"پێویستە چینی کرێکار پێگەی خۆی بزانێت بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە"

دوازدە ژنە زیندانیی سیاسیی دەستبەسەرکراوی زیندانی ئەڤین بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە پەیامێکیان بڵاو کردەوە کە تیایدا جەختیان لەوە کردۆتەوە، کاتی ئەوە هاتووە چینی کرێکار لە ئێران پێگەی خۆی لە بواری کاردا بەدەست بهێنێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

چینی کرێکار لە ئێران بە مێژوویەکی پڕ لە ململانێی چینایەتیدا تێپەڕیووە، هەر بۆیە ژنانی زیندانیکراو پێیان وایە بۆ گەیشتن بە بە خواستەکانیان پێویستە کرێکاران پێگەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە ئاڕاستەی دادپەروەری و مرۆڤایەتی وەربگرێت.

 

١٢ زیندانی سیاسی ژن کە لە زیندانی ئەڤین دەستبەسەرکراون، وەک ناهید تەقی، مەسعود نەساجی، گۆڵرۆخ ئیرایی، ئەنیشا ئەسەدوڵڵا، هەستی عامری و ئەوانی دیکە، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، پەیامێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایانگەیاند، "چینی کرێکار لە ئێران بەشێکی دانەبڕاوە لە چینی کرێکار لە جیهاندا و خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژی خەباتی چینایەتییە"

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە ئەرکێکی گەورە لەبەردەم چینی کرێکار لە ئێراندایە و ئەرکی چینی کرێکارە کە پێگەی خۆی وەک چینێکی کۆمەڵایەتی بزانێت و کۆمەڵگە بە ئاراستەی گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی چەوساندنەوە و هەموو شتێک پێشبخات، بە تایبەت جیاکاری ڕەگەزی، دامەزراندنی ئازادی سیاسی و ڕێگریکردن لە لەناوبردنی ژینگە.

 

جەخت لەوە کراوەتەوە کە کاتی ئەوە هاتووە چینی کرێکار لە ئێران بەرز ڕاوەستێت و پێگەی خۆی لە مەیدانی ئەم خەباتە چارەنووسسازانەدا بەدەست بهێنێت، بەو  هیوایەی داهاتوویەکی گەش بۆ کرێکار بنیات بنرێت.