بە بیانوی ئەوەی کوڕی دادوەرەکە تووشی ڕوداو بووە، دادگایی کردنی بێریڤان ئەیوب دواخرا
بڕیار بوو ئەمڕۆ لە دادگای هەولێر بێریڤان ئەیوب چالاكوانی خۆپیشاندانەكانی دهۆك كە ١٦ مانگە دەستگیركراوە دادگایی بكرێت، بەڵام دادگایی کردنەکە دواخرا.
ناوەندی هەواڵ
بێریڤان ئەیوب ماوەی ١٦ مانگە لە زیندان هێڵدراوەتەوە دووچاری چەندین فشار و کێشەی کۆمەڵاتی بووەتەوە، دادگاییكردنەكەشی بە ماددەی ١ی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣یە، كە تایبەتە بە تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەو هەرچەندە کە ڕێگەنادرێت پارێزەکانی بیبینن، بڕیاربوو ئەمڕۆ ١٤ی شوبات دادگایی بکرێت بەڵام بێ ئەوەی بێریڤان ببرێتە دادگا، دادگایی کردنەکە دواخرا.
لەبارەی کەیسی بێریڤان و دواخستنی دادگاییەکە ئاشنا عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: "دەبوایە ئەمڕۆ دادگایی بەڕێوەبچێت بەڵام بەهۆی ئەوەی کوڕی دادوەرەکە تووشی ڕوداوی هاتوچۆ بووە، دادگایی کردنەکە بۆ ٢٨ی شوبات دواخرا".
ئاماژەی بەوەشکرد کە بێریڤان بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە و تووشی چەندین نەخۆشی بووە وەک شەکرە، وتیشی: "بە وتەی پارێزەرکانی بێریڤان ماوەی ٥ مانگ مانی لە خواردن گرتووە بۆ ئەوەی ڕێگە بدەن پارێزەرەکانی ببینێت، ئەوەش وایکردووە کە لە ئێستادا زۆر کێشەی تەندروستی بۆ دروست ببێت و تەنانەت ناتوانێت خواردنیش بخوات".