نەتەوەیەکگرتووەکان داوا دەکات ڕژێمی ئێران قەرەبووی زارا محەمەدی بکاتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ڕژێمی ئێران دەکات، مافی پەروەردە بە زمانی دایک بداتە نەتەوەکانی ئێران و قەرەبووی زارا محەممەدیش بکاتەوە.

 

ناوەندی هەواڵ

 

زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بە بیانوی فێرکردنی زمانی کوردی دەستگیرکراو لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٣ لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

 

لەبارەی دەستگیرکردنی سزادانی زارا محەممەدی، لیژنەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەستبەسەرکردنی نایاسایی سەر بە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی دەرکردو تییدا هاتووە، زارا محەممەدی ساڵی ٢٠١٩ بە نایاسایی و بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەر کراوە، بە شێوەیەکی نایاسایی لە گرتووخانەی سوپای پاسداران ڕاگیراوە و ئەشکەنجەی دەروونی دراوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، زارا محەممەدی منداڵانی شاری سنە و دەوروبەری فێری زمانی دایک کردووە و بەو هۆیە دەستبەسەر کراوە، سەرەتا بە ١٠ ساڵ سزادراوە و دواتر سزاکەی بۆ ٥ ساڵ زیندانیکردن کەمکراوەتەوە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ڕژێمی ئێران دەکات، زارا محەممەدی قەرەبوو بکاتەوە و دۆسیەی دادگایی تەواوی هاوکارەکانی کە بەهۆی فێرکردنی زمانی دایک دەستبەسەر کراون یان دراونەتە دادگا، دابخات، هەروەها کۆتایی بە پێشێلکردنی مافە کولتووری و زمانییەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بهێندرێت ، بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەبێت کەشێک بڕەخسێنێت کە نەتەوەکان بتوانن پەرە بە کولتوور و زمانی خۆیان بدەن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەڕای ئەوەی لە دەستووری ئێران ڕێگە بە خوێندنی زمان و ئەدەبی نەتەوەکان دراوە، بەڵام لە قوتابخانەکان جگە لە فارسی، ڕێگە بە خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی دیکە نادرێت، هەروەها دەسەڵاتی ئێران ئەو کەسانەی بە خۆبەخشانە هەوڵدەدەن زمانی دایک فێری خەڵک بکەن، بە تۆمەتی هەوڵدان دژی یەکڕیزیی نیشتمانیی ئەو وڵاتە سزا دەدات.