دەوڵەتی تورک لە ماوەی ٣ ڕۆژدا ٧ کەسی بە ئامانج گرتووە کە منداڵیشیان تیادایە
دەوڵەتی تورک لە ماوەی ٣ ڕۆژدا ٧ هاوڵاتی لە باشووری کوردستان کردووەتە ئامانج کە منداڵیشیان تیادایە.
ناوەندی هەواڵ
هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بە هاوکاری عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە بەردەوامە. دەوڵەتی تورک کە هێرشی لەشکرکێشی بۆ سەر ناوچەکە ئەنجام دەدات، لە ماوەی ٣ ڕۆژدا ٧ کەسی بە ئامانج گرتووە، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٢٣ کەس بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.
لە ماوەی ٣ ڕۆژدا ٧ هاوڵاتی گیانیان بەختکردووە
٣ی ئەیلوول: دەوڵەتی داگیرکەری تورک تۆپبارانی سنووری گوندی مێرگە حەوشی لە کوێستانی سنین لە شارۆچکەی سیدەکان کرد، بە هۆیەوە شوانکارێک بەناوی ” بەدیع کەمال محەمەد” لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٥ گیانی بەختکرد.
٤ی ئەیلوول: کاتژمێر ١:٢٥ خولەکی پاشنیوەڕۆ، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتییانی مەدەنیی لەسەر ڕێگای خەلەکان – کانی وەتمان و بە دیارییکراوی لە نزیکی شارەدێی خەلەکانی سەربە شارۆچکەی دوکان لە پارێزگای سلێمانی کرد، لە ئەنجامدا باوکێک بە ناوی موزەفەر حسێن خدر عەولا ناسراو بە “موزەفەر مۆزۆ” و دوو کوڕی بە ناوەکانی محەمەد موزەفەر و موبین موزەفەر کە خەڵکی ناوچەی ناودەشت و دانیشتووی شارۆچکەی حاجیاوان لە هەرێمی ڕاپەڕین، گیانیان بەختکرد.
٥ی ئەیلوول: دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی لە گوندی هەرمێلەى سەربە شارۆچکەی چوارتا لە پارێزگای سلێمانی کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەدا ٣ کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵێک بوو و کانۆلای لە دەستدابوو، ناسنامەی یەکێک لە گیان بەختکردووەکان، بورهان سەعید شەریف بوو.
بێدەنگی ترس دروست دەکات
دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ٣ ڕۆژدا ٧ هاوڵاتی مەدەنی کردووتەوە ئامانج و گیانیان بەختکردووە، کە یەکێکیان منداڵە و کانۆلای لە دەستدا بووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێک لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی کاتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی دیکەوە نەدراوەتەوە. تەنانەت جیهان لە بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی گەلی کورد بێدەنگی خۆی دەپارێزێت.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢٣ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە
بەم ٣ کۆمەڵکوژییەی ئەم دواییە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، دەوڵەتی تورک ٢٣ هاووڵاتی لە باشووری کوردستان کردووەتە ئامانج و گیانیان بەختکردووە، لانیکەم ١٢ کەسیش بریندار بوون.