٩٣٪ ژنانی سودان لە دۆخێکی نائارامیدا دەژین

فابریزیا فالسیۆنە، نوێنەری سندووقی دانیشتووانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سودان ڕایگەیاند، بەهۆی نەبوونی خزمەتگووزاری تەندروستی ٩٣٪ ژنانی ئەفغانستان، هەست بە نائارامی دەکەن، دیاردەی هاوسەرگیری پێشوەختە و گیانلەدەستدانی کۆرپەلە زیادی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئامارەکانی قوربانییانی جەنگی ناوخۆی سودان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و سیستەمی تەندروستی ئەو وڵاتە بەرەو داڕمانی تەواوەتی دەچێت، بە جۆرێک ژنان بوونەتە قوربانی یەکەمی ئەم ململانێیە و بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەوە ژنان ناچارن لە تەنیشتی شەقامەکاندا منداڵیان دەبێت.

 

فابریزیا فالسیۆنە، نوێنەری سندووقی دانیشتووانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سودان دەربارەی دۆخی ژنانی سودان لە چاوپێکەوتنێکی میدیایدا ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا تەنها ٣٠٪ـی ناوەندە تەندروستییەکانی سودان کار دەکەن و ٩٣٪ـی ژنان بەهۆی نەبوونی خزمەتگووزاری تەندروستی هەست بە نائارامییەکی قورس دەکەن، هەروەها بەهۆی نەبوونی کارەبا و ئاو ژیانی ڕۆژانەی ژنان لە شارەکانی وەک خارتووم گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناو جەرگەی ئەم قەیرانەدا، دیاردەی هاوسەرگیری پێشوەختە و گیانلەدەستدانی کۆرپەلە بە شێوەیەکی بەرفراوان زیادی کردووە.

 

باسی لەوەشکرد، جەنگی نێوان هێزە چەکدارەکانی سودان و هێزەکانی پشتگیری خێرا کە زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە، گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا درووستکردووە و تێیدا زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس کوژراون و ١٤ ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون کە بەشی هەرە زۆری ژنان و منداڵانن.

 

فابریزیا فالسیۆنە، نوێنەری سندووقی دانیشتووانی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، کەمیی بودجەی نێودەوڵەتی کاریگەرییەکی توندی کردووەتە سەر هاوکارییە مرۆییەکان، بۆ نموونە ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ـدا هاوکارییەکانی خۆی لە ١٧ ملیار دۆلارەوە بۆ تەنها ٢ ملیار دۆلار کەم کردووەتەوە، هەروەها بودجەی هاوکارییەکانی ئەڵمانیاش بە ڕێژەی ٣٠٪ دابەزیووە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە ژنێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵ کردووە، کە چوارەمین منداڵی بە مردوویی لەدایک بووە، ئەمەش وەک نموونەیەک بۆ ئەو کارەساتە مرۆییەی کە بەرۆکی ژنانی سودانی گرتووە.