٨٠٠ کەس لە شارەزوور تووشی سكچوون و ڕشانەوە بوون
لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا نزیكەی ٨٠٠ كەس لە سنووری شارۆچكەی شارەزوور، تووشی سكچوون ڕشانەوە بوون، تەندروستی سلێمانی تیمی تەندروستی و پێداویستی پزیشكی ڕەوانەی شارەكە كردووە.

ناوەندی هەواڵ
لە دوێنێوە پەتای سكچوون ڕشانەوە لەناو بەشێكی زۆری منداڵانی شارۆچکەی شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی بڵاوبووەتەوە، تیمی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی ئاو سەرقاڵی دۆزینەوەی سەرچاوەی كێشەكەن، تائێستا هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەش نەزاندراوە.
ڕەمەزان عارف، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی شارەزوور لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: لە دوێنێوە حاڵەتێكی نەخوازراو لە سنوورەكەماندا دروستبووە، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی و هۆبەی تەندروستی و نەخۆشخانەی شەهید ڕەوف بەگ لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی هۆكاری نەخۆشییەكە بزانین، تیممان پێکهێناوە و چوینەتە پرۆژە ئاوی بێستانسوور، ڕێژەی كلۆرمان بەشێوەی ستاندارد بووە، پشكیننی كیمیایی و فیزییاشمان وەرگرتووە و ئاوەکە شیاوە بۆ خواردنەوە.
وتیشی: ناتوانین بڕیار بدەین هۆكاری نەخۆشییەكە چیە، تاوەكو پشكنینەكان دەرنەچێت.