بۆ هەموارکردنەوەی موچە لە بەغداو بەسڕە خۆپیشاندان کراو ژنان لە خۆپیشاندانەکەدا نەبوون

ئەمڕۆ بۆ هەموارکردنی خشتەی موچەکانیان سەدان فەرمانبەری عێراقی لەگۆڕەپانی تەحریری ناوەڕاستی بەغدا و شاری بەسڕە گردبوونەوە، بەڵام وەک هەمیشە ژنان بێبەش بوون و لە خۆپیشاندانەکدا نەبیندران.

ناوەندی هەواڵ

 

بەیانی ئەمڕۆ ١ی ئایار کە ڕۆژی جیهانی کرێکارانە، سەدان فەرمانبەر لە گۆرەپانی تەحریری بەغداو لە بەسڕە خۆپیشاندانیان کرد و داوایان کرد پێش تێپەڕاندنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ پێوەرەکانی پێدانی موچە هەموار بکرێتەوە.

 

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە وەک هەمیشە کەبەهۆی عەقڵیەتی کۆمەڵگەو پیاوسالاری ژنان لە زۆرینەی بوارەکانی ژیاندا پاشخراون، بۆ داواکردنی مافەکانی خۆشیان بێدەنگ کراون و لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆدا هیچ ژنە فەرمانبەرێک بەشدارنەبوو تا داوای هەمواری خشتەی پێدانی موچەکەی بکات.

 

لەو خۆپیشاندانانەی لە عێراق ئەنجام دەدرێت زۆرینەیان پیاوان بوون و ڕێگە بە ژنان نەدراوە ئازادانە داوای مافەکانی خۆیان بکەن، سەرەڕای ئەوەی چالاکوانانی ژن هەمیشە لە هەوڵدان بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو ژنان خۆیان، بەڵام ئەنجامێکی باش بەدەستنەهاتووەو لەو کاتانەی خۆپیشاندان دەکرێت، بە ڕوونی دەبیندرێت کە ژنان لە لایەن عەقڵیەتی پیاوسالار و تێڕوانینی کۆمەڵگەوە سەرکوت دەکرێن.