توندوتیژی بێ سزا... ژنانی کەمینە ئایینییەکان لە بەردەم جیاکاری لە دادگاکانی کۆماری ئیسلامیدا

ژنانی سەر بە کەمینە ئایینییەکان لە ئێران، هاوکات لەگەڵ جیاکاری ئایینی، ڕووبەڕووی نایەکسانی ڕەگەزی و بەربەستە دادوەرییەکان دەبنەوە، بارودۆخێک کە گێڕانەوەکانیان دەربارەی دادگاکان و ژینگەی کار دەگۆڕێت بۆ نموونەیەک لە توندوتیژی و ستەم.

سارا پورخەزری

 

کرماشان ـ سیستەمی یاسایی کۆماری ئیسلامی هەمیشە لەسەر بنەمای یەکسانی مرۆڤایەتی سزای کوشتن دیاری ناکات، لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەر قوربانییەکە ناموسڵمان بێت و بکوژەکە موسڵمان بێت، دەکرێت بکوژەکە لە تۆڵەسەندنەوە بێبەری بێت یان سزای کەم بکرێتەوە کە جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ بێتاوانی لە تاوانەکە، ئەم پرسە دیسان پرسیاری بنەڕەتی سەبارەت بە هەڵاواردنی ئایینی و ڕەگەزی و نایەکسانی لەبەردەم یاسا و بەهای ژیانی مرۆڤ لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەوروژێنێت.

 

ئایین کاریگەری لەسەر سزا هەیە

بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامی لە هەندێک حاڵەتدا جێبەجێکردنی تۆڵەسەندنەوە پێویستە بە مەرجێک ئایینی بکوژ و قوربانی یەکسان بێت. بۆیە ئەگەر قوربانییەکە موسڵمان نەبووبێت و بکوژەکەش پێش جێبەجێکردنی سزاکە موسڵمان بووبێت، لەوانەیە تۆڵەسەندنەوە بۆی دەستبەرداربێت، لە هەندێک حاڵەتی تردا ناسنامەی ئایینی ئەو دوو لایەنە کاریگەری لەسەر جۆر و بڕی سزاکە هەیە، تەنانەت لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی بکوژەکە لە تۆڵەسەندنەوە و سزای دیکە بەخشیبێت، لەوانەش زیندانیکردن یان غەرامەکردنی دارایی.

تەنها سێ ساڵ زیندانیکردن بۆ بکوژی ژنێکی یارسان

مەعسوومە. ت، کە یەکێکە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان لە کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چیڕۆکی کوژرانی خوشکەکەی لەلایەن هاوژینەکەیەوە دەگێڕێتەوە، تاوانێک کە دوو دەیەی پێش ئێستا ڕووی دا، وتی: خوشکەکەم تەنها ١٩ ساڵ تەمەنی بوو کاتێک هاوژینەکەی بە چەقۆ کووشتی، پاشان خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد، ئێمە باوەڕمان وابوو کە دانپێدانانەکەی رێگەی دادپەروەری ڕوون دەکاتەوە، بەڵام هەموو شتێک لە دادگادا گۆڕا، هاوژینی خوشکەکەم بانگەشەی ئەوەی کرد کە خوشکەکەم بێڕێزی بە باوەڕە ئایینییەکانی خێزانی هاوژینەکەی کردووە، لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ کەسانێک کە شەیتان دەپەرستن و لە پێناوی بەرگریکردن لە پیرۆزییەکاندا کووشتوویەتی.

 

یاسا لەم جۆرە حاڵەتانەدا وەک دەردەکەوێت بە کردار پشتگیری ئەو کەسە ناکات کە تۆمەتبارن بە بێڕێزیکردن بە پیرۆزی ئایینییەکان، هەروەها بانگەشەیەکی لەم شێوەیە دەتوانێت ڕێڕەوی دۆسیەکە بە تەواوی بگۆڕێت لە بەرژەوەندی بکوژدا، وتی: ئێمە دڵنیابووین کە خوشکەکەم هەرگیز شتی وای نەوتبوو، ئەو ئەم چیڕۆکەی دروستکردبوو بۆ ئەوەی لە بەرپرسیارێتی کوشتنی خۆی دەرباز بکات و لە سزا ڕزگاری بێت.

 

ڕوونیکردەوە، کە بۆ چەندین مانگ لە دادگاکان شەڕمان کرد، بەڵام ئەم یارییە یاسایی و ئایینییە ئاڵۆزە ڕاستییەکەی شاربووەوە و لە کۆتاییدا، دوای هەموو ئەو ململانێیانە، هاوژینی خوشکەکەم کەمتر لە سێ ساڵ لە زینداندا مایەووە، زوو ئازاد کرا، ماوەیەکی کەم دوای ئەوە بە دزییەوە وڵاتی بەجێهێشت.

