یاساکان لە مەغریب نەبوونەتە ڕێگر لە بەردەم فرەژنی و هاوسەرگیری منداڵان

هاوسەرگیری منداڵان کە منداڵی دەدزێت و فرەژنی کە زۆرجار دەبێتە ئاماژەیەک بۆ بریندارکردنی شکۆمەندی ژنان و تێکدانی مافەکانیان، ئەو بابەتانەن کە ئاشکرای دەکەن توندوتیژی لە یاسا و پراکتیکەکاندا ڕەگ و ڕیشەی قووڵی هەیە کە بەپەلە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.

حەنان حارت

 

مەغریب- لەناو گفتوگۆیە نیشتمانییە بەردەوامەکانی دەوروبەری چاکسازی لە یاسای خێزان لە مەغریب، کۆمەڵێک بابەتی هەستیار کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر مافەکانی ژنان هەیە سەریان هەڵداوەتەوە، دیارترینیان هاوسەرگیری منداڵان و فرەژنین.

 

غەزلان ماموونی، چالاکوانی ژنان و سەرۆکی کۆمەڵەی "چۆن دایک و چۆن باوک"، هەروەها یەکێک لە چالاکوانە دیارەکانی کارکردن لەسەر پرسەکانی خێزان و منداڵان، شیکارییەکی ڕەخنەگرانە بۆ بڕگە یاساییەکانی ئێستا پێشکەش دەکات، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسەکەمان، ڕوونی دەکاتەوە، کە یاسای تایبەتیە سەبارەت بە تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری دەرگایەکی کراوە بۆ بەردەوامبوونی پراکتیزەکردنی هاوسەرگیری منداڵان دروست دەکات، هەروەها باس لە پرسەکانی پەیوەست بە فرەژنی دەکات و هۆشداری دەدات لە پێشنیارە نوێیەکان کە بە "پاشکەوتنێک"ی دەزانێت، کە ڕاستەوخۆ پێشێلکردنی شکۆمەندی ژنان و نهێنی زانیارییە تەندروستییەکانیان دەکات.

 

''هاوسەرگیری منداڵان تا ئێستاش یەکێکە لە پرسە هەستیارەکانی وڵاتی مەغریب، بەڕای ئێوە، ئەوپرسە هەرە گرنگانە چین کە لە یاسای خێزاندا بەردەوامن سەبارەت بەم بابەتە؟''

پرسی بنەڕەتی ئەوەیە کە یاسای ئێستای خێزان، هەرچەندە تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بە ١٨ ساڵ دادەنێت، بەڵام هێشتا بۆشایی و تایبەتی بەرفراوان دەهێڵێتەوە کە دەسەڵات دەدات بە دادوەرەکان بۆ هاوسەرگیریکردنی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بەبێ ڕەچاوکردنی کەمی تەمەنەکە، کە ئەمەش دەرگا بەڕووی کەیسە ڕاستەقینەییەکاندا دەکاتەوە کە منداڵانی کچی تەمەن ١١ و ١٢ ساڵان هاوسەرگیریان کردووە، چونکە دەقەکە بە ئاشکرا قەدەغەی نەکردووە.

 

هەرچەندە مەرجی یاسایی هەیە بۆ تایبەتی، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێزیان لێناگیرێت، زۆرجار داواکاری هاوسەرگیری بەبێ لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕاستی و بەبێ هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینە بۆ بارودۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی وەرگیراوە.

 

ئەم پرسە زیاتر خراپتر دەبێت بەهۆی ئەو پێشنیارانەی حکومەتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٣ دەرچوون، لە کاتێکدا تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریان لە ١٨ ساڵیدا پاراست، بەڵام سنووری تەمەنی تایبەتیان بە ١٧ ساڵ دانا، وەک ئەوەی تاکە پرس دابەزاندنی بۆ خوار ١٧ ساڵ بێت، ئێمە ئەم لۆژیکە بە تەواوی ڕەتدەکەینەوە، پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی لە پلەی یەکەمدا تایبەتیەکە بپارێزرێت؟

تەمەنی ١٨ ساڵ ژمارەیەکی ئاماژەی نییە، تەمەنی زۆرینەی یاساییە، کە هاوڵاتی توانای دەنگدان و وەرگرتنی ئەرکە مەدەنییەکان و بەڕێوەبردنی دارایی خۆی دەبێت.

 

تێنەگەیشتن کە دەوڵەت هاوڵاتییەک بە بێتوانا بزانێت لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی یاسایی پێش ١٨ ساڵ، بەڵام لە هەمان کاتدا پێش ئەم تەمەنە بە شایستەی هاوسەرگیری دەزانێت، ئەمە دژایەتییەکی قووڵ و پاشەکشەیە لە پاراستنی منداڵانی کچ، بۆیە ئێمە داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ئەو تایبەتیە دەکەین نەک تەنها ڕێکخستنی.

 

''ئەگەر بچینە سەر فرەژنی، بابەتێک کە شاهیدی گفتوگۆی بەردەوامە، لە کوێدا کەموکوڕی دەقی ئێستا و پراکتیکی ڕاستەقینەی دەبینیت؟''

پرسی فرەژنی دوو لایەنە، یاسایی و کردەیی، یاسای ئێستا پێویستی بە ڕەزامەندی ژنی یەکەم هەیە، بەڵام لە پراکتیکدا ئەمە دەبێتە تەنها فۆرماڵیزمێک، چونکە زۆرجار ئەو ڕەزامەندییە لە ژێر فشاری دارایی یان کۆمەڵایەتیدا دەردەهێنرێت، یان لە ڕێگەی بڕیارەکانی دادگاوە دەورەدرێت کە ڕێگە بە پیاوێک دەدات ژنێکی دیکە وەربگرێت بەبێ ئەوەی ڕێز لە خواستی ژنی یەکەم بگرێت.

 

لە ڕاستیدا ژنان خۆیان لەبەردەم دووڕیانێکی سەختدا دەبیننەوە: یان بە پێچەوانەی ویستی خۆیان فرەژنی قبوڵ دەکەن، یان ڕوبەڕووی جیابوونەوە و لێکەوتە قورسەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە، ئەمەش وا دەکات کە مەرجی "ڕەزامەندی" تەنها ڕووبەرێک بێت کە ڕەنگدانەوەی هاوسەنگی ڕاستەقینەی هێز لەناو خێزانەکەدا نەبێت.

 

سەبارەت بە هەموارکردنە پێشنیار کراوەکانی یاسای خێزان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ کە لەلایەن لیژنەی پێداچوونەوە بە یاساکانەوە لەسەر داوای حکومەت پێشکەش کراوە، بەداخەوە شکست دەهێنن لە چارەسەرکردنی پرسە بنەڕەتییەکان، بەڵام هەندێکیان نوێنەرایەتی پاشەکشەیەکی ڕاستی دەکەن، ئەم پێشنیازانە بریتی بوون لە پاراستنی فرەژنی، لەگەڵ زیادکردنی بڕگەیەکی نوێ کە ڕێگە بە ژنەکە دەدات لە یەکەم ڕێکەوتنی هاوسەرگیرییەوە ڕەزامەندی خۆی بۆ فرەژنی واژۆ بکات، ئەم هەنگاوە لەلایەن داکۆکیکارانی مافی مرۆڤەوە بە ناڕاستەقینە زانرا، چونکە ژنێکی گەنج کە خەریکە هاوسەرگیری دەکات لە پێگەیەکی دەروونی یان کۆمەڵایەتیدا نییە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە دەرئەنجامەکانی ئەم بڕیارە لەسەر داهاتووەکەی تێبگات، جگە لەوەش پێشنیارەکان نەیانتوانی پرسەکانی فشار یان نایەکسانی لەناو پەیوەندی هاوسەرگیریدا چارەسەر بکەن، ئەمەش ئەم "ڕەزامەندییە"ی زیاتر کردە فۆرماڵیزمێک نەک مسۆگەرییەکی ڕاستەقینە.

 

''هەروەها مەرجی نوێ بۆ فرەژنی پەیوەست بە تەندروستی ژنەکە پێشنیار کرا، بۆچی ئەمانە بە مەترسیدار دەزانن؟''

ئەمەش یەکێکە لە لایەنە مەترسیدارەکانی پێشنیازە نوێیەکان، چونکە ئەگەری ئەوە دەدات بە پیاوان ژنی دووەم  بهێنن ئەگەر ژنی یەکەمیان تووشی کێشەیەکی تەندروستی بوو کە ڕێگری دەکات لە منداڵبوون یان "ئەرکی هاوسەرگیرییەکەی جێبەجێ بکات".

یەکەم مەترسی لێرەدا پێشێلکردنی نهێنی پزیشکی ژنانە، قبوڵ ناکرێت پیاوێک دۆسیەی پزیشکی هاوژینەکەی بخاتە بەردەم دادوەرێک بۆ ئەوەی پاساو بۆ ئارەزووی فرەژنی خۆی بسەلمێنێت، ئەمەش ژنەکە ئاشکرا دەکات و تەندروستی جەستەیی و منداڵبوونی دەکاتە بابەتی گفتوگۆ لە ناو دادگاکاندا، کە ئەمەش بێ ڕێزیکردنە بە شکۆمەندی.

 

مەترسی دووەم لەوەش ڕاستەقینەترە، ئەویش بەستنەوەی فرەژنیە بەو شتەی کە پێی دەوترێت "جێبەجێکردنی ئەرکی هاوسەرگیرییەکەی"، واتە پەیوەندی سێکسی، ئەمەش ئەو تێڕوانینە بەهێزتر دەکات کە ژن لە ڕووی یاساییەوە پابەندە بە پەیوەندی سێکسییەوە تەنانەت ئەگەر ئارەزووی ئەوەشی نەبێت.

 

لە کاتێکدا ئێمە ئەمڕۆ کاردەکەین بۆ داننان بە دەستدرێژی هاوسەرگیری، ئەم پێشنیازانە دەمانباتە دواوە، پەیوەندییە سێکسییەکان دەگۆڕن بۆ ئەرکێکی سەپێنراو کە ژێردەستەی فرەژنی بێت.

 

پەیوەندی سێکسی لەناو هاوسەرگیریدا دەبێت هەمیشە بە ڕەزامەندی بێت و ناتوانێت ببێتە پێوەرێکی یاسایی بۆ بڕیاردان لەسەر شایستەیی یان شیاوی ژن وەک ژن.

 

''ئەگەر پیاوێک لە پەیوەندی هاوسەرگیری یان ژیانی ڕۆژانە ناڕازی بێت، ئایا فرەژنی چارەسەرە؟''

بە هیچ شێوەیەک نابێت، ئەگەر پیاوەکە چیتر لە پەیوەندییەکە ڕازی نەبوو یان تووشی کێشە یان ناکۆکی بووەوە، هەمیشە جیابوونەوە بژاردەیە، هیچ پاساوێک نییە بۆ گۆڕینی کێشەی هاوسەرگیری یان تەندروستی کە ژنێک تووشی دەبێت بۆ بیانوویەکی یاسایی فرەژنی، هاوسەرگیری پەیوەندییەکی مرۆییە پێش ئەوەی ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی بێت، لەسەر بنەمای یەکسانی سۆزداری و ڕێزگرتنی یەکتر، ئەو ساتەی نەخۆشی ژن یان دابەزینی توانای سێکسی یان منداڵبوونی وەک پاساوێک بۆ هێنانی ژنی دووەم بەکاردێت، کە لە ڕاستیدا ئێمە باسی چارەسەرێک ناکەین بەڵکو باس لە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و وازهێنان لە هاوبەشی ژیان دەکەین لە لاوازترین ساتەکانیاندا.

 

کاتێک فرەژنی لەسەر بنەمای ئەو جۆرە پاساوانە بێت، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ مۆڵەت بۆ ناپاکی هاوسەرگیری لە ژێر پەردەی یاسادا دەدەین، بناغەی بابەتەکە ئەوەیە کە پیاوەکە لەبری پابەندبوون بە مامەڵەکردن و پشتیوانی و دڵسۆزی پەیوەندییەکی دیکە هەڵدەبژێرێت، لێرەدا جەستە و تەندروستی ژن کورت دەبێتەوە بۆ کارکردنێک، "ئەگەر بەشێوەیەکی خراپ کار بکات، دەتوانرێت بگۆڕدرێت"، چەمکێک کە شکۆی ژنەکە پێشێل دەکات و مرۆڤایەتیەکەی دەسڕێتەوە.

 

لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئەم جۆرە فرەژنییە تێڕوانینێکی مەترسیدار بەردەوام دەکات کە بەهای ژن بەستراوەتەوە بە توانای منداڵبوون یان جێبەجێکردنی ئەرکی هاوسەرگیری و ئەگەر نەخۆش بێت یان لاواز بێت، ئەوا جێگرەوەی دەبێت، لە ڕوانگەی یاسایی و دەروونی و ڕەوشتیەوە ئەمە پێشێلکردنی ئاشکرای شکۆمەندی ژنان و خودی ڕۆحی دامەزراوەی هاوسەرگیرییە.

 

جگە لەوەش یاساکە مافی جیابوونەوە وەک میکانیزمێک بۆ کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکە کە کاتێک دەگاتە چەقبەستوویەک دەناسێت، کە ئەمەش بژاردەیەکی ڕوون و ئاشکرا و ڕاستەوخۆیە، پێویستی بە هیچ دەربازبوونێک نییە لە ڕێگەی دامەزراندنی پەیوەندییەکی دیکەی هاوسەرگیرییەوە، لەم کەیسانەدا فرەژنی کێشەکە چارەسەر ناکات بەڵکو زیاتر خراپتری دەکات، چونکە خێزانێکی دووەم دروست دەکات کە لەسەر ئەو برینانەیە کە بەسەر ژنی یەکەمدا هاتووە.

 

بۆیە ئێمە نەک هەر دژایەتی بەکارهێنانی نەخۆشی یان کەمئەندامی دەکەین وەک پاساوێک بۆ فرەژنی، بەڵکو بە شێوەیەکی توندوتیژیی یاسایی دەزانین، بەو پێیەی هەڵاواردن یاسای دەدات و ئازارەکانی ژن دەگۆڕێت بۆ هۆکارێک بۆ سزادانی لەبری ئەوەی پاڵپشتی بکات.