خواردنی زیانبەخش سیستمی خەو تێکدەدات بە گۆڕینی چالاکییەکانی مێشک

ئەو کەسانەی کە ڕێجیمی چەوری و شەکریان تاقیکردەوە، لە قووڵترین قۆناغی خەوتنیاندا تووشی تێکچوونی چالاکیی کارەبایی مێشک بوون، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەو خۆراکانە کوالیتی خەویان کەمکردووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

خواردنی ڕێجیمێک کە ڕێژەیەکی زۆر چەوری و شەکری تێدایە ڕەنگە کوالیتی خەو کەم بکاتەوە بەهۆی تێکەڵکردنی چالاکیی کارەبایی مێشک لە کاتی خەوێکی قووڵدا.

 

کاتێک دەخەوین، چالاکیی کارەبایی مێشکمان خاو دەبێتەوە، ئەو شەپۆلانەی مێشکی فرێکوێنسی بەرزتر کە لە کاتی بەئاگابوونماندا زاڵن کە پێیان دەوترێت شەپۆلی بێتا، وردە وردە بە شەپۆلەکانی فرێکوێنسی نزمتر دەگۆڕدرێن کە پێیان دەوترێت شەپۆلی دێڵتا.

 

قووڵترین و چاکترین قۆناغی خەو  کە پێی دەوترێت خەوی شەپۆلی خاو زۆرترین ڕێژەی شەپۆلی دێڵتای هەیە، بە شێوەیەکی گشتی لە نیوەی یەکەمی شەودا ڕوودەدات و ڕێگە بە جەستە دەدات خۆی چاک بکاتەوە و یادەوەرییەکان چەسپێنێت.

 

جۆناسان سیدێرنێس لە زانکۆی ئۆپسالا لە سوید و هاوکارەکانی کاریگەرییەکانی خۆراکی چەوری زۆر و شەکریان لەسەر شێوازی ڕۆژئاوایی لەسەر خەوی شەپۆلی خاو لە ١٥ کەسدا تاقیکردەوە کە تێکڕای تەمەنیان ٢٣ ساڵە.

 

ئەو کەسانە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆ ماوەی یەک هەفتە ڕێجیمێکی چەوری زۆر و شەکری زۆر یان ڕێجیمێکی کەم چەوری و کەم شەکر دیاریکرابوون، پاشان بۆ ماوەی شەوێک لە تاقیگەیەکدا خەوتوون کە کاپێکی ئەلکترۆئێنسفالۆگرافیان لەبەردا بووە بۆ تۆمارکردنی چالاکییە کارەباییەکانی مێشکیان، دوای پشوویەکی چەند هەفتەی، گۆڕاون بۆ ڕێجیمەکەی تر و توێژینەوەکەیان لە تاقیگەی خەودا دووبارە کردەوە.

 

لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا بۆیان دەرکەوتووە کە جۆری خواردنەکان کاریگەری لەسەر چالاکی کارەبایی مێشک و خەوی تەندروستی ئەو کەسانە دەبێت.