عێراق لە پلەی چوارەمی بەرهەمهێنەری نەوتدایە لە جیهان و یەکێکە لە وڵاتە هەژارەکان

عێراق چوارەم وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە ساڵی ٢٠٢٢، بە تێکڕا ڕۆژانە ٤.٤٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە و ڕێژەیەکی پێوانەیی لە فرۆشتنی نەوتدا بەدەستهێناوە و داهاتەکەی ١١٥.٦٥٧ ملیار دۆلار بووە، بەڵام بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی لە هێڵی هەژاریدا دەژین.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئاماری یاهوو فاینانس، عێراق چوارەم وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە لە ساڵی ٢٠٢٢، عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢ بە تێکڕا ڕۆژانە ٤.٤٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە و ڕێژەیەکی پێوانەیی لە فرۆشتنی نەوتدا بەدەستهێناوە و داهاتەکەی ١١٥.٦٥٧ ملیار دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١ دا  ٧٥.٦ ملیار دۆلار بووە.

 

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی بەرهەمی نەوتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢، دەرەنجامەکانی ململانێی ڕووسیا و ئۆکرانیا بوو، زۆرینەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەم وڵاتە لە پارێزگای بەسرەیە لە باشووری عێراق و پارێزگای کەرکوک لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

 

ئەمریکا بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا ١١.٩ ملیۆن بەرمیل پێشەنگی بەرهەمهێنەری نەوتی جیهان بوو، ڕووسیا بە ١٠ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار بەرمیل ڕۆژانە نەوتی خاو لە پلەی دووەم دێت و سعودیەش بە ١٠ ملیۆن و ٥٩ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.

 

سەرباری ئەوەی عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی هەیە بەڵام یەکێکە لە وڵاتە هەژارەکان و دانیشتووانەکەی لە دۆخێکی سەختدا دەژین.

 

سەرەڕای چەندین ناڕەزایەتی کە خەڵکی ناوچەکە لە ڕابردوودا ئەنجامیانداوە، بەڵام بانگەوازەکانیان بۆ ژیانێکی باشتر بێ وەڵام ماونەتەوە و ئەمەش توڕەیی زیاتری لەنێو دانیشتوانی ناوچەکەدا دروستکردووە، کەڵەکەبوونی پاشماوە و ئاوی پیس بووەتە واقیعێکی ڕۆژانە و خێزانەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە منداڵەکانیان لە کاتی وەرزی زستاندا کاتێک دەچنە قوتابخانە بە قوڕدا بڕۆن.

 

ڕێژەی هەژاری عێراق پێش پەتای کۆرۆنا نزیکەی ٪٢٠ بوو بەڵام یونیسێف لە تەمموزی ساڵی ٢٠٢٠ هۆشداری دا کە ٪١١.٧ی دیکەی عێراقییەکان مەترسی هێڵی هەژارییان لەسەرە بەهۆی سەختی ئابووری زیاتر کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دروست بووە.