١١٠ براوەی خەڵاتی نۆبڵ داوای ئازادکردنی هەمیشەیی نێرگس محەمەدی دەکەن

زیاتر لە ١١٠ خاوەن خەڵاتی نۆبڵ لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا دەربارەی بارودۆخی نێرگس محەمەدی، زیندانیی سیاسیی ئێران هۆشداری دەدەن و داوای ئازادکردنی هەمیشەیی دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە ١١٠ خاوەن خەڵاتی نۆبڵ لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا دەربارەی بارودۆخی نێرگس محەمەدی، زیندانیی سیاسیی ئێران هۆشداری دەدەن و تییدا هاتووە: داوا لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەبێ دواکەوتن هەنگاو بنێن بۆ ئازادکردنی هەمیشەیی نێرگس محەمەدی و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە چاودێریی پزیشکی بەبێ کەموکوڕی.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ژیانی نێرگس لە مەترسییەکی گەورەدایە کە چەند مانگە لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێریی پزیشکیی تایبەت ڕێگریی لێکراوە.

 

جەخت لەوە کراوەتەوە، نابێت کەس بەهۆی ناڕەزایەتییەکی ئاشتیانە یان بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ زیندانی بکرێت، هیچ زیندانێک ناتوانێت خەبات بۆ کەرامەت و دادپەروەری بێدەنگ بکات.

 

واژۆکەرانی ڕاگەیاندراوەکە بریتین لە، ١١ خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ٢٩ براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە فیزیا، ٢٩ براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری پزیشکی، ٢٦ براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری کیمیا، ١٢ براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئابووری، ٥ براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئەدەبدا.

 

نێرگس محەمەدی لە ساڵی ١٩٩٨ەوە چەندین جار لەسەر کاری مافی مرۆڤ دەستگیرکراوە، لە دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان و ناڕەزایەتی دەربڕین بە یاساکانی زۆرەملێی باڵاپۆشی چالاک بووە، بە گشتی زیاتر لە ٤٤ ساڵ زیندانیکردن و ١٥٤ قامچی لێدانی سزای بەسەردا سەپێنراوە.

 

نێرگس محەمەدی لە ساڵی ٢٠٢٣ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە، بەهۆی چەندین ساڵ کاری داکۆکی لە مافەکانی ژنان لە ئێران، ڕۆژی ١ـی ئایار لە زیندانی زەنجان دوای بێهۆشبوون تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەپەلە بۆ نەخۆشخانەیەکی زەنجان گواستراوەتەوە، دواتر بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران گواسترایەوە.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار داوایان لە حکومەتی ئێران کردووە، زیندانیانی سیاسی ئازاد بکات، بە تایبەت ئەوانەی کە باری تەندروستییان خراپە.