"هێرشی سەر ئازادیخوازان ترسی داگیرکەران ئاشکرا دەکات"

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی تیرۆر و شەهیدکردنی ناگیهان و ژینا ئەمینی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، کە جارێکی دیکە ڕووی ڕاستەقینە و ترسنۆکانەی دەسەڵاتداری پیاو کە لە بیر و ئیرادەی ژنانی ئازاد دەترسێت دەبینرێت.

شەنگال

 

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "TAJÊ" دوێنێ سەبارەت بە تیرۆر و شەهیدکردنی ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی ناگیهان ئاکارسەل و ژینا ئەمینی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، بەیاننامەکە لەلایەن وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوهام شەنگالی خوێندرایەوە، لەکاتی لێدوانەکە هەموو ژنان پۆستەری ناگیهان و ژینایان بەرز کردەوە، بە دروشمی "شەهیدان نامرن، ژن ژیان ئازادی" هاواریان بۆ ئازادی کرد و لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا ژنان لەچکەکانیان سووتاند.

 

"سیستمی پیاو هەرگیز ئیرادەو ئازادی ژن ناناسێت"

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە راگەیەندراوەکەیدا تیشکی خستە سەر سیستمی پیاوسالاری و ڕایگەیاند، کە سیستمی پیاوسالاری بە هیچ شێوەیەک ویست و ئازادیی ژن و کۆمەڵگا قبوڵ ناکات، تێیدا هاتووە: "هەزاران ساڵە لە مێژوودا، ژنان یان دایکان، ژیان و کۆمەڵگا بەڕێوەدەبەن، ٥ هەزار ساڵە پیاوی زاڵ و دڵڕەق و ستەمکاربە چەوساندنەوەی ژنان لە بنچینەدا کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی و یەکسان و دیموکراتی تێکداوەو چەوسێنەر، زاڵی و کۆیلایەتی سەپاندووە، لە ئامادەبوونیدا زوڵم و ستەم و زاڵبوون و کۆیلایەتی سەپێندرا بە کۆیلایەتی ژنان کۆمەڵگا هەمووی چووە ناو سیستمی کۆیلایەتی و کۆمەڵگا لە سروشتی خۆی لادرا،  بەتایبەتی دوای دامەزراندنی نەتەوەکان کۆیلایەتیش بەسەر زمان و نەتەوەو کۆمەڵگاکاندا سەپێندرا، نەتەوە- دەوڵەت بە هیچ شێوەیەک بوون و ئیرادەی کۆمەڵگا ناناسێتەوە پێش هەموو شتێک ژنان هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا بەو پێیە بەڕێوەدەبەن، وشیاریی دەسەڵاتدار لە کەسایەتی ژندا هێرش دەکاتە سەر هەموو کۆمەڵگا و هێرش دەکاتە سەر بەها و ڕەوشتەکانی کۆمەڵگا هیچ ڕۆژێک نییە کە سەدان ژن لە جیهاندا بە ناوی جیاوازەوە نەکوژرێن و توندوتیژی و هێرش و دەستدرێژیان لەسەر نەکرێت".

 

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە راگەیەندراوەکەیدا شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل یان شەرمەزارکرد، کە ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی بوو و هەروەها ناوێکی دیکەی شۆڕشگێڕانەی بە ناوی "زیلان" هەیە و بەشێوەیەکی دڕندانە لە شاری سلێمانی تیرۆر و شەهیدکرا، وتی: "بە تیرۆر و شەهیدکردنی ژنانی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ دەیانەوێت ئیرادەی ژنان بشکێنن، بەڵام با هەموو دوژمنانمان بزانن کە ناتوانن نە ئیرادەی ژنان و نە پێشەنگەکانی وەک زیلان بشکێنن".

