گەمارۆ زیانێکی گەورە بە پەروەردەی خوێندکاران دەگەیەنێت

مامۆستایان و خوێندکارانی عەفرین لە شاری شەهبا کاریگەری گەمارۆدانی پەروەردەیان دەربڕی و وتیان: بەهۆی گەمارۆکانی حکومەتی شام، خوێندکاران بە شێوەیەکی کاتی لە خوێندنگەکاندا بەردەوامن لە خوێندن.

حەسنا محەمەد

شەهبا- بەهۆی ڕێگری حکومەتی شام لەسەر شەهبا، دەستەی پەروەردە و ڕاهێنانی عەفرین-شەهبا لە ٢٥ی تشرینی دووەم، بڕیاریدا خوێندن لە پەیمانگا وخوێندنگەکان ڕابگرێت، بۆ گەڕان بەدوای ڕێگای جیاوازدا دەرگای خویندنگە وپەیمانگەکان کرانەوە، بەڵام ئەمە کاتییە، بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی، خوێندکاران لە شەهبا لە بەردەم ساردی زستاندا بەردەوامن لە خوێندن، ئەگەر گەمارۆکە بەردەوام بێت و بارودۆخی کەشوهەوا ساردتر بێت، خوێندنگەو پەیمانگەکان جارێکی دیکە دەرگاکانیان دادەخەن.

مامۆستایان و خوێندکارانی عەفرین سەرەڕای هەموو بارودۆخێکی ژیان بەردەوامن لە خوێندن، دەربارەی کاریگەری گەمارۆکە قسەیان کرد.

 

"خوێندکاران بە شێوەیەکی کاتی لە خوێندنگەکاندا دەخوێنن"

مامۆستا ئەڤین دینگلی باسی لە بارودۆخی پەروەردە و خوێندکاران کرد لە گەمارۆی حکومەتی شام و وتی: لە ماوەی ساڵانی کۆچکردندا، حکومەتی شام ڕێگای شەهبای داخست ئەمەش کاریگەری خراپی لەسەر پەروەردە کرد، بەهۆی نەبوونی مووچەوە لە هەرێم، پێویستە دەرگای خوێندنگەکان دابخەین بۆ ماوەیەک خوێندکاران بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە لە خوێندن دابڕاون، بەڵام جارێکی دیکە دەرگاکانمان کردەوە بە دەرفەتی سنووردار، بڕیاری کردنەوەی خویندنگەکەمان کاتییە چونکە سووتەمەنی لە هەرێمەکەدا بەردەست نییە و ئەگەر سووتەمەنی نەیەتە ناوچەکە ئەوا خوێندکاران جارێکی دیکە لە خوێندن دادەبڕین.

 

"ئەگەر گەمارۆ بەردەوام بێت، خوێندنمان دەوەستێت"

سیدرا هیمۆ، خوێندکاری پەیمانگای شەهید ڤیان ئامارا باسی لە کاریگەری گەمارۆکە کردو وتی: ئەو گەمارۆیەی بەسەرماندا سەپێندرا زیانێکی گەورەی لێکەوتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی  لە کامپەکاندا نیشتەجێ بوون، کۆسپی گەورە دەبینن، هیچ کارەبایەک بەردەست نییە بەهۆی سووتەمەنییەوە، کاریگەری لەسەر خوێندنمان هەیە و ناتوانین لە ماڵەکانماندا بخوێنین بۆ ماوەیەک لە توێژینەوەکانمان دابڕاوین، بەڵام ئەگەر بارودۆخی گەمارۆکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، جارێکی دیکە لە خوێندنەکانمان دوور دەکەوینەوە، خوێندکاران داهاتووی کۆمەڵگەن و دەبێت دەرفەتی ئەوەیان هەبێت خاوەنداری لە کۆمەڵگەکەیان بکەن، داوا دەکەین ئەم گەمارۆیە کۆتایی پێبێت و دەرفەتی ئەوەمان پێبدرێت بە ئاسانی بەردەوام بین لە خوێندن.

 

"پێویستە کێشەی کورد بە زووترین کات چارەسەر بکرێت"

خوێندکار فاتیمە حاج محەمەد ڕایگەیاند بە شێوەیەکی کاتی بەردەوامن لە خوێندن بەهۆی ئەو گەمارۆیەی ئێستا هەیە و وتی: بەهۆی ئەو گەمارۆیەی ئێستا هەیە، ئێمە بە شێوەیەکی کاتی لە خویندنگە و دامەزراوەکانماندا دەخوێنین، ئەمەش کێشەی زۆرمان بۆ دروست دەکات، لە کاتی کۆرۆنادا، ئێمە خوێندنمان بە ئۆنلاین ئەنجام دەدا بەڵام ئێستا ئینتەرنێت نییە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و کارەبا، کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر بیرکردنەوە و کەسایەتیمان، ئێمە نامانەوێت لە خوێندنەکانمان دوورکەوینەوە، ئێمە هیوادارین کێشەی ئێستای گەمارۆکان بە خێرایی چارەسەر بکرێت و وەک خوێندکاران لە خوێندن دوور نەخرێینەوە.