دەوڵەتی تورک لە ماوەی ٣ ڕۆژدا ٧ کەسی بە ئامانج گرتووە کە منداڵیشیان تیادایە

دەوڵەتی تورک لە ماوەی ٣ ڕۆژدا ٧ هاوڵاتی لە باشووری کوردستان کردووەتە ئامانج کە منداڵیشیان تیادایە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بە هاوکاری عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە بەردەوامە. دەوڵەتی تورک کە هێرشی لەشکرکێشی بۆ سەر ناوچەکە ئەنجام دەدات، لە ماوەی ٣ ڕۆژدا ٧ کەسی بە ئامانج گرتووە، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٢٣ کەس بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.

 

لە ماوەی ٣ ڕۆژدا ٧ هاوڵاتی گیانیان بەختکردووە

٣ی ئەیلوول: دەوڵەتی داگیرکەری تورک تۆپبارانی سنووری گوندی مێرگە حەوشی لە کوێستانی سنین لە شارۆچکەی سیدەکان کرد، بە هۆیەوە شوانکارێک بەناوی ” بەدیع کەمال محەمەد” لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٥ گیانی بەختکرد.

 

٤ی ئەیلوول: کاتژمێر ١:٢٥ خولەکی پاشنیوەڕۆ، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتییانی مەدەنیی لەسەر ڕێگای خەلەکان – کانی وەتمان و بە دیارییکراوی لە نزیکی شارەدێی خەلەکانی سەربە شارۆچکەی دوکان لە پارێزگای سلێمانی کرد، لە ئەنجامدا باوکێک بە ناوی موزەفەر حسێن خدر عەولا ناسراو بە “موزەفەر مۆزۆ” و دوو کوڕی بە ناوەکانی محەمەد موزەفەر و موبین موزەفەر کە خەڵکی ناوچەی ناودەشت و دانیشتووی شارۆچکەی حاجیاوان لە هەرێمی ڕاپەڕین، گیانیان بەختکرد.

 

٥ی ئەیلوول: دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی لە گوندی هەرمێلەى سەربە شارۆچکەی چوارتا لە پارێزگای سلێمانی کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەدا ٣ کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵێک بوو و کانۆلای لە دەستدابوو.

 

بێدەنگی ترس دروست دەکات

دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ٣ ڕۆژدا ٧ هاوڵاتی مەدەنی کردووتەوە ئامانج و گیانیان بەختکردووە، کە یەکێکیان منداڵە و کانۆلای لە دەستدا بووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێک لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی کاتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی دیکەوە نەدراوەتەوە. تەنانەت جیهان لە بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی گەلی کورد بێدەنگی خۆی دەپارێزێت.

 

لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢٣ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە

بەم ٣ کۆمەڵکوژییەی ئەم دواییە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، دەوڵەتی تورک ٢٣ هاووڵاتی لە باشووری کوردستان کردووەتە ئامانج و گیانیان بەختکردووە، لانیکەم ١٢ کەسیش بریندار بوون.