١٢هەمین فێستیڤاڵی ساکینە جانسز دەستیپێکرد

لە شاری زیوریخی سویسرا، ١٢هەمین فیستیڤاڵی ساکینە جانسز دەستیپێکرد، لە فێستیڤاڵەکەدا کە زیاتر لە ٢٠ ڕێکخراوی ژنان پێکەوە ئەنجامی دەدەن، پەیامی "بە فەلسەفەی 'ژن ژیان ئازادی' کۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیاد دەنێین" دەدرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شاری زیوریخی سویسرا، فێستیڤاڵی ساکینە جانسز بۆ بەبیرهێنانەوەی کادری پێشەنگی پەکەکە ساکینە جانسز کە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا شەهیدکرا، دەستیپێکرد. فیستیڤاڵەکە بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە_سە) و بە پشتگیری زیاتر لە ٢٠ ڕێکخراو و دەسپێشخەریی ژنان، ئەمساڵ بە دروشمی "دەسکەوتەکانی ژنان دەپارێزین، بە 'ژن ژیان ئازادی' کۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیاد دەنێین" لە گۆڕەپانی "Kasernenareal" لە زیوریخ ئەنجام دەدرێت.

 

گۆڕەپانی فێستیڤاڵەکە بە پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەو ژنە شۆڕشگێڕانەی لە تێکۆشانی ئازادییدا شەهیدبوون، ڕازێنرایەوە و درووشمی "ژن ژیان ئازادی" لە گۆڕەپانەکە دەنگی دایەوە. وەک هەر ساڵێک، ئەمساڵیش چادری دەنگبێژانی ژن و ستاندی پەرتوکەکان کرایەوە، شوێنی یاریکردن بۆ منداڵان دانرا. لە ستاندەکانی هۆشیارکردنەوەدا، ئاماژە بە پارادایمی ئازادیخوازیی ژنی ڕێبەری گەلی کورد کرا.

 

"بە ژن ژیان ئازادی، کۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیاد دەنێین"

فێستیڤاڵەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی تێکۆشانی شۆڕش دەستیپێکرد. سەرەتا ڕێکخراوەکانی ژنان چوونە سەر سەکۆ و سڵاویان لە بەشداربووان کرد.

 

سەلما سورەر، وتەبێژی یەژەکە_سە وتی: ئێوە ئەمڕۆ میوانی هەڤاڵ ساکینە و هەڤاڵ ڕوناهی و هەڤاڵ ڕۆژبین و هەڤاڵ ئەڤین و هەڤاڵ زیلانن. ئەمڕۆ پێکەوە بە 'ژن ژیان ئازادی' کۆمەڵگەی دیموکراتیک بنیات دەنێین. پێکەوە تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد بڵند دەکەین.

 

هەروەها تیشکی خستەسەر پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکردووە و دووپاتی کردەوە، وەک ژنان پشتگیری لەم پرۆسەیە بەردەوام دەکەن.

 

پاشان گرووپی دەف چوونە سەر سەکۆ و چەندین هونەرمەند بەشدار دەبن و هونەری خۆیان پێشکەش دەکەن.