ترافیکەکان هێمای پیاوەکانن و بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ ئەمە بە یاسای جنێف دەزانێت

هێمای تابلۆکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستاندا نیشانەی پاوانن و ژنانی شۆفێر ئەمە وەک هەڵەیەک دەبین، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆش دەڵێت یاسایەکی جنێفە و ئەمان دەسەڵاتی گۆڕینیان نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ بەرەو پێشچوونی سەردەم، ژنان ڕوو لە لێخوڕینی ئۆتومبێل، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، فرۆکە و مۆتۆرسکیل دەکەن، بەڵام هێشتا لەو وڵاتانەی کە بەشدارن لە ڕێکەوتنامەی جنێف لەسەر تابلۆکانی هاتووچۆ هیچ هێمایەکی ژن بەکار نایەت، سەرەڕای ئەوەی کە تابلۆکانی هاتووچۆ موڵکی گشتین و تایبەت نین بە ڕەگەزێکی دیاری کراو، هەروەها بە پێی ئەو داتایانەی لەبەر دەستماندایە ئەوە دەسەلمێنێت کە ژنانی شۆفێر زیاتر پەیرەوی ڕێنمایەکانی هاتووچۆ و ترافیک دەکەن، لە ساڵی ٢٠١٨ دا ٥٠ ژن بە هۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەست داوە و ٣٧٦ ژنیش برینداربوون لە بەرامبەردا ١٣٥ پیاو بریندار بوون و ١١٦٧ پیاویش گیانیان لەدەستداوە.

 

 نەبوونی هێمای ژن لەسەر تابلۆکانی هاتووچۆ یاسایەکی جیهانییە

بۆ باسکردن لە هۆکاری نە بوونی هێمای ژن لەسەر تابلۆکانی هاتووچۆ چوینە لای مقەدەم شیلان عوسمان- لێپرسراوی هۆبەی مۆڵەتی تایبەت لە هاتوچۆی سلێمانی و پێی ڕاگەیاندین: هەرێمی کوردستان و عێراقیش بۆ تابلۆکانی هاتوچۆ بە یاسایەک کار دەکات کە لە ڕێکەوتنامەی جنێفدا دەردەکرێت، لەبەر ئەم هۆکارە هەرێمی کوردستان و عێراق ناتوانن دەستکاری شێوە و ڕەنگی هێماکان بکەن.

 

شۆفێری ژنان، ڕوو لە زیاد بوونە.

لە بارەی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری لە لایەن ژنانەوە مقەدەم شیلان باسی لەوە کرد کە وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری لە لایەن ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیاد بوون دەکات کە تەنها لە ساڵی ٢٠١٨ دا ٣٦٧٧ ژن مۆڵەتی تایبەت و ١٩ ژنیش مۆڵەتی گشتییان وەرگرتووە، ئەم مقەدەمە جەختیشی لەوە کردەوە کە شۆفێرانی ژن زیاتر پابەندی ڕێنمایەکانی هاتووچۆن و کەمتر لە پیاوان سەرپێچی یاساکان دەکەن، ئەمەش وای کردووە ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ بۆ ژنان کەمتر بێت لە پیاوان.

 

ت.پ