ژنانی تونس لە تێکۆشان بەردەوامن
داکۆکیکارانی مافی ژنان لە تونس سەرەڕای پەرەسەندنی سەرکوت و هەراسانکردن بەردەوامن لە تێکۆشان و پابەندبوونیان بە بەرگریکردن لە یەکسانی و کەرامەت لە نێوان زیادبوونی فشارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دووپات دەکەنەوە.
زهور مەشریقی
تونس – لەنێوان هەڕەشەو هەراسانکردن و هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی دەنگەکان، چالاکوانانی ژنان بەردەوامن لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و داوای یەکسانی و کەرامەت دەکەن، سەرپێچی لە ڕاستیەک دەکەن کە تادێت بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی قورستر بووە.
ئاسان نییە دەنگی ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی یان دەستگیرکردن دەبن یان ئەوانەی تووشی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە لە کایەی گشتی بوون، ئاسان نییە، کاری داکۆکیکارانی مافی ژنان لەگەڵ ئاڵەنگاری ئاڵۆزدا دەبڕێت، سەرەتا لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستانە لە هەندێک لایەنەوە دەست پێدەکات، درێژدەبێتەوە بۆ ئەو سنووردارکردنانەی کە چالاکوانان وتیان کاریگەرییان لەسەر کاری مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ هەیە، سەرەڕای ئەوەش، بزووتنەوەکانی ژنان بەردەوامن لە بەرزکردنەوەی داواکارییەکانیان کە پەیوەندییان بە پاراستن لە توندوتیژی و دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتییەکی سیاسی دادپەروەرانە و فراوانکردنی شوێنی ئازادی و بەشداریکردن هەیە.
چالاکوانان دووپاتی دەکەنەوە، کە ساڵانی ڕابردوو شایەتی پەرەسەندنی فشارەکانی سەر بەشێک لە ژنانی کارکردن لە بواری مافەکانی مرۆڤدا بووە، لەوانەش هەڵمەتی چەواشەکاری و تۆقاندن، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی کە بەردەوام نەبن لە کارەکانیان بەرەو ڕاستیەکی دادپەروەرانەتر بۆ ژنان لە تونس.
”هەراسانکردن و سنووردارکردن”
سەبریە فریخە، چالاکوانی ژنان ڕایگەیاند، کە بەرگریکارانی مافی ژنان ڕووبەڕووی پابەندبوونێکی پڕ لە فشارە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان دەبنەوە، لە نێوان گرژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و ئاڵەنگاریە ناوخۆییدا، هەروەها ئەم پابەندبوونە ڕەوشتی و کەسی و بەکۆمەڵە و هەرکەسێک باوەڕی بە پێویستی بەرگریکردن لە ژنان هەیە، پێویستە بەهاکانی مافی مرۆڤ بەرجەستە بکات و لە هەموو کاتێکدا و لە هەموو بارودۆخێکدا ئەم ئەرکە بپارێزێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، داکۆکیکارانی مافی ژنان لە تونس، لەنێو ئەم فشارە سیاسیانە و دەستگیرکردنانەدا، دوو ڕۆڵ دەگێڕن، بەرگەی هەراسانکردنی کۆمەڵایەتی دەگرن لە کۆمەڵگەیەکی کۆنەپەرستدا، ئەمە جگە لە هەراسانکردنی دیجیتاڵی لەسەر پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی، ئەم هەراسانکردنە بێڕێزی و هێرش و قسەی ناشرین لەخۆدەگرێت، کە هەندێکجار دەتوانێت بەرەو توندوتیژی جەستەیی پەرەبسێنێت، هەروەها ژنانی بەرگریکاران دوور لە ڕاستی دەژین، بەڵام لە ئەرکەکەیاندا چەسپاو دەمێننەوە بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و پاراستنی کەرامەتیان.
دووپاتکردەوە، زۆرجار شەڕەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر جەستەی ژنان هەیە، بە ئاماژەدان بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی غەززە، سودان، سووریا و ئێران، کە خوێندنگەیەکی منداڵانی کچان بۆردوومان کراوە و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەستداوە، ژنان ڕووبەڕووی دوو چەوساندنەوە دەبنەوە لەلایەن کۆمەڵگە پیاوسالارییەکان و ڕژێمە کۆنەپەرستەکان و شەڕەکانەوە، ئێمە جەخت لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان و کۆڵنەدان و بەهێزکردنی هاودەنگی ژنان دەکەینەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی بەرچاوی مافەکانی ژنان.
سەبریە فریخە داوای دابینکردنی شوێنی پارێزراو بۆ ژنان و ژنانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی کرد، داوای لە زیانبەرکەوتوواونی توندوتیژی کرد بەربەستی ترس و بێدەنگی بشکێنن و ئەزموونەکانی خۆیان ڕاپۆرت بکەن، ساتەکانی سستیتان لەگەڵ ئێمەدا بەش بکەن ئێمە لەگەڵتانین.
هەڵگرانی ئازار
سوعاد بو عتوور، چالاکوانی ژنان، وتی: پابەندبوون بە پرسی ژنان و هاوسۆزی لەگەڵ ئازارەکانیان کارێکی ئاسان نییە، بەڵکو ئەرکێکی مرۆیی و ڕەوشتیە کە دەبێت تا ئەوپەڕی توانا جێبەجێ بکرێت بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتوون، هەروەها ئەو هەڕەشەیانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە دوو لایەنە، بەو پێیەی تووشی ناوزڕاندن و تۆمەتی خیانەت و هەراسانکردن دەبن کە خێزانەکانیان دەگرێتەوە، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی لە درێژەدان بە خەبات بۆ گەیشتن بە یەکسانییەکی تەواوەتی ڕەگەزی ڕابگرن.
سەبارەت بە کاریگەریی پابەندبوونی ژنانی لەسەر ژیانی تایبەتی خۆی، چالاکییەکەی لە ژیانی تایبەتی خۆی جیاناکاتەوە، بەتایبەتی کە وەک گوێگرێک بۆ زیانبەرکەوتوواونی توندوتیژی لەناو کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونسدا کاردەکات و لە ژنان و ئازارەکانیانەوە نزیکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمەڵەکە دانیشتنەکانی چاودێریکردن بۆ ئەو گوێگرانە دابین دەکات کە ڕۆژانە کارلێک لەگەڵ زیانبەرکەوتوواونی توندوتیژی دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان لەو کاریگەرییە دەروونییە نەرێنییانە بەدوور بگرن کە ڕەنگە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی گوێگرتن هەبێت.
”پابەندبوون و بەرخۆدان”
مریەم قیزانی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و ژنان ڕوونیکردەوە، کە پێشێلکارییەکانی دژی داکۆکیکارانی مافی ژنان چڕتر بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە پابەندبوونە چەسپاوەکانیان سەرەڕای ئەو هەراسانکردنە ڕەوشتی و دەروونییەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، چ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و چ لە بواری گشتیدا، کە تادێت بەرتەسکتر بووەتەوە لە هەوڵێک بۆ تۆقاندن و کەمکردنەوەی چالاکییە مەدەنییەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی هێرشی هێزە پیاوسالارییەکان بوونەتەوە، ئامانج لێی فشارخستنە سەریان و ڕێگریکردنە لە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان، کە ئەم هێزانە بە "بدعە" دەزانن، هاوکات لە هەمان کاتدا ئەو ململانێیانە دەشێوێنن و پەراوێز دەخەن.
جەختی لەوەکردەوە، کە داکۆکیکارانی مافی ژنان لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئاڵۆزتر دەبنەوە لە لایەن کۆمەڵگە پیاوسالارەکان و دەسەڵاتداران و ململانێ نیشتمانی و خێڵەکیەکانەوە، کە لەم دواییانەدا شەڕ لەگەڵ ئێران بووە، ئاماژەی بە تیرۆرکردنی یەنار محەمەد، چالاکوانی عێراقی لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە بەغدا هێنایەوە و توندوتیژی و ئاژاوە بە پلەی یەکەم ژنان و دەنگە پێشکەوتنخواز و ئازادەکان دەکەنە ئامانج کە هەوڵدەدەن بەرگری لە مافەکانیان بکەن.
لە کۆتای قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە زەمینە ناوخۆیی و ناوچەییەکان داوا لە چالاکوانان دەکەن کە هاودەنگی سنووربەزێن بەهێز بکەن و میکانیزمەکانی هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری و ڕاگرتنی ئەو توندوتیژی و تیرۆرانە بوەستێنن کە بوونەتە ئامرازی تۆقاندن و تیرۆر، وەک ژن پێویستە شوێنی پارێزراو بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانمان و بوونی خۆمان لە کایەی گشتیدا دروست بکەین.