دایکی دەنیز پۆیراز: ژینا وەک دەنیز لەلایەن دەوڵەتەوە کوژرا

دایکە فەهیم پۆیراز ئاماژەی بەوەکرد کە ژینا ئەمینی لە ئێران وەک دەنیز پۆیرازی کچی لە لایەن دەوڵەتەوە کوژراوە، جەختیکردەوە کە دەمارگیری بەرامبەر بە ژنانی هۆشیاری کورد هەیە و داوای لە ژنان کرد تێکۆشان بکەن.

مەدینە مامەدئۆغڵۆ

 

ئیلح- لەگەڵ زیادبوونی کاردانەوەکان لە بەرامبەر کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، ژنان لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" نارەزایەتی دەردەبڕن، ژنانی کورد کە داوای پشتگیری لە تێکۆشانی ژنان دەکەن، داوای یەکگرتنیان کرد.

 

"ژینا وەک دەنیزی کچی منە"

یەکێک لەو کەسانەی کاردانەوەی بۆ کوشتنی ژینا ئەمینی دەربڕیوە، فەهیم پۆیرازی دایکی دەنیز پۆیرازە، کە ساڵی ڕابردوو لە شارەوانی ئیزمیری پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لەلایەن ئۆنور گەنجەر کوژرا، دایکە فەهیم، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە ژنانی کورد بەهۆی هۆشیاربوونەوە و داوای ئازادی کۆمەڵکوژکراون، بە دەربڕینی سەرەخۆشی لە خانەوادەی ژینا ئەمینی دەستی بە قسەکانی کردو وتی: "زوڵم و زۆرداری لەسەر ژنان هەیە، ئێمە ئیدانەی ئەو کەسانە دەکەین کە ئەم کارەیان کردووە ژن زۆر دەکوژرێت بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ژنان بەرگری دەکەن و سەریان بەرز کردووەتەوە بۆیە ژنان ئەشکەنجە دەدەن، ئێمە نامانەوێت ژن بکوژرێت، هەزاران ژنی وەک ژینا ئەمینی و دەنیز پۆیراز دەکوژن".

 

"ژن لەلایەن دەوڵەتەوە دەکوژرێت"

فەهیم پۆیراز ئاماژەی بەوەکرد کە هەزاران ژن وەک دەنیز پۆیراز و ژینا ئەمینی لەلایەن دەوڵەتەکانەوە کوژران و وتی: " ئەم کوشتنانە بە یەکگرتن و یەکڕیزی ژنان کۆتاییان دێت، هەتا ژنان بەرگری بکەن و تێبکۆشن دەتوانین دژی ئەو کۆمەڵکوژییانە بوەستینەوە بەسە با چیتر ژنان نەکوژرێن، وەک ژنانی کورد با ڕابوەستین و لە کوشتنی ئێمە بوەستن، ژن ژیان دروست دەکات، با تێبکۆشین بۆ ئەوەی ئەم ژیانە ون نەبێت، هەموو ئەو ژنانەی کە کوژراون وەک دەنیزن، ئەم ژنانە ئاگاییان هەیە و ژنی کوردن".