١٨ کەس بەهۆی بەستنی شەقامەکان و ڕوداوی هاتوچۆ بریندار بوون

تەنها دوێنێ چوار ڕوداوی هاتوچۆ لە سلێمانی تۆمار کراوەو بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و بەستنی شەقامەکان ١٨ کەس برینداربوون و سێ کەسیش گیانیان لەدەستدا.

 تەنها دوێنێ چوار ڕوداوی هاتوچۆ لە سلێمانی تۆمار کراوەو بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و بەستنی شەقامەکان ١٨ کەس برینداربوون و سێ کەسیش گیانیان لەدەستدا.

سلێمانی

 

بەهۆی بارینی بەفر و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر، شەقامەکانی شاری سلێمانی بەستوویانە و چەندین ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویداوە.

 

موقەدەم بەختیار محەمەد، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە نوژنهای ڕاگەیاند کە دوێنێ و شەوی ڕابردوو چوار ڕووداوی هاتوچۆ لەناوەوە و دەرەوەی شار تۆمارکراون،ئاماژەی بەوەشکرد کە  بەشێک لە ڕووداوەکانیش هاوڵاتیان لەنێوان خۆیاندا کێشەکە چارەسەردەکەن و پەیوەندی بە پۆلیسی هاتوچۆوە ناکەن.

 

هەروەها سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە نوژنهای ڕاگەیاند تا ئێستا ١٨ کەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، کە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ یاخود خلیسکان لەسەر بەفر و شەقامەکان بریندار بوون.

 

 داواش لە هاوڵاتیان دەکات، کە ئەگەر پێویست نەبێت لە ماڵ نەچنە دەرەوە، لە ئێستاشدا ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەکان بەهۆی بەستنی شەقامەکانەوە ناتوانن بچنە بە هانای بەشێک لە هاوڵاتیانەوە.

 

هەروەها زەردەشت تۆفیق بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ نوژنها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئەوان بەردەوامن لە پاککردنەوەی شەقامەکان و ڕشتنی خوێ لە دوای بەفربارینەکەی شەوی ڕابردوو.

 

سەرباری بڵاوکردنەوەو هۆشیارییەکان بۆ نەچوونە دەرەوەی هاوڵاتیان، بەڵام هێشتا ڕووداوەکان بەردەوامن و شەوی ڕابردوو لە ڕێگای دوکان- سلێمانی نزیک گوندی کۆتەڵە بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆ سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسیش برینداربوون.