"بۆ باش بەڕێوەچوونی وڵاتێک، پێویستمان بە سیاسەتە"
وەزیری پێشووی وڵاتی فەرەنسا، نەجات بیلکاسم، دوای شاری هەڵەبجە سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەسەر ڕۆڵێ ڕێکخراوەکان کرد.
سلێمانی
ئێوارەی دوێنێ، ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت لە ئۆفیسی ڕێکخراوەکەیان لە شاری سلێمانی، کۆڕێکی بۆ نەجات بیلکاسم، وەزیری پێشووی خوێندنی باڵای فەرەنسا و وتەبێژی پێشووی حکومەتی فەرەنسا ڕێکخست، سەبارەت بە ئازادیی ڕادەبڕین و کاری ڕێکحراوەیی، لە کۆڕەکەدا نەوێنەری ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی مەدەنی بەشداربوون.
نەجات بیلکاسم لە گفتوگۆیەکیدا باسی لەوەکرد کە بۆ باشتر بەڕێوەبردنی وڵاتێک پێویستی بە سیاسەت هەیە، "من وەزیری مافی ژنان بووم یاسام دەهێنایە پێشەوە، دامەزراوە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان یارمەتییان دەدام، بۆ نموونە یاسایەکم پێشنیارکرد، ئەو پیاوانەی زوڵمیان لە ژنان دەکرد، پیاوەکان لە ماڵ دەربکرێن نەک ژنان”.
نەجات بیلکاسم باسی لەوەکرد بە هەماهەنگی کارکردنی نێوان ڕێکخراوەکان و حکومەتدا دەتوانرێت ڕێگری بکرێت لە کێشەکانی کۆمەڵگە و بەتایبەت توندوتیژییەکانی سەر ژنان، دەشڵێت: لە فەڕەنسا زۆربەی کات پیاوان دەچوون بە پارە کاتیان بەسەردەبرد لە گەڵ ژنان، وامکرد ئەوە کەم ببێتەوە، ئەوە بەهاوکاریی لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان بوو، دەمەوێت پێتان بڵێم ئێوە سوودتان هەیە بۆ کۆمەڵگە و داکۆکیکردن لە مافەکانی کۆمەڵگە، پێویستە حکومەتیش بۆ ئەمە هەماهەنگی ڕێکخراوەکان بێت.
نەجات بیلکاس، دەشڵێت: زوو زوو پێم دەڵێن، نابێت ڕێکخراوەکان تێکەڵی سیاسەت ببن، بەڵام من دژی ئەو بۆچوونەم، دەبێت ڕێکخراوەکان تێکەڵ بە بابەتە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان ببن، من سەرۆکی ڕێکخراوی وەنم، بەمزووانە پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری، دواتریش تێ دەگەن ڕێکخراو و دامەزراوەی مەدەنیی چۆن پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە.
لە کۆتایدا بەشداربووانی کۆڕەکە گفتوگۆیان لە بارەی کێشە و کاری ڕێکخراوەکان کرد.
ت.پ