بۆ چوارەم ڕۆژی لەسەریەک هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بەردەوامن
ئەو هێرشە مووشەکییانەی کە چەند ڕۆژێکە لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، جگە لە وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری، بووە هۆی بریندار بوون و گیان لەدەستدانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی لە هەردوولا.

ناوەندی هەواڵ
بەرەبەیانی ڕۆژی ١٣ی حوزەیران، ئیسرائیل یەکێک لە توندوتیژترین هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کردە ئامانج و زانایان و پێشەنگە سەربازییەکان و هاوڵاتیانی مەدەنیش کوژران.
پێشهاتەکان لە ئێران بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش خێراتر دەبن لە کاتێکدا ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بۆ چوارەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامە، لە ئێوارەی دوێنێوە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ئێران دەیان مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو خاکی ئیسرائیل هەڵداوە کە بەشێکیان لە شارەکانی ئەسفیهان، کەرەج، ورمێ و ماهدەشتەوە هەڵدراون، ئەم لێدانانە لە شارەکانی بەیت یام، تەلئەبیب، ڕیشۆن لتسیون و حەیفا لانی کەم ٨ کەس کوژران و ٣٨٥ کەسی دیکەش بریندار بوون کە حەوتیان سەخت بوون.
لە دوایین پێشهاتەکانیشدا، سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە ٢٢٤ کەس کوژراون، زیاتر لە هەزار و ٤٨٠ کەسی دیکەش برینداربوون، بەبێ ئەوەی ژمارەی قوربانیانی سەربازی و مەدەنی ئاشکرا بکرێت.
بەرەبەیانی ڕۆژی ١٦ی حوزەیران، ئیسرائیل ناوچەی دیزڵ ئابادی کرماشانی کردە ئامانج و کەسێکی بریندار کرد، ئەو هێرشانە لەکاتێکدا ڕوویانداوە کە ڕۆژی پێشتر هێزە ئاسایشییەکان داوای چۆڵکردنی ناوچەی پیشەسازی دیزڵ ئابادیان کردبوو، ئەمەش ئەگەری تەقەی موشەک لەو ناوچەیە زیادی کردبوو.
لە هەمان کاتدا نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی زیندانی دیزڵ ئاباد پەرەی سەندووە، دەوترێت لە ئەنجامی هێرشەکەدا سەرجەم پەنجەرەی زیندانەکە شکاون، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران وەڵامیان نەداوەتەوە.
ئامانجەکان لە تاران هێرشیان کرایە سەر
ئاژانسە هەواڵییە ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل تاران، نیاڤاران، سوهرەوەردی، ئێکباتان، لاڤیزان و نارمکیان کردۆتە ئامانج، هەروەها تەقینەوە لە دەوروبەری گۆڕەپانی وەلی عەسر و شەقامی کەشاوەرز لە تاران تۆمار کراوە، هەروەها دامەزراوە حکومییەکان لەوانە بینایەکی سەر بە وەزارەتی دەرەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەستپێکردنی قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستەقینەی ڕاگەیاند، هاوکات ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە شەپۆلێکی مووشەکی بالیستی لە ئێرانەوە بەرەو ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە هەڵداوە.