 

"ناگیهان شۆڕشگێڕی بیروبۆچوونە ئازادەکان بوو"

تاژێ باسی لە ژیان و کەسایەتی ناگیهان کرد و وتی: "هەڤاڵ زیلان چەند جارێک پاش فەرمانی دامەزراندنی کلتوری ئێزدی لە بواری ژن ناسیدا هات بۆ شەنگال بە گەیشتنی بۆ شەنگال زۆر بە پەرۆش بوو، ئەو دەیویست کلتووری ڕەسەنی ژنان بکاتە میراتی هەموو ژنانی جیهان، زیلان بە بیرۆکەی ژنۆلۆژی بۆ ژنانی ئێزدی دەرکەوت، ئێمە وەک ژنانی ئێزدی دەمانەوێت بڵێین تێکۆشانی زیلان بۆ ژنان جێگەی خۆی لە دڵی هەموو ژنانی ئێزدیدا گرتووە بۆ ئێمە، زیلان ژنێکی دانا و پڕ رۆشنگەری بوو، زیلان زۆر وریا بوو لە بەهێزکردنی ناسنامەی ژنان و بۆ هێنانە دەرەوەی ژنان لە تاریکی ڕوناکی گەلێک، ئەو کەسایەتییەکی گەرم بوو بە خۆشەویستی و پڕ سۆزەوە خەباتی دەکرد، هەنگاوی زۆر گەورەی بۆ خەباتی ژنان دروستکردووە بەتایبەتی بۆ ژنانی ئێزدی هەموومان دەزانین کە دوژمنانی ئازادی ژن و گەلان، تۆڵەی خۆیان لە چالاکی سەرکەوتووانەی هەڤاڵ ساراو ڕوکەن  کە لە مێرسین کرا، زیلانی هاوڕێمانیان شەهیدکرد".

 

"کات کاتی پاراستنی شۆڕشی ژنانە"

تاژێ لە بەیاننامەکەیدا کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئیرانەوە هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، کە ژنان بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" مافی خۆیان بەدەست دەهێنن، " لە مانگی ڕابردودا ژنێکی گەنجی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ بە بیانوی ئەوەی کە لەچکی بەباشی نەکردبوو لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە ئەشکەنجە درا و پاش گیانی لەدەستدا، پاشان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی " ژن ژیان ئازادی" چوونە سەر شەقام و مەیدانەکان و کوشتنی ژینایان شەرمەزارکرد، ئەم ڕاپەڕینە ئێستا بۆ زۆر شوێن بڵاوبووەتەوە، ژنان بە بڕینی قژیان هەڵوێستی خۆیان نیشانداوە، لە ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژران و هەزارانیش دەستگیرکران، بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی ژنان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی خۆیان باجی قورسیان داوەو لە تێکۆشانی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهەمان شێوەیە".

 

"ئازادی ژن ئازادی کۆمەڵگایە"

ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە کۆتایی هات: "بە کوشتنی ناگیهان و ژینا ئەمینی، جارێکی دیکە ڕووی راستی و ترسنۆکانەی دەسەڵاتداریی سەریهەڵداوە ئەمە نیشانی دەدات کە ئەو چەندە لە هزر و ئیرادەی ژنانی ئازاد دەترسێت، ئێمە وەک ژنانی ئێزدی پشتیوانی خۆمان بۆ هەڵمەتی "کات کاتی پاراستنی شۆڕشی ژنانە" نیشان دەدەین و چارەسەری هەموو کێشەکانی کۆمەڵگا بەگەشەکردنی شۆڕشی ژنان ئەنجام دەدرێت، ژنان بە تێکۆشان و بەرخۆدان و ڕێکخستن و فراوانکردنی شۆڕشەکەیان ئەو سیستمە دەسەڵاتدار و فاشیستە کە لە کەسایەتی ژناندا دوژمنی هەموو نەتەوە و باوەڕ و کۆمەڵگاکانە دەڕوخێنێت، وەک رێبەر ئاپۆ وتویەتی، ئازادی ژنان ئازادی کۆمەڵگایە".