پێنی ئەمریکی: ٣٢٪ی نووسەرە زیندانیکراوەکانی ئێران ژنن
ئەنجومەنی پێنی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ٣٢٪ی نووسەرە زیندانیکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژنن، حکومەتی ئێران دوو هێندەی تێکڕای جیهانی ژنی نووسەرانی زیندانی کردووە.
ناوەدی هەواڵ
ئەمڕۆ ئەنجومەنی پێنی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێژەی نووسەرانی ژن لە زیندانەکانی جیهان ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژمارەی نووسەرانی زیندانیکراو گەیشتووەتە ٥٣ نووسەر، کە ٣٢٪ـی نووسەرە زیندانیکراوەکان ژنن کە دوو هێندەی تێکڕای جیهانە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئێران لە دوای چین دووەم گەورەترین زیندانی نووسەرانی جیهانە و دوو هێندەی تێکڕای جیهانی ژنی نووسەرانی زیندانی کردووە.
باس لەوەشکراوە، جەنگ و قەیرانە ناوخۆییەکان بوونەتە بیانوویەک بۆ ڕژێمی ئێران تا سەرکوتکردنی دەنگە ڕەخنەگرەکان زیاتر بکات و ژیانیان بخاتە مەترسییەوە، بەڵام سەرەڕای سەپاندنی سزای قورس بۆ سەر نووسەرەکان، ئەوان بەردەوامن لە داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ.
جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەمساڵ بۆ یەکەمجارە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩، ژمارەی نووسەرانی زیندانی لە جیهاندا ٤٠٠ کەسی تێپەڕاندووە، ئەم ئامارانە نیشانەی پاشەکشەی ئازادیی ڕادەربڕینە لە ئاستی جیهاندا.