"دەبێت ژنان خەبات بکەن بۆ چەسپاندنی مافەکانیان لە دەستوردا"

سەروەر نەبوونی یاسا و ناهۆشیاریی کۆمەڵگە وایکردوە ڕۆژ بە ڕۆژ توندوتیژیەکان زیاتر ببێت، بانوو هەڵەبجەیی دەڵێت: دەبێت ژنان خەبات بکەن بۆ چەسپاندنی مافەکانیان لە دەستوردا.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، ناهۆشیاری، سەروەر نەبوونی یاسا بەرامبەر دۆسیەکانی ژنان و کچ بەزۆر بەشودان لە باشووری کوردستان وایکردوە ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵانە توندوتیژیەکان ڕوو لە زیادبوون بکات، بانوو هەڵەبجەیی، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک باسی خراپی دۆخی باشووری کوردستانی کرد کە چۆن مافەکانیان پێشێل دەکرێت و وتی: نابێت ژنان دەستەوەستان بن بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانە.

 

"بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری مافی ژنان پێشێل دەکرێت"

بانوو هەڵەبجەیی ئاماژەی بەوەکرد، دۆخی ژنان قەت باش نەبووە، چونکە سیستەمی پیاوسالاری لە پێش ڕژێمی بەعس و دوای ئەوە و بە ئێستەشەوە هەر حکوم دەکات، ژن سەرکوت کراوە و ناهێڵن بەشداری بکات لە بواری سەربازی و بوارەکانی تری کۆمەڵگە و لە چوارچێوەی ماڵەوەدا هێشتوویانەتەوە، ئەگەر ژنێکیش داوای ئازادی بکات کۆمەڵگە بە شێوەیەکی تر سەیری دەکات و کۆمەڵگەی باشووری کوردستان مافەکانی ژن پیشێل دەکات و ڕۆژ نیە ژنێک نەکوژرێت بە تایبەتی لەو ڕۆژانەی ژن چالاکی تێدا ئەنجام دەدات، تەنانەت بەشێک لە کەسە تێگەشتوەکانیش دەڵێن دەبێت ژن لