"یاسایەک بۆ شەش دەیە پێش ئێستا بگەڕێتەوە، ناتوانێت کێشەکانی ئێستامان چارەسەر بکات"
هەموار کردنەوەی یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی ژنان و منداڵان پەلکێشی ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەکات، پارێزەر چرۆ شوانی دەڵێت: دەبێت دەستەی دادوەری دەستپێشخەری بکات لە ڕێگری کردنی هەموارکردنەوەی یاساکاندا.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ هەموار کردنەوەی یاساکان ژنان و منداڵان بۆ عەقڵیەتی پیاوسالاری و مەزهەبگەرایی پەلکێش دەکات، یاسای ١٨٨ی سالی ١٩٥٩ی عێراقی ماف بە پیاوان دەدەن ژن و منداڵەکانیان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، هەبوونی مافی دایکایەتی لە ژنان وەردەگرنەوە، لە تەمەنی ٩ ساڵیدا ڕێگە بە باوکان دەدات هاوسەرگیری بە منداڵەکانی بکات، هەموار کردنەوەی یاساکان دەریدەخەن کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن، سەرەڕای هەبوونی دیاردەی جیابوونەوەی هاوژینەکان کە هۆکاری بۆعەقڵیەت دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ئێستادا دەگەڕێنەوە بۆ شەش دەیە پێش ئێستا کە عەقڵیەتی کۆمەڵگە بەرەو لاوازبوون دەبات، نەبوونی هەڵوێستی دادوەر و یاساناسان و تاکەکانی کۆمەڵگە ژیانی ژنان و منداڵان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.
"هەموار کردنەوەی یاساکان پێویستی بە لەبەرچاو گرتنی هەموو کولتوورەکانە "
چرۆ شوانی، پارێزەر لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکرد، یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩عێراقی تەواوی بابەتە خێزانییەکان لەخۆ دەگرێت، گەڕانەوە و هەموارکردنەوەی یاساکان بۆ شەش دەیە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، وتیشی: کۆمەڵگە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو گەورەبوون و گەشەکردن دەچێت، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و کێشەکانی کۆمەڵگەش بەرەو زیادبوون دەچێت، یاسایەک کە بۆ شەش دەیە پێش ئێستا بگەڕێتەوە ناتوانێت کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکات، کاتێک یاسایەک هەموار دەکرێتەوە، پێویستە کاروباری کۆمەڵایەتی، ئایینی، ئابووری و سیاسی کۆمەڵگەکان هەڵبسەنگێندرێت، هەروەها بە کرانەوەی کۆمەڵگە، چەندین کولتووری دیکە دێتە وڵاتەکەتەوە، کاتێک یاسا هەموار دەکرێتەوە پێویستە تەواوی کولتوورەکان لەبەرچاو بگیرێت.
ئەو پارێزەرە وتی: هەموار کردنەوەی یاساکە بۆ عەقڵیەتێکی زۆر لە پێش ساڵی ١٩٥٩ دەگەڕێتەوە، دەرکەوتنی یاساکە کاریگەری خراپ لەسەر کۆمەڵگە و تاکەکان بە جێدەهێڵێت، لە ئێستادا کۆمەڵگە بەدەست دیاردەی جیابوونەوەوە دەناڵێنێت، لە دەوای لێکۆڵینەوەی جیابوونەوە بۆمان دەردەکەوێت هۆکاری زۆربەی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان بۆ هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووکدا دەگەڕێتەوە، بەڵام لە هەموار کردنەوەی یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی، ئاماژە بەوەدەکات ژن لە دوای باڵقبوونییەوە ئەنجامدانی هاوسەرگیری بەسەردا دەسەپێت، لە کاتێکدا منداڵی کچمان هەیە لە تەمەنی ٩ ساڵیەوە باڵق دەبێت، هەبوونی ئەم یاسا سەپاندنە بەسەر منداڵانی تەمەن ٩ ساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ مەزهەگەرایی لە یاساکاندا.
"دادوەران و یاساناسان ئەرکیانە پێش بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی بگرن"
چرۆ شوانی، ئاماژەی بەوەکرد، هەبوونی یاسای باری کەسێتی عێراقی منداڵانی کچ دەکاتە پێوەری پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری، لە کاتێکدا بەشێک لە منداڵان لە تەمەنی ٩ ساڵیدا باڵق دەبن و لەکاتێکدا پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری بە پێوەری باڵقبوونی عەقڵ دروستە تا بتوانن ژیانی هاوژینی پێکبهێنن، وتیشی: زیاد بوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە دادگاکاندا نیشانمان دەدەن باڵق نەبوونی عەقڵ و نەبوونی تەمەنێکی گونجاو بۆ دروستکردنی خێزان هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکانە، لە کاتیکدا کێشە کۆمەڵایەتییەکان و جیابوونەوەی هاوژینان بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار، هەموار کردنەوەی یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و دیاردەکانی جیابوونەوە دوو هێندە ڕوو لە زیادبوون دەکات، مەزهەبگەرایی بەسەر یاساکاندا زیاد دەکات، بۆ ڕوبەڕووبونەوەی یاساکە پێویستی دەکرد دەستەی دادوەری دەستپێشخەری بکات لە ڕێگری کردنی هەموارکردنەوەی یاساکاندا.
ئەو پارێزەرە لە کۆتاییدا، ئاماژەی بەوەکرد، دەستپێشخەری پارێزەران و دەستەی دادوەری بۆ ڕوبەڕووبونەوەی یاساکان گرنگە، وتی: لە ڕێگەی دادوەران و یاساناسانەوە دەتواندرێت ڕوبەڕووی ئەم هەموارکردنەوەی یاسایە بۆستینەوە، چۆن ژنانی چالاکوان گروپ و دەستە پێکدەهێنن و ڕوبەڕووی یاساکان دەوەستنەوە، پارێزەران پێویستە ڕوبەڕووی ئام یاسایانە بوەستنەوە، چونکە ئێمە پارێزەرین دەزانین لە دادگاکاندا چی بە ناوی یاساوە دەگوزەرێت.