٥٠ ژن لە بورکینا فاسۆ ڕفێندران
بەرپرسێکی ناوخۆیی بورکینا فاسۆ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو لە ناوچەی سەهێلی باکوری بورکینا فاسۆ بەلایەنی کەمەوە ٥٠ ژن لەلایەن توندڕەوە ئیسلامییەکانەوە ڕفێندراون.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/01/20230117-50-jin-jpgad9faa-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە ١٢ و ١٣ی کانوونی دووەم، بڵاوکراوەتەوە، لە نزیکەی ١٥ کیلۆمەتر لە شارۆچکەی ئەربیندا-ی سەر بە پارێزگای سۆم، سەهێل، ٥٠ ژن لە گوندەکان لەکاتی کۆکردنەوەی میوەی کێوی ڕفێندراون.
ئۆسمان دیالۆ، توێژەری نووسینگەی هەرێمی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ بۆ ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقا، ڕفاندنەکانی بە گەشەسەندنێکی زۆر گرنگ و جددی لە بورکینا فاسۆ ناوزەدا دەکات کە زیانی ژنان لەو ناوچانەی لەژێر گەمارۆدایە دەخاتەڕوو، وتی: "پێویستە مافی هاوڵاتیان بۆ بژێوی ژیانیان لە لایەن هەموو لایەنەکانی ئەو ململانێیەوە بپارێزرێت، پێویستە لەم شارۆچکە گەمارۆدراوانەدا زیاتر سەرنج و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن حکومەتەوە هەبێت، بەڵام هەروەها ڕێبازی خوازراو بۆ پاراستنی ژنان پەیڕەو بکرێت".
توندوتیژی جیهادی پەیوەست بە ئەلقاعیدە و گروپی دەوڵەتی ئیسلامی بەسەر بورکینا فاسۆدا زاڵ بووە و هەزاران کوژراو و نزیکەی دوو ملیۆن کەسی لە گەلی ڕۆژئاوای ئەفریقا ئاوارە کردووە، شکستی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکان لە وەستاندنی شەڕدا بووە هۆی نارەحەتییەکی بەرفراوان و لە ساڵی ٢٠٢٢دا دوو کودەتای سەربازی لێکەوتەوە کە دووەمیان لە دژی یەکەم ڕژێمی سەربازی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات بوو.
توندڕەوەکان شارەکانیان گەمارۆداوە لە سەرتاسەری وڵات و ڕێگە لە خەڵک و کەلوپەلەکان دەگرن کە بە ئازادی جموجۆل بکەن، گروپە مافپەروەرەکان دەڵێن، شارۆچکەی ئەربیندا چەندین ساڵە لەژێر گەمارۆی جیهادیدایە و ژنانی لە بەرامبەر هێرشەکاندا لاوازتر کردووە بۆ هەوڵی دەرچوون لەو دۆخە.
سەرۆکی پێشووی ئاربیندا بۆوریما واسم، ئاماژەی بەوەکردووە کە فڕاندنە گەورەکان ستراتیژێکی نوێن و دەتوانن ئاماژە بە گۆڕینی تاکتیکی توندڕەوەکان بکەن.