٢١ی شوبات، ڕۆژی زمانی دایک
رۆژی ٢١ی شوباتی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانیی زمانی دایكە و هەموو گەلانی جیهان بە چالاكی جۆراوجۆر ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگرن.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/02/20220306-screenshot2022-02-21144911-jpg935630-image.jpg)
ڕۆژی ٢١ی شوباتی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانیی زمانی دایكە و هەموو گەلانی جیهان بە چالاكی جۆراوجۆر ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگرن.
لاڤین مەحمود
ناوەندی هەواڵ- لە جیھاندا ٦ ھەزار زمان ھەن، بەڵام زۆریان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە، بەجۆرێک لە ماوەی ٧٠ ساڵی رابردووشدا نزیكهی ٢٠٠ زمان لهناوچوون ،لە ئێستاشدا زۆرترین خەڵك بە ١٠٠ زمان گفتوگۆ دەكەن، زمانی كوردیش لە پلەی ٥٩یەمین زمانی جیهاندایە.
زمان بە پێناسەی هەرگەلێک یان نەتەوەیەک دادەنرێت کە لە ڕێگەیەوە شوناس و کلتورو فەرهەنگی نەتەوەکان دیاری دەکرێت، ساڵی ٢٠٠٠ بۆ یەکەمجار یادی ئەم 2ڕۆژە مێژووی و جیهانیە کرایەوە، یونسکۆ هۆکاری هەڵبژاردنی ڕۆژێکی جیهانی بۆ زمانی دایک بۆ هاوکاریکردنی فرەچەشنی و فرەڕەنگی زمان و کلتورەکان گەڕاندەوە.
گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان زمانەکەی کەوتووەتە ژێر کاریگەری زمانەکانی فارسی، تورکی و عەرەبی ئەوەش ئەنجامی دابەشکردنیەتی بەسەر چوار وڵاتدا و دەیان و سەتان وشەی بیانی هاتوونەتە نێو ئەو زمانە،کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی گەورە دەخاتە سەر زمانێک کە هەزاران ساڵە شووناسی نەتەوەیەکە و ئامڕازێکی سەرەکی مانەوەیەتی.
بە درێژایی مێژوو ،کورد پارێزگاری لە کلتورو زمان و مێژووی خۆی کردووە و زمانی کوردی پێگەیەکی دیاری لە نێو زمانە چالاکەکانی جیهاندا هەیەو بەو پێیەی زیاتر لە ٥٠ ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن، ئەوەش وایکردووە وەک زمانێکی دیار لە نێو پێگەی زمانناسی جیهانیدا بناسێنرێت.
زمان تەنیا هۆکاری جیاوازی و شوناسی ئێمەیە، هەر بۆیە هەر دوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران مافی خوێندن، بە زمانی دایک بە کوردانی باکور و ڕۆژهەڵات ڕەوا نابینن.
داگیرکردنی کوردستان و دابەشکردنی بۆ چوار پارچە، هەروەها قەدەغەکردنی خوێندن و نوسین بە زمانەکە لە بەشێکی ئەو وڵاتانەی کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە بۆتە یەکێک لە کێشەکان بۆ زمانی کوردی، ئەگەر بۆ وڵاتانی سەربەخۆ زمان هۆکاری پەیوەندیکردن و گواستنەوەبێت، ئەوا بۆ ئێمەی کورد زمان لایەنی سیاسیشی هەیەو هۆکارێکی گرنگی مانەوەو خۆناسین و جیاکردنەوەمانە.