ڕاپۆرت: ساڵی ٢٠٢٤ یەکێکە لە خراپترین ساڵەکان بۆ ڕۆژنامەنووسان

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاپۆرتێکدا پشتڕاستی کردەوە، ساڵی ٢٠٢٤ ساڵێکی خوێناوی بوو، چونکە ١٠٤ ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون کە زیاتر لە نیوەیان لە کەرتی غەززە کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو شەڕەی کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لەنێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، زیانێکی بێوێنەی بە ڕۆژنامەنووسان گەیاندووە، هەندێکیان لە کاتی کارکردندا کوژراون و بەشێکی دیکەشیان لەگەڵ تەواوی بنەماڵەکانیان کوژراون.

 

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاپۆرتێکدا ئەمڕۆ ١٠ی کانوونی یەکەم بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٤ ساڵێکی خوێناویی تایبەت بووە، بەو پێیەی ١٠٤ ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون، کە زیاتر لە نیوەیان لە کەرتی غەززە بوون، کە شایەتحاڵی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بووە لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دوای ئەوەی یەکێتییەکە لە ساڵی ٢٠٢٣دا کوژرانی ١٢٩ ڕۆژنامەنووسی هەژمارکرد، سکرتێری گشتی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٤بە یەکێک لە خراپترین ساڵەکان دادەنرێت بۆ پیشەگەرەکانی ڕاگەیاندن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە سەرەتای شەڕی کەرتی غەززەوە ژمارەی کوژراوانی ڕۆژنامەنووس ١٣٨ کەس کەمتر نەبووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٥٥ کەسی پسپۆڕی ڕاگەیاندن کوژراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستین دەکرێنە ئامانج، مەترسیدارترین ناوچەکانی مێژووی ڕۆژنامەگەرییە لە دوای عێراق و مەکسیک و فلیپین.

 

شەڕی غەززە زیانێکی بێوێنەی بە دەزگای ڕۆژنامەوانی فەلەستینی لە غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا گەیاند، بەو پێیەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی لەناوبردنی ٨٨ دامەزراوە، دەستگیرکردن و برینداربوونی دەیان ڕۆژنامەنووس و کوژرانی زیاتر لە ١٧٠ ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاند کە هەندێکیان لەگەڵ خێزانەکانیان مردوون.

 

سکرتێری گشتیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە لێدوانێکدا لەسەر ئەم ژمارانە ڕایگەیاند کە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لە کەرتی غەززە "بە ئەنقەست ئەنجام دەدرێت"، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە بەهۆی کردەوەی شەڕەوە دەکوژرێن و هەندێکی دیکەش لە شوێنی هەڵەدان لە کاتێکی هەڵەدا.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە دووەم ناوچە مەترسیدارە بۆ ڕۆژنامەنووسان لەدوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن، کە ژمارەی گیانلەدەستدان لەمساڵدا گەیشتووەتە ٢٠ ڕۆژنامەنووس ٦یان لە پاکستان کوژراون و ٥یان لە بەنگلادیش و ٣یان لە هیندستان گیانی لەدەستداوە، هەروەها ئەو شەڕەی لە ئۆکرانیا ڕوودەدات ژمارەیەکی زۆر قوربانیی لە نێو ڕۆژنامەنووسانی کیشوەری ئەوروپادا لێکەوتەوە، چونکە لە ساڵی ٢٠٢٤دا چوار ڕۆژنامەنووس کوژراون، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١٣ ڕۆژنامەنووس و لە ساڵی ٢٠٢٣دا چوار ڕۆژنامەنووس کوژراون.

 

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان زیندانییکردنی ٥٢٠ ڕۆژنامەنووسی لە سەرانسەری جیهان لە ساڵی ٢٠٢٤ راگەیاند، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣کە ٤٢٧ڕۆژنامەنووس و ساڵی ٢٠٢٢کە ٣٧٥ڕۆژنامەنووس بووە.