 

جیاکاری لە دادگادا بۆ فشاری دوو هێندە لەسەر ژنان

شەکیلا. ق، کە قوتابییەکی بەشی یاسایە لە کرماشان وتی: یاسا و ڕێساکانی بەکاربردوو لە کۆماری ئیسلامیدا هەمیشە سنوورێکی ڕوونیان کێشاوە لە نێوان خەڵکدا لەسەر بنەمای ئایین و باوەڕەکەیان، سەرەڕای ئەوەی یاسا لە ڕووکەشدا، بە ئاشکرا ئاماژە بەم جیاکارییە ناکات، بەڵام کەمینە ئایینییەکان لە ڕاستییدا لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشکراون، زۆر ئاسانە لە دادگاکاندا تۆمەتبار بکرێن، تەنانەت بێ بەڵگەی پێویستیش.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەوە بەسە لایەنی بەرامبەر لە دادگادا کەسێکی موسڵمان بێت،لەم جۆرە بارودۆخانەدا تەواوی ڕێکارەکانی دادگاییکردن بە جۆرێک دەڕۆن کە گوایە سەر بە ئاینی کەمیننە خۆی لە خۆیدا تاوانە، کەسی ناموسڵمان هەر لە سەرەتاوە خۆی لە پێگەیەکی لاوازدا دەبینێتەوە.

 

لەو جۆرە بارودۆخانەدا، دادگا، لە جیاتی ئەوەی دەزگایەکی بێلایەن بێت، دەتوانێت کاریگەر بێت بە ناسنامەی ئایینی و ڕەگەز، لەم دیدگایەوە، ئاینە کەمینەکان ڕووبەڕووی لاوازی پێکهاتەیی دەبنەوە، لە کاتێکدا بوونی کەسەکە بە ژن توندی و ئاڵۆزی ئەم فشارانە زیاتر دەکات.

 

دوو ئاست لە جیاکاری

لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندین ژنی سەر بە ئاینە کەمینەکان لە ئێران، لەوانە بەهاییەکان، یارسانییەکان و ئەوانی تر، ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن، زیندانیکردن و سزای قورس بوونەتەوە.

 

لەم پرۆسەیەدا دوو هۆکاری گرنگ هەیە، ئەوانیش ژن بوون و خاوەنی بیروباوەڕی ئایینی جیاوازن، ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان هەبوو، ئەم دوو هۆکارە نەک هەر بێ ئاکام بوون بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دەرئەنجامی دادگاکان و توندی سزاکان هەبووە.

 

وەک چۆن لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا بەسەر فرانك زەبیحیدا هات، کە هاوکارییەکی بەهاییە، سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەرچوو بە تۆمەتگەلێکی وەک "پڕۆپاگەندە دژ بە سیستەم لە ڕێگەی بانگەشەکردن بۆ ئایینی بەهایی".

 

کاتێک جیاکاری ئایینی دەگاتە ژینگەی کار

فەهیمە. ن، کە ژنێکە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، ئەزموونی خۆی دەگێڕێتەوە و وتی: دوای سێ مانگ لە کارکردن، کاتێک داوای کرێی کارەکەم لە خاوەنکار کرد و هیچ وەڵامێکی نەبوو، وتم سکاڵای لە دژ تۆمار دەکەم بەڵام هەموو شتێک لە دادگادا بۆ بەرژەوەندی ئەو گۆڕا، خاوەنکار بانگەشەی ئەوەی کرد کە منی دەرکردووە بەهۆی هەوڵدانم بۆ بانگەشەکردن بۆ ئایینی یارسان، تەنها ئەم بانگەشەیە بەس بوو بۆ ئەوەی دادگا بە بەرژەوەندی ئەو بڕیار بدات.

 

ئەم گێڕانەوەیە تەنها یەک نموونە لە ڕاستی تاڵی کۆمەڵگە دەردەخات، ڕاستییەک کە دەریدەخات چۆن یاساکانی کۆماری ئیسلامی فشار دەخەنە سەر کەمینەکان بە پشتبەستن بە باوەڕە ئایینییە فەرمییەکان، لە کاتێکدا بوونی ژن وەک ژن دەبێتە هۆکارێکی زیادە کە توندی ئەم فشارە زیاتر دەکات.

 

لەو جۆرە بارودۆخانەدا، ژنانی سەر بە ئاینە کەمینەکان نەک هەر ڕووبەڕووی جیاکاری ئایینی دەبنەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەزیش دەبنەوە، کە تێکەڵەیەکە دەیانخاتە پێگەیەکی دووانەیی و لاوازەوە.

 

ئەم گێڕانەوەیانە وێنەیەکی ڕوون لە پێکهاتەی سیستەمی یاسایی و کۆمەڵایەتی جیاکاریکەر لە ئێران دەردەخەن؛ سیستەمێک کە ژنانی سەر بە کەمینە ئایینییەکان پەراوێزدەخات بە بەکارهێنانی یاسا، باوەڕە فەرمییەکان و دیدگا پیاوسالارییەکەی.