٧ هونەرماند لە لایەن دەزگا بەناو ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگهێشت کران و گۆرانی وتنیان لێ قەدەغەکرا

ڕێکخراوی هەرانا بڵاوی کردەوە، ٧ هونەرمەندی ژن لە خوزستان لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بانگهێشت کران، دوای ڵێکۆڵینەوە ئەو ژنانە ناچار کراون بە واژۆکردنی بەڵێننامەیەک بۆ قەدەغەکردنی گۆرانی وتن.

ناوەندی هەواڵ 

 

لە چەند مانگی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێی فشار و قەدەغەکردنی سەر ژنانی هونەرمەند و گۆرانیبێژ لە ئێران دەستیپێکردووە و هەژماری ئینستاگرامی ژمارەیەک گۆرانیبێژی ژن بە بڕیاری دادوەری قەدەغەکراون و هەندێکیان بانگهێشت کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە، زۆرجار ژنانی هونەرمەند بە تۆمەتی "هاندانی گەندەڵی" یان "پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت" دادگایی دەکرێن و دەستگیر دەکرێن.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لەبارەی بانگهێشت کردنی ژنانی هونەرمەندی گۆڕانیبیژ لە لایەن دەزگا بەناو ئەمنییەکانی ئێرانەوە رایگەیاند، دوێنی ١٦ی نیسان، ٧ گۆڕانیبیژی ژن و دانیستووی شارۆچکەی بەهبەهانی سەر بە پارێزگای خوزستان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ناوچەکە بانگهێشت کران بە مەبەستی لێپرسینەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەدوای ڵێکۆڵینەوە ناچار کراون بە واژۆکردنی بەڵێننامەیەک کە گۆڕانی وتن بە تاک، بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی ژنان، ژەنینی ئامێر و بڵاوکردنەوەی چالاکی هونەری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان لێ قەدەغە کراوە.

 

باس لەوەشکراوە، ناوی ئەو حەوت ژنە بریتین لە، ئیلاهە ئەحەدی، مەهسان ئیحترامی، نەگین مەنسووری نەژاد، ئازاردخت تاهیرپوور، ڕامیش سەید، موژدە نەسیری و زولفا جەماشیانی.