ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان: ٦ ملیۆن منداڵ لە یەمەن پێویستیان بە هاوکاری پەروەردەیی هەیە

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایدەکات، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە نزیکەی دوو هەزار و ٤٢٤ خوێندنگە لەناوچوون، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کوالیتی خوێندن هەبووە.

 

ناوەندی هەواڵ

 

سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، زیاتر لە چوار ملیۆن کچ و کوڕ لە یەمەن ئاوارەبوون، ئەمەش وایکردووە لە خوێندن داببڕدرێن، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە نزیکەی دوو هەزار و ٤٢٤ خوێندنگە لەناوچوون، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کوالیتی خوێندن هەبووە.

 

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتە نوێیەکەیدا بەناوی "کردەوەی مرۆیی بۆ منداڵان لە یەمەن" ڕایگەیاند، زیاتر لە ٦ ملیۆن کچ و کوڕ لە تەمەنی خوێندندا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا پێویستیان بە پاڵپشتی پەروەردەیی دەبێت، نزیکەی ٦.٢ ملیۆن منداڵ لەو وڵاتەدا دەژین، لەهەر چوار منداڵێک یەکێکیان لە خوێندن بێبەش بوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە چوار ملیۆن منداڵی تەمەنی خوێندن لە خوێندن دەرچوون، سیستمی پەروەردەش بەدەست ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن دەناڵێنێت کە تا ٤٤% پەیوەندی بە کاری منداڵانەوە هەیە، لە ئەنجامدا پڕۆسەی خوێندن لە یەمەن کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بووە لە ململانێی بەردەوام لە وڵاتەکەدا کە ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە بەردەوامە.

 

ونیسێف پشتڕاستی کردەوە کە ٢٤.٥ ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات، کە نزیکەی ١٢%ی کۆی بانگەوازی پێویست بۆ وەڵامدانەوەی مرۆیی لە یەمەن بۆ ساڵی ٢٠٢٥، بۆ پشتگیریکردنی پەروەردە.