ژمارەی وڵاتانی دیموکراسی لە جیهاندا کەم دەبێتەوە، حکومەتە تاکڕەوەکان لە زیادبووندایە

ئەنجامی ڕاپۆرتێکی شیکاری دەریدەخات ئەو وڵاتانەی ئازادی ڕادەربڕینیان لە ژێر مەترسیدایە لە ٥ وڵاتەوە بۆ ٣٥ وڵات لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا زیادی کردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٢دا نزیکەی ٤٢ وڵات بە دیموکراسی لیبراڵەوە بەڕێوە دەبرێن.

سلێمانی

 

لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا، دیموکراسییە لیبراڵەکان لە جیهاندا بە ڕێژەی ١٣٪ دادەبەزێت، لە کاتێکدا ٪٢٦ی دانیشتوانی جیهان بە پاوانخوازی داخراو بەڕێوەدەبرێن، ٪٤٤ لە ژێر سیستەمی پاوانخوازی هەڵبژێردراودا دەژین.

 

پاوانخوازی، جۆرێکە لە حکومەت کە تایبەتمەندە بە ڕەتکردنەوەی فرەیی سیاسی و بەکارهێنانی دەسەڵاتی ناوەندی بەهێز بۆ پاراستنی دۆخی ئێستای سیاسی و کەمکردنەوەی سەروەری یاسا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دەنگدانی دیموکراسی.

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لەلایەن پەیمانگای جۆرەکانی دیموکراسی زانکۆی گۆتەبۆرگ ئامادەکراوە و هەڵسەنگاندن بۆ ١٧٩ وڵات دەکات، لەناویدا عێراق لە پلەی ١١٨، ئێران لە پلەی ١٤٢ و تورکیاش لە ڕیزبەندی ١٤٧هەمیندایە لە پێوەرەکانی لیبراڵ دیموکراسی و یەکێکە لە خراپترین وڵاتەکان کە ئازادی و دیموکراسی تێدا نییە، بەپێی ڕاپۆرتەكە دەسەڵاتداری تاکڕەوی لە جیهاندا بەڕێژەیەكی بەرچاو لە زیادبووندایە، ڕاپۆرتی دیموکراسی ساڵی ٢٠٢٢ی دامەزراوەی جۆرەکانی دیموکراسی، بەدواداچوون بۆ فۆرمەکانی حکومەت و ڕەوتە دیارەکانی جیهان دەکات.

 

دەسەڵاتی تاکڕەوی لە زیادبووندایە

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە کاتێکدا ٧٢ وڵات لە کۆتاییەکانی لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەرەو دیموکراسیبوون دەڕۆیشتن، تەنیا ٣ وڵات ئارەزوویان بۆ پاوانخوازی هەبووە، لە ساڵی ٢٠٢١دا تەنیا ١٥ وڵات لە ڕێگای دیموکراسیدا پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە، لە کاتێکدا ئارەزووی پاوانخوازی لە ٣٣ وڵاتدا زیادیکردووە.

 

ژمارەی ئەو وڵاتانەی كە لیبراڵ دیموكراسی باڵادەستن، لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا بۆ نزمترین ئاست دابەزیووە، هەروەها یەکێتی ئەوروپا پشکی خۆی لە دەسەڵاتخوازی هەبووە، لە سەدا ٢٠ی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا تووشی شەپۆلێکی دەسەڵاتخوازی بوونەتەوە.

 

تورکیا لە کۆی ١٧٩ وڵات لە پێوەرەکانی دیموکراسیدا لە پلەی ١٤٧ دایە

لە ڕاپۆرتەكەدا پێوەرەكانی لیبراڵ دیموكراسی ساڵی ٢٠٢١ لەخۆدەگرێت، بەم پێیە تورکیا لە کۆی ١٧٩ وڵات، لە پلەی ١٤٧ دایە، وڵاتانی دیکەی پلەبەندی ١٠ وڵاتی سەرەکی لە باشترینەوە بۆ خراپترین پێوەرەکانی لیبراڵ دیموکراسی بەم شێوەیەن: نەرویج، کۆستاریکا، نیوزلەندا، ئیستۆنیا، سویسرا، فینلاند، ئەڵمانیا و ئێرلەندا، لە کاتێکدا ئەمریکا لە پلەی ٢٩ دایە.

 

ڕیزبەندی هەندێک وڵاتی دیکە بەپێی پێوەری ڕیزبەندی ١٤٧ وڵاتەکە بەم شێوەیەیە: یۆنان ٣٦، غانا ٥٢، ئەرمینیا ٥٤، بولگاریا ٥٦، نیپاڵ ٧١، تونس ٧٤، کینیا ٨٣، تانزانیا ١٠٠، پاکستان ١١٧، عێراق ١١٨، ئێران ١٤٢ رووسیا ١٥١ و ئازەربایجان ١٦٢، ئەفغانستان لە پلەی ١٧٧ دایە، وڵاتانی دیکەی وەک ئێران لە پلەی ١٤٢ هەمدایە.

 

"تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پێشەنگی پاوانخوازی دەکات"

بەپێی ڕاپۆرتەكە، توركیا یەكێكە لەو ١٠ وڵاتە پاوانخوازەی پێشەنگایەتی دەسەڵاتخوازی دەکەن، ئەم وڵاتانەش بریتین لە بەرازیل، هەنگاریا، هیندستان، پۆڵەندا، سربیا و تورکیا، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دەسەڵاتخوازی لە تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستیپێکردووە کە تورکیا بە "پاوانخوازی هەڵبژێردراو" پێناسە کراوە.

 

ڕاپۆرتی دامەزراوەی جۆرەکانی دیموکراسی دەریدەخات کە زۆرێک لە توخمەکانی دیموکراسی لە سیاسەتی جیهانیدا بەرەو خراپبوون دەچێت، بەم پێیە لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١١دا ڕێژەی ٪٤٩ دانیشتوانی جیهان لە ئۆتۆکراسیدا ژیاون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەم ڕێژەیە بۆ ٪٧٠ زیادیکردووە، لە ساڵی ٢٠٢١دا ئاستی دیموکراسی لە دانیشتوانی جیهاندا بۆ ساڵی ١٩٨٩ دابەزیووە.

 

ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ئازادی ڕادەربڕینیان لە ژێر مەترسیدایە لە ٥ وڵاتەوە بۆ ٣٥ وڵات لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا زیادی کردووە، هەر لەو ماوەیەدا ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە پاوانخوازی و سیاسەتی تاکڕەوی ژەهراوییان هەیە لە ٥ وڵاتەوە بۆ ٣٢ وڵات زیادیکردووە.

 

لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٢دا نزیکەی ٤٢ وڵات بە دیموکراسی لیبراڵەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەم ژمارەیە بۆ ٣٤ وڵات کەمیکردووە، ئەم وڵاتانە تەنها ٪١٣ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، دابەزینی دیموکراسی بە تایبەتی لە ئاسیا و زەریای هێمن و ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئاسیای ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین بەدی دەکرێت.