”ڕاگەیاندنی ئازاد ڕاستی دەپارێزێت بەڵام باڵادەست دەیەوێت ژنان بێدەنگ بکات”
ئەمەل محەمەد، وتەبێژی یەرەژە ڕایگەیاند، ڕاگەیاندنی ئازاد ڕاستییەکان ڕووناک دەکاتەوە و دەستکەوتەکانی ژنان بەڵگە دەکات، لە ڕۆژئاوای کوردستان ژنە ڕۆژنامەنووسەکان بە پێنوس و کامێراکانیان نیشانیان داوە کە بەڵگەنامەکردنی ڕاستییەکان بەرپرسیارێتییە.
نەغەم چاچان
قامیشلۆ- دەسەڵاتداری تەنها بە کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنان سنووردار نابێت، بەڵکو هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر تەواوی هۆشیاریی کۆمەڵگەش دابنێت، لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، شکاندنی بێدەنگی و پاراستنی مافەکانی ژناندا زۆر گرنگە، ئەمەش پێویستیی کارکردن لە ڕاگەیاندنی ئازاد، هۆشیاری و دابینکردنی ڕێگاکانی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە بەرامبەر فشار و هەڕەشەکاندا دەخاتە ڕوو.
ئەمەل محەمەد، وتەبێژی یەرەژە، سەبارەت بە کاریگەریی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتدار کە لە ڕێگەی جەستەی ژنەوە لەسەر کۆمەڵگە دروستی دەکات، وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.
ڕاگەیاندنی دەسەڵاتدار چۆن لە ڕێگەی جەستەی ژنەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دادەنێت؟
ڕاگەیاندن لە دروستکردنی هۆشیاریی کۆمەڵگە، بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان و گواستنەوەی دەنگی گەلدا، خاوەنی ڕۆڵێکی بنەڕەتییە، پێویستە ڕاگەیاندنی ئازاد ببێتە ئامرازی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، گێڕانەوەی ئازارەکانی گەل و پاراستنی بەهاکانی کۆمەڵگە، بەڵام کاتێک ڕاگەیاندن دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدارییەوە، لە ئامانجە بنەڕەتییەکەی دوور دەکەوێتەوە و دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی هۆشیاریی کۆمەڵگە، گۆڕینی ڕاستییەکان و هێنانەدیی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدار.
ڕاگەیاندنی دەسەڵاتدار لە ڕێگەی جەستەی ژنەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دادەنێت
لە مەودای ئەم چوارچێوەیەدا، ڕاگەیاندنی دەسەڵاتدار بە تایبەتی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی جەستەی ژنەوە کاریگەری لەسەر هۆشیاریی کۆمەڵگە دابنێت، بە بڵاوکردنەوەی دیمەن، وێنە و ناورۆکگەلێک کە جەستەی ژن دەکەنە بابەتێکی سەرەکی، ژن لە کەسایەتییەکی خاوەن هۆشیاری، ئیرادەی ئازاد و ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتییەوە دەگۆڕێت بۆ شتێک کە تەنها لەسەر بنەمای ڕوخسار، جوانکاری و ئەو پێوەرانەی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتدار دیارییان دەکات هەڵدەسەنگێندرێت، بەم شێوەیە، جەستەی ژن لە بوونێکی خاوەن ماف و بڕیاردان جیادەکەرێتەوە و دەبێتە ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی سەرنج، بازرگانی و کۆنترۆڵکردنی هۆشیاری.
ئازادی لە واتا قووڵەکەی بەتاڵ دەکرێتەوە
ئەم سیاسەتەی ڕاگەیاندن تەنها بە ڕۆڵی ژنانەوە سنووردار ناکرێت، بەڵکو لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات تێگەیشتنی ئازادی، ناسنامە و بوونی ژنان بکاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، لە لایەکەوە کاتێک ژن داوای ئازادی، ناسنامە، کولتوور و مافەکانی خۆی دەکات، ئەمە وەک مەترسییەک لە دژی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداری دەبینرێت. لە لایەکی ترەوە، ئازادییەکی تاکەکەسی کە لە بەها کۆمەڵایەتییەکان و تێکۆشانی هاوبەش دابڕاوە، بە ناوی ئازادیی ژنانەوە پێشکەش دەکرێت، بەم شێوەیە ئازادی لە واتا قووڵەکەی خۆی کە پێکهاتووە لە هۆشیاری، بڕیاردان، ماف و سەربەخۆیی بەتاڵ دەکرێتەوە و دەبەسترێتەوە بە شێوازی ژیانەوە.
ئەم تێگەیشتنە ئازادی بە ڕوخسارەوە سنووردار دەکات
یەکێک لە ڕێگاکانی ئەم سیاسەتە بریتییە لە برەودان بە ڕووتکردنەوەو پێشکەشکردنی ژن وەک پێوەرێکی ئازادی، بە ژن دەوترێت هەرچەندە زیاتر جەستەی خۆی نیشان بدات و خۆی لەگەڵ ئەو پێوەرە دیاریکراوانەدا بگونجێنێت، ئەوەندە ئازادترە، بەڵام ئەم تێگەیشتنە ئازادی تەنها بە ڕوخسارەوە سنووردار دەکات و پرسیارە بنەڕەتییەکانی وەک ماف، ئاسایش، سەربەخۆیی ئابووری و بەشداریی ژنان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا پشتگوێ دەخات، ئازادیی ژن نە لە ڕووتبوونەوەدایە و نە لە جێبەجێکردنی ئەو پێوەرانەی کە لەلایەن ڕاگەیاندنەوە دەسەپێندرێن، بەڵکو ئازادی لەوەدایە کە مافی هەبێت بەبێ زۆرداری و بەبێ سەپاندن بڕیارەکانی خۆی بدات و ژیانی خۆی بە ئیرادەی خۆی بەڕێوە ببات.
بۆ گەنجان خەیاڵێک دروست دەکرێت
هەروەها ئەم بابەتە دەتوانێت کاریگەری لەسەر گەنجانیش دابنێت، بەتایبەتی کاتێک لەسەر ڕاگەیاندنی دیجیتاڵی بە بەردەوامی وێنە و دیمەنگەلێک بڵاودەکەکرێنەوە کە ئازادی بە ڕوخسار و توانای ڕاکێشانی سەرنجەوە دەبەستنەوە، لە ڕێگەی ئەم شتانەوە، بۆ گەنجان خەیاڵێک دروست دەکرێت کە ئازادی تەنها لە خۆنمایشکردن و جێبەجێکردنی ئەو پێوەرانەدایە کە لەلایەن ڕاگەیاندنەوە دیاری دەکرێن، ئەمەش دەکرێت هۆشیاریی ڕەخنەیی لاواز بکات، سەرنجی گەنجان لە کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە دوور بخاتەوە و هەروەها لە هەڵسەنگاندن و پاراستنی ناسنامەی خۆیان بێبەشیان بکات.
ئەمە تەنها کاریگەری لەسەر هۆشیاریی تاکەکان دانانێت
لە هەمان کاتدا، کاتێک سەرنج و بیری ژنان بە بابەتەکانی ڕوخسار، جوانکاری و ئەو پێوەرانەی کە لە دەرەوە دەسەپێندرێن سەرقاڵ دەکرێت، کێشە بنەڕەتییەکانی ژنان، وەک توندوتیژی، زۆرداری، جیاکاری و پێشێلکاریی مافەکان بە پەراوێزی دەمێننەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر هۆشیاریی تاکەکان دانانێت، بەڵکو دەکرێت ببێتە هۆی لاوازبوونی تێکۆشانی هاوبەشی ژنان و دوورخستنەوەی سەرنجی کۆمەڵگە لە کێشە بنەڕەتییەکان.
چونکە ژنانی خاوەن هۆشیاری و یەکێتی دەتوانن لە بەرامبەر زۆرداریدا بوەستنەوە
کاتێک یەکێتیی ژنان بەهێز دەبێت و ژنان پێکەوە داوای ماف، ئازادی و بوونییان دەکەن، برەودان بە ئازادیی تاکەکەسیی دابڕاو لە تێکۆشانی هاوبەش دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ لێکدابڕان و پارچەکردنیان. چونکە ژنانی خاوەن هۆشیاری و یەکێتی دەتوانن لە بەرامبەر زۆرداریدا بوەستنەوە، مافەکانی خۆیان بپارێزن و ڕەخنە لە سیستەمی دەسەڵاتداری دژی ئازادییەکانیان بگرن، لەبەر ئەمەش، پاراستنی یەکێتی و گەشەپێدانی هۆشیاریی ژنان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان زۆر گرنگە.
ڕاگەیاندن دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت لە دروستکردنی هۆشیارییەکی ئازاددا
لە ڕاستیدا ژن یەکێکە لە هێزە بنەڕەتییەکانی پاراستنی بوون، زمان، کولتوور و بەهاکانی کۆمەڵگە، لەبەر ئەمەشە هەر هەوڵێک کە بیەوێت ژن لە ناسنامە، مێژوو و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی دوور بخاتەوە، کاریگەری لەسەر داهاتووی کۆمەڵگەش دادەنێت ڕاگەیاندن دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بپێڕێت لە دروستکردنی هۆشیارییەکی ئازاد، پاراستنی ڕاستییەکان و بەرزکردنەوەی دەنگی ژناندا، بەڵام هەمان ئامراز کاتێک بۆ بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداری بەکار دەهێنرێت، دەکرێت ببێتە هۆی داپۆشینی ڕاستییەکان، گۆڕینی واتای ئازادی و لاوازکردنی هۆشیاریی کۆمەڵگە.
چونکە ژن ئامرازێک نییە بۆ بازرگانی
لەبەر ئەمەش، ئەرکی ڕاگەیاندن ئەوەیە کە تەنها وێنە و دیمەنەکان بڵاو نەکاتەوە، بەڵکو ڕاستییەکان ئاشکرا بکات، هۆشیاریی کۆمەڵگە بەهێز بکات، کێشەکانی ژنان بخاتە ڕوو و لە بەرامبەر هەر جۆرە بەکارهێنانێکی جەستەی ژن وەک ئامرازێکی بەرژەوەندی بوەستێتەوە. چونکە ژن نە ئامرازێکە بۆ بازرگانی و نە ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە، بەڵکو خاوەنی ناسنامە، ئیرادە، هۆشیاری و مافە.
ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافی ژناندا چەندە گرنگە؟
ژنانی ڕۆژنامەنووس کاتێک ئازار و مەینەتییەکانی ژنان دەبینێت و بەڵگەداریان ناکات، ئەو کاتە دەبێت پێنووس و کامێراکەی دابنێت، چونکە ئێمە بەڵێنمان داوە کە پێشێلکارییەکانی ماف، سەختی و زۆردارییەک کە لە دژی ژنان دەکرێت، هەروەها ئەو ئازار و مەینەتییانەی ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵگەدار بکەین و ڕاستییەکان بگەیەنینە کۆمەڵگە.
ژنان دەڕفێندران و سەری گەنجان دەبڕدرا
لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئێمە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەستمان بە ڕۆژنامەنووسی کرد، کاتێک داعش هێرشی دەکرد، ژنان دەڕفێندران و سەری گەنجان دەبڕدرا، لەو سەردەمە ئاڵۆز و سەختانەدا، بەڵگەدارکردنی ئەم کردەوە قێزەونانە و گواستنەوەی ڕاستییەکان ئەرکێکی گرنگ و بەرپرسیارێتییەکی گەورە بوو.
مێژوو بەهۆی بێدەنگیمانەوە لێمان خۆش نابێت
لەوانەیە لە جەنگەکانی دواییدا هەندێک ڕاستی بۆ کۆمەڵگە سەخت و بڕوانەکراو دەربکەون، بەڵام ئەگەر ئێمە بەڵگەداریان نەکەین و نووسینیان لەسەر نەکەین، مێژوو بەهۆی بێدەنگیمانەوە لێمان خۆش نابێت. لەبەر ئەمەش، بڕوای من وابەستەی ئەوەیە کە پێویستە بە پێنووسەکانمان ڕاستی بنووسین و بە کامێراکانمان بەڵگەداری بپێوین.
پێویستە ئێمەش لەوێ بین و ببینە دەنگی ژنان
هەر هەنگاوێک و هەر ساتێک، لە هر شوێنێک ژنان ڕووبەڕووی زۆرداری، پێشێلکردنی مافەکان یان ئازار و مەینەتی ببنەوە، پێویستە ئێمەش لەوێ بین و ببینە دەنگی ژنان، چونکە ئێمە بەڵێنمان داوە کە دەبینە دەنگی ژنان، پێویستە نەک تەنها بە قسە ئەم بەڵێنە بپارێزین، بەڵکو بە بەڵگەدارکردنی ڕاستییەکان و گواستنەوەی دەنگیان جێبەجێی بکەین.
لە نێوان ڕاگەیاندنی دەسەڵاتدار و ڕاگەیاندنی ئازاددا، چی جیاوازییەک لە ڕوانگەیان بەرامبەر بە ژنان هەیە؟
ڕاگەیاندنی دەسەڵاتدار ژن وەک شتێک بۆ ڕوخسار و بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکار دەهێنێت، بەڵام ڕاگەیاندنی ئازاد بوون، بیر و تێکۆشانی ژنان دەخاتە ڕوو، بێگومان لە ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشێکی ژنان ڕووی دا و ئێمە لە هەر هەنگاو و هەر ساتێکدا لەگەڵ ژناندا ڕۆیشتین، دەنگیانمان بەرز کردەوە و دەستکەوتەکانیانمان بەڵگەدار کرد.
ڕاگەیاندنی ئازاد هێز و ئیرادەی ژنان دەخاتە ڕوو
ڕاگەیاندنی دەسەڵاتدار هەمیشە جەستەی ژن وەک ڕیکلام بەکار دەهێنێت، بەڵام ڕاگەیاندنی ئازاد بیر، هۆشیاری، هێز و ئیرادەی ژنان دەخاتە ڕوو، ئەو ژنەی کە بە هۆشیاریی خۆی دەژێت، لە ژیانی کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت و بۆ هێنانەدیی گۆڕانکارییەکان تێدەکۆشێت.
پێشکەشکردنی ژن تەنها وەک ڕوخسارێک
جەوهەری ژن لە بیرکردنەوەی ئازاد، لە ئیرادەی سەربەخۆ و لە هێزی ئافراندنی گۆڕانکارییەکاندایە، پێشکەشکردنی ژن تەنها وەک ڕوخسارێک، لە بوون و ڕاستیی خۆی دووری دەخاتەوە، لەبەر ئەمەش، ئەرکی ڕاگەیاندنی ئازاد ئەوەیە کە ڕاستیی کەسایەتی، تێکۆشان و ڕۆڵی ژن لە گۆڕینی کۆمەڵگەدا نیشان بدات.
ڕاگەیاندنی ئازاد دەرفەت بە ژنان دەدات بە دەنگی خۆیان بدوێن
ڕاگەیاندنی دەسەڵاتدار هەوڵ دەدات فێری ژنانی بکات چی بڵێن و چۆن لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ئەواندا قسە بکەن، بەڵام ڕاگەیاندنی ئازاد دەرفەت بە ژنان دەدات بە دەنگ، بیر و لە ناخی دڵیانەوە بدوێن، ڕاستییەکانی خۆیان بگێڕێنەوە و بەبێ ترس و فشار بوونی خۆیان دەرببڕن.
ڕۆژنامەنووسی تەنها پێشەیەک نییە
بێگومان ڕۆژنامەنووسی تەنها پێشەیەک نییە، بەڵکو لە هەمانکاتدا بەرپەرسیارێتییەکە بۆ پاراستنی ڕاستییەکان و گواستنەوەی دەنگی ئەو کەسانەی کە دەکرێت بێدەنگ بپێورێن. هەر کەسێک دڵی بۆ ڕاستی لێ بدات، دەتوانێت لەم ڕێگەیەدا بڕوات، بەڵام ڕۆژنامەنووسێکی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە بە هۆشیاری، بەرپرسیارێتی و ئازایەتییەوە ڕاستییەکان بەڵگەدار دەکات و لە بەرامبەر بێدەنگکردنی ڕاستییەکاندا دەوەستێتەوە.
ڕۆژنامەنووسانی ژن چۆن دەتوانن خۆیان لە فشارو هێرشەکانی سەر کارەکانیان بپارێزن؟
پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە بەرامبەر سەختی و مەترسییەکاندا زۆر گرنگە، لە پرۆسەی خۆبەڕێوەبەریدا، مەرجەکانی ئاسایش دەرفەتیان بە ڕۆژنامەنووسان دا کە کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن و ڕاستییەکانی مەیدانی ڕووداوەکان بەڵگەدار بکەن، بەڵام؛ زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان لە پێناو ئاشکراکردنی ڕاستیی ڕووداوەکان، گەیاندنی دەنگی گەلەکەیان و پاراستنی دەستکەوتەکانی ژناندا کاریان دەکرد، کرانە ئامانج و هەروەها گەیشتنە ئاستی شەهیدبوون، ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر ڕۆژنامەنووسان تەنها ئامانجیان بێدەنگکردنیان نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەن ڕاستی بشارنەوە و دەنگی گەل بێدەنگ بکەن.