانی سووریایەکی دیموکراسی، ئێستا کاتی پشتیوانیکردنی هێزە دیموکراسیەکانە.