ئەو یاسایانەی کە ژنان دەپارێزن لە تونس جێبەجێ ناکرێن
لە تونس ئەو یاسایانەی کە ژنان دەپارێزن جێبەجێ ناکرێن ژنان لە زۆر ڕووەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەرچەندە یاساگەلێکی زۆر هەیە بۆ پاراستنی ژنان لە وڵاتدا، بەڵام توندوتیژیەکان لە زیادبووندایە، چونکە جێبەجێ ناکرێن.
زهور مەشریقی
تونس- لە تونس ژنان بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە هەموو بوارەکاندا، سەرەڕای بوونی ژمارەیەک یاسا کە مافی ژنان دەپارێزێت، توندوتیژی لە وڵاتدا زیاتر دەبێت.
مونیرە حلیمی، لە سەندیکای کرێکاری و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە ناوچەکانی ناوەوەی تونس دوو لایەنە و وتی: بەهۆی ئەوەی ژنان ئاگاداری یاساکان نین، ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن، کۆمەڵەی ژنان کار لەسەر ئەمە دەکەن بۆ ئەوەی ژنان ئاگاداری ئەو یاسایانەبن کە دەیانپارێزن.
"ژنان لە بیروڕای کۆمەڵگە دەترسن و دەکشێنەوە"
مونیرە حلیمی ئاماژەی بەوەکرد، ڕاستی ژنان لە ناوچە پشتگوێخراوەکانی تونس هێشتا سەختە بەهۆی عەقڵیەتی باڵادەستی پیاوانەوەو وتی: ئێستاش ژنان لە بۆچوونی کۆمەڵگە دەترسن، ئەمە وەک سەندیکایەکی کرێکاری دەڵێم کە داکۆکی لە مافی کرێکارانی کێڵگەکان دەکات، لە کارگەکان توندوتیژی دژی ژنان بە هەموو جۆرەکانییەوە زیادی کردووە، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا، هەروەها بەس نییە بۆ پێداویستییە ڕۆژانەکانیان لەکاتێکدا زۆربەی ئەم ژنانە بەرپرسیارن لە خێزانەکانیان.
"مووچەی یەکسانیان دەست ناکەوێت"
مونیرە حلیمی ڕەخنەی لە پرسی زەحمەت کردنی زەوی بۆ ژنان بۆ پڕۆژەکانی خۆیان گرت و وتی: بەهۆی پشتگوێخستنی ناوچە گوندنشینەکان، زۆربەی ژنان دەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ زەوییەکەدا بکەن و مافی خۆیانە زەوی وەربگرن و پڕۆژەکانیان ئەنجام بدەن، بەڵام سەختی هەیە ل دابینکردنی زەوی بۆیان، هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر ئەو ژنانە دەکرێت، بەڵام ژنان لە سکاڵاکردن دەترسن، ژنانیش هەروا دەترسن بچنە ناو شوێنە گشتیەکان و کاری سیاسی، چونکە دەزانن ئەمە قبوڵ ناکەن.
مونیرە حلیمی سەبارەت بە یاسای ٥٨ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان کە لە ساڵی ٢٠١٧ دەرچووە وتی: ئەمە یاسایەکی شۆڕشگێڕانەیە، وەک چالاکوانی ژنان دڵخۆش بووین کاتێک دەرچوو،پێمان وابوو توندوتیژی کەم دەبێتەوە، بەڵام دەبینین زیادی کردووە. چونکە بە شێوەیەکی تەواو و چالاک کاریگەری نەبووە.
"توندوتیژی ئابووری دژی ژنان دەکرێت"
فاتن مەهناوی، پارێزەر و مافناس وتی: شەڕ دژی توندوتیژی کێشەی یاسایی ناگرێتەوە چونکە تونس وڵاتێکی یاساییە و یاسایەکی تەواوی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە هەموو شێوەکانیەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە چۆن ژنان دەتوانن داوای مافەکانیان بکەن، چۆن ژنان دەتوانن ئەمانە جێبەجێ بکەن؟ زۆربەی کات، ژنان سکاڵای یاسایی لەسەر هاوژینەکەیان یان یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان تۆمار دەکەن.