٥١٦ ڕۆژە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە زەینەبی جەلالیان نییە
ماوەی ٥١٦ ڕۆژە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە زیندانیی سیاسی زەینەب جەلالیان کە باری تەندروستی ناجێگیرە نییە.

ناوەندی هەواڵ
زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسی کە ماوەی ١٤ ساڵە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" لە زیندانەکانی ئێران دا دەستبەسەرکراوە، ماوەی ٥١٦ ڕۆژە هیچ هەواڵ و زانیارییەک دەربارەی نییە.
زەینەب جەلالیان هەمیشە لەلایەن بەرپرسانی رژێمی ئێرانەوە لە چەندین زیندان گواستنەوەی پێکراوە و١٧ مانگ بەر لە ئێستا لە زیندانی یەزدەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی کرماشان و پاشان گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی یەزد، ئیدی لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ هەواڵ و زانیارییەکی لێ بەدەست نەگەیشتووە.
زەینەب جەلالیان باری تەندروستی ناجێگیرە و کێشەى گەورەی لە بینین هەیە و نەخۆشیی دڵ، گورچیلە، تەنگیی هەناسە و پەستانی خۆێنیشی هەیە و هەروەها تووشی کۆرۆناش بووە، ئەوەش نیگەرانی زیاتری بۆ دۆخ و تەندروستیی ئەو دروستکردووە.