١٧ هەزار و ٩٤٨ کۆچبەری لوبنانی پەنایان بۆباکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بردووە

بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ١٧ هەزار و ٩٤٨ کەس لوبنانیان بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەجێهێشتووە، مانگی سووری کوردی هەڵمەتێکی هاوکاری بۆ کۆچبەران دەستپێکرد.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، هەزاران هاووڵاتی کۆچبەر بوون بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەروەها پەنابەرە سوورییەکانی دانیشتووی لوبنان ڕوویان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، دوای هێرشەکان، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، ئامادەیی پێشوازیکردن و هاوکاریکردنی کۆچبەرانن بۆ چوونە ناوچەکە و سەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەکانیان کۆکردووەتەوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان.

 

خۆبەڕێوەبەری تا ئێستا ١٧ هەزار و ٩٤٨ کەسی وەرگرتووە

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە٧ی تشرینی یەکەمدا لە پێگەی فەرمی خۆیدا ڕایگەیاند، شانەی قەیرانەکانی پەیوەست بە کاروباری ئەو کەسانەی لە لوبنانەوە هاتوون ڕاگەیاندووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە لوبنانەوە پەڕینەوە بۆ هەرێمی باکوور وڕۆژهەڵاتی سووریا گەیشتووەتە ١٧ هەزار و ٩٤٨ کەس، لەوانەش ٦ هەزار و ٢٧٧یان پیاون، ژمارەی ژنانیش ٥ هەزار و ٦٧٨ کەسە، ژمارەی منداڵانیش پێنج هەزار و ٩٣٦ منداڵە، ٤٦ کەسیان لوبنانین و تەرمی ١١ کەسیش گەیشتوونەتە ئەوێ.

شانەی قەیرانەکان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هاووڵاتیانەی گەڕاونەتەوە دەچنە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان یان بۆ لای کەسوکاریان لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بۆ ئەوانەی شوێنیان نییە، خۆبەڕێوەبەری ناوەند بۆ شوێنی مانەوەیان تەرخان دەکات.

 

مانگی سووری کوردی ڕۆژئاوا دەستی بە هەڵمەت کرد

ڕێکخراوی هاوکاری مرۆیی مانگی سووری کوردی ڕۆژئاوا ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، هەڵمەتی هاوکاریی بەپەلەیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان دەستپێکردووە، کەمپەینی مانگی سووری کورد کار بۆ ئەوە دەکات کە هەزاران کەس کە لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا هەڵاتوون، لە شوێنێکی ئارام دابندرێن و پێداویستییە ژیانییەکانیان دابین بکەن.

 

غوفران کەوکەب، جێگری هاوسەرۆکی شارەوانی قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە ئەندامی لیژنەی چاودێری هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییە ڕایگەیاند، چادر بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دانراوەو وتی: ئێمە بۆ براکانمان و هاوڕێیانمان لە لوبنانەوە دێین، هاوکاری کۆدەکەینەوە، ئەم هەڵمەتە بۆ ماوەی نزیکەی ٢٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە شێوەی کۆکردنەوەی پارە، خەڵک لە ئێستاوە ئەو هاوکاریانە دەدەن، ئێمەش ئەو هاوکاریانە دەگۆڕین بۆ پێداویستییە گرنگەکان و لە داهاتوودا دەیاندەین بە کۆچبەران.

 

"خەڵکی ڕۆژئاوا پشتیوانی خۆیان نیشان دەدەن"

غوفران کەوکەب ڕایگەیاند، ئەم هەڵمەتە لە سەرتاسەری ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکردووە، وتیشی: خەڵک دڵخۆش بوو کە ئەم هەڵمەتە دەستیپێکردووە، دەبینین کە چۆن دانیشتووان بەپێی دەرفەتە جیاوازەکانیان پشتگیری خۆیان نیشان دەدەن، ڕاستە ڕەنگە پێداویستییەکانیان بە تەواوی دابین نەکرێن، بەڵام یارمەتی تا ڕادەیەکی دیاریکراو بەپێی ئەگەرەکان دابین دەکرێت.

 

''ماڵەکەم وێران بوو''

ئەفیەت ئەحمەد بەڕەچەڵەک خەڵکی قامیشلۆیە، ماوەی ١٤ ساڵ لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی لە لوبنان ژیاوە، ماڵی ئەفیەت لە دەحیە کە حەسەن نەسروڵای سەرکردەی حزبوڵا کراوەتە ئامانج، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ماڵەکەی وێران بووە و ئێستا لەگەڵ بنەماڵەکەی لە قامیشلۆ دەمێنێتەوە، وتی: لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە ڕوومان لە لوبنان کردووە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و دوور لە شەڕ بژین، لەم دواییانەدا دەیانوت شەڕ لە لوبنان ڕوودەدات، بەڵام ئێمە هەرگیز باوەڕمان پێی نەبو، دەوترا حەسەن نەسروڵا لە گەڕەکەکەمان لە دەحیە لە ژێر زەویدا بوو، بەڵام هەرگیز نەمانزانی، کاتێک هێرشەکە ڕوویدا گەڕەکەکەمان وێران بوو، لەناویاندا ماڵەکەم و زۆر ماڵی دیکە زیانیان بەرکەوت.

 

"دەمانەوێت شەڕ بوەستێت"

ئەفیەت ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، تووشی سەختی دەبن، هەست دەکەن بەڕێگایەکی نادیاردا دەڕۆن، ئەو ڕووداوەی ڕوویدا وەک خەونێک وایە و بەم هیوایانە کۆتایی بەقسەکانی هێنا: من و منداڵەکانم بەم هیوایانە گەیشتینە شاری قامیشلۆ، ئێمە تەنیا بەو جلانەی لەبەرمان بوو لە لوبنان هەڵاتین، نازانین داهاتوومان چۆن دەبێت، سوپاسی خۆبەڕێوەبەری دەکەین بۆ ئەو پێشوازییە و هیوادارین هاوکاری بۆ ئەو کۆچبەرانە بکرێت کە لە لوبنانەوە هاتوون.