٥٥ ڕێکخراو بانگەوازی خاوەندارێتی لە پڕۆسەی ئاشتی دەکەن

٥٥ ڕێکخراوی مەدەنی لە باکووری کوردستان ڕایانگەیاند، کە پشتگیری لە "پڕۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" دکەەن و وەک ڕێکخراوەکانی شرناخ بانگەوازی خاوەندارێتییان لە پڕۆسەی ئاشتیی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

٥٥ ڕێکخراوی مەدەنی و کۆمەڵایەتی شرناخ بۆ پشتگیری لە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست. کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە لە گۆڕەپانی جمهورییەت لە ناوەندی شرناخ بەڕێوەچوو، نوێنەری ڕێکخراوەکان و پارتە سیاسییەکان و چەندین کەس بەشداربوون.

 

ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوەو تێیدا هاتووە: ئاشتی دەخوازین نەوەک شەڕ، ئاشتی گەشەسەندنی ئابوورییش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە پێویستە خاوەنداری لەم پرۆسەیە بکرێت کە هەلێکی مێژووییە، دەبێت دەوڵەت دەستبەجێ وەڵامی خواستی گەل بۆ ئاشتی بداتەوە، لەمەشدا هەمووان دەبێت بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و ڕێگە بە گێرەشوێنی نەدەن. دەبێت زمانی ئاشتی و دانایی زاڵ بێت، نەوەک هەر نەهێشتنی چەک، دەبێت کۆتایی بە فشار و قەدەغە و توندوتیژییش بهێنێت.

 

هەروەها ڕایگەیەندرا، ئازادی بیرکردنەوە و سەربەخۆیی دادگاکان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە گرنگە، ئەگەر نا ئاشتی بەکۆمەڵایەتی نابێتەوە، ئاشتی بۆ چارەسەری هەموو کێشەکانی کۆمەڵگە پێویستە، خاوەنداری لەم پرۆسەیە ئەرکی هەمووانە، کەس لە ئاشتییدا زەرەر ناکات، پاراستنی ئاشتی، پاراستنی ژیانە.  وەک ڕێکخراوەکانی شرناخ بۆ مەزنکردنی پرۆسەی ئاشتی بەڵێن دەدەین، دەبێت ئەم وڵاتە بگاتە ئاشتی و لەناو ئاشتییدا بژی.