هێزە ئەمنییەکانی ئێران توندوتیژی بەرامبەر هاوڵاتیان بەکاردەهێنن
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە زیاتر ٨٠ شاری ئێران بەردەوامی هەیە و ڕژێمی ئێران هەوڵی کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان دەدات.

ناوەندی هەواڵ
پاش کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن دەوریەی ئیرشادی ئێرانەوە ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیان دەستیپێکرد سەرەتای خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و پاشان تەشەنەی سەند بۆ شارەکانی دیکەی ئێران و حکومەت بە توندی هەوڵی بە گژداچوونەوەی هاوڵاتیان دەدات.
ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئێران بەردەوامی هەیە و هێزە ئەمنییەکان هەوڵی کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان دەدەن، حکومەت چەندین ڕێکاری گرتوەتەبەر لەوانە: تەقە لە خۆپیشاندەران دەکرێت، چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان دەگیرێن و تا ئێستاش بەو هۆیەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.
بە پێی ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی تۆڕی مافی مرۆڤی خەڵک لە تویتەر، ئەو هەواڵانەی لە مەریوانەوە گەیشتووە و ئاماژە بەوە دەکەن کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە ئەمنییەکان بڵاوەپێکراوە و لە گەڕەکەکانی شارەکەدا بەدوای خۆپیشاندەراندا دەگەڕان و ماڵ بە ماڵ دەیانگرتن.