٥٥٠ دۆنم پوش و پاوانی دیکە سووتان
دووبارە بە هۆکارێکى نادیار ئاگرێكى بەرفراوان لە سنوورى پیرەمەگرون و ئاغجەلەر کەوتەوە و لە ئەنجامدا ٥٥٠ دۆنم لە پوش و پاوان و ١٧٥ داری سرووشتی سووتان.

ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و ڕەزی هاوڵاتیان زیاد دەکات، ئاگرەکان کە بەدەستی مرۆڤ و هەندێک جار هۆکاری نادیارن بوونەتە هۆی سووتانی هەزاران پوش و پاوان و داری سروشتی.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، بەهۆکارێکى نادیار ئاگرێكى فراوان لە گوندى پەسکەندی سەر بە شارەدێى پیرمەگرون کەوتەوە و بەهۆیەوە ٥٠ دۆنم لە پوش و پاوان سوتان.
جگە لە ئاگرەکەی پیرەمەگروون ئاگرێکى فراوانی دیکە لە گوندەکانى کانی بۆگەنە و داڵاوە لە سنورى ئاغجەلەر کەوتەوە و بەهۆیەوە ٥٠٠ دۆنم لە پوش و پاوان و هەروەها ١٧٥ دارى سروشتى سووتان.
تەواوی ئاگرەکان بەهاوکارى دانیشتووانى ناوچەکە و تیمەکانى ئاگرکوژێنەوە کۆنتڕۆڵکران.