پاش ساڵێک حکومەت دەرماڵەی خوێندکاران دابەشدەکات

زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند، ئێستا خوێندکاران دەتوانن دەرماڵی مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو وەربگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

نووسینگەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند لە ئەمڕۆوە خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران دەستپێدەکات، خوێندکارانی دەرەوەی شاریش دەتوانن لەگەڵ دەرماڵەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ وەریبگرن.

 

ئەمڕۆ دووشەممە، نووسینگەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند، خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی ئاگادار دەکەین لە ئەمڕۆوە دەرماڵەی ڕۆژانی دەوامکردنی مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٢ خەرج دەکرێت.

 

داواشی لە خوێندکاران کرد، بە مەبەستی وەرگرتنی دەرماڵەکانیان سەردانی ھۆبەی ژمێریاری کۆلێژەکانیان بکەن، لەو کاتانە و بەو مەرجانەی کۆلێژەکانیان ڕایدەگەیەنن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە: " لەبەر بەرژەوەندی خوێندکارانی دەرەوەی شار و لەسەر داواکاری خوێندکاران خۆیان کە بڕی دەرماڵەکە بەشی خەرجی ھاتووچۆیان ناکات، کار ئاسانیان بۆ دەکرێت کە دەتوانن لە داھاتوودا لەگەڵ پێدانی دەرماڵەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ ئەم دەرماڵەیە وەربگرن."

 

دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ بە برێکی کەم یارمەتی دابینکردنی پێداویستییەکانیان دەدات بە درێژایی ماوەی خوێندن، هاوکات پاش چەندین ساڵ لە بڕینی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ، حکومەت لەدوای خۆپیشاندان و بایکۆتی خوێندکاران دووبارە بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵەی دایەوە، بەڵام وێڕای قەیرانە ئابوورییەکان و گوزەرانی سەختی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، حکومەت دەرماڵەی خوێندکاران دوادەخات و پاش ساڵێک خوێندکاران دەتوانن دەرماڵەی ساڵی ڕابردوویان وەربگرن.