ڕاپۆرت: ئێران و ئەفغانستان بەردەوامن لە فشارەکانیان بۆ سەر ژنان
ئاژانسی هەواڵی ژنانی ئەفغان و ڕێکخراوی دەنگی ژنانی ئێران لە ڕاپۆرتێکی تایبەتیاندا سەبارەت بە بەردەوامی سەرکوتەکانی تایبەت بە باڵاپۆشی زۆەملێ لە ئەفغانستان و ئێران دەڵێن: فشارەکان بۆسەر ژنان بەردەوامن.
ناوەندی هەواڵ
ئاژانسی هەواڵی ژنانی ئەفغان و ڕێکخراوی دەنگی ژنانی ئێران لە ڕاپۆرتە تایبەتەکانیاندا سەبارەت بە بەردەوامی سەرکوتەکانی تایبەت بە باڵاپۆشی زۆەملێ لە ئەفغانستان و ئێران ئاماژەیان بەوەکردووە، لە نوێترین شەپۆلی سەرکوتکارییەکاندا، هێزەکانی تاڵیبان لە شاری هەراتی ئەفغانستان ١٠ ژنیان بە تۆمەتی “پابەندنەبوون بە حیجابی زۆرەملێ” دەستبەسەر کردووە و باس لەوەشکراوە ئەو ژنانە پێش دەستبەسەرکردنیان لە بەرچاوی خەڵکدا سووکایەتییان پێکراوە و لێیان دراوە.
هاوکات لە ئێراندا، ڕژێمی ئێران ١٠ کافێ و قاوەخانە بەهۆی “پابەندنەبوون بە حیجابی زۆرەملێ” داخست و دۆسییەی دادوەری بۆ خاوەنەکانیان کردووەتەوە، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەراناش، لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا ١٩١ یەکەی پیشەیی بەهۆکارەکانی وەک پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی زۆرەملێ داخراون.
ئەم ڕەوتە هاوشێوەیەی هەردوو وڵات بە سەرکوتکاری لەقەڵەم دەدرێت و پڕۆسەی چاودێری و سزادانی بەکۆمەڵیان بە توندی دەستپێکردووە، تاوەکو ڕێگری لەوە بکرێت کە ژنان بەبێ باڵاپۆشیی زۆرەملێ لە شوێنە گشتییەکاندا دەرنەکەون.