٢٣ کۆچبەر بێسەروشوێنن و ٩ی دیکەش تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە

دەزگای لوتکە بڵاویکردەوە لە سێ ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی یەختی کۆچبەران ٢٣ کۆچبەر بێسەروشوێنن و ٩ی دیکەش تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، ڕایگەیاند لە ڕۆژانی ٢١-٢٣-٢٤ی کانوونی یەکەم، سێ یەخت ژێرئاوکەوتن، دوانیان کۆچبەری هەرێمی کوردستانی تێدابووە، یەکێکیان ٢٣کەس بێسەروشوێنە و ٧ کەس ڕزگاریبووە، لە یەختێکی دیکەدا ٩ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بە خنکاوی دۆزراونەتەوە، ٥٧ کەسی دیکە ڕزگاریبووە.

 

لە یەختی سێیەمدا هیچ یەکێک لە سەرنشینەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبوون.

 

ڕووداوەکان بەم شێوەیەیە:

- لە ڕووداوی ٢١/١٢/٢٠٢١ دەریای ئیجە نزیک دوورگەی سانتۆرینی یۆنان (٢٣) کۆچبەر کە هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن بیسەروشوێنن و  حەوت کۆچبەریش ڕزگار بووی ڕووداوەکەن کە چوار کەسیان لە بنکەی پۆلیس ماونەتەوە یەک منداڵیش لەژێر سەرپەرشتیاری خێزانیکی یۆنانیدایە دوو کەسیش ئازادکراون.

 

- لە ڕووداوی ٢٣/١٢/٢٠٢١ دەریای ئیجە نزیک دوورگەی ئاتیکیثیرای یۆنان نۆ کۆچبەرکە هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن، تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ ئەسینا و (٥٧) کۆچبەریش ڕزگار بووی ڕووداوەکەن کەلەئێستادا لە کەمپی (ئەمێک دەلێدەن)لە ئەسینای پایتەختی ئەو وڵاتە.

 

-لە ڕووداوی ٢٤/١٢/٢٠٢١ دەریای ئیجە نزیک دوورگەی پارۆسی یۆنان (١٦)تەرم دۆزراوەتەوە کە هیچ کەسیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستان و عێراق نین.

 

ت.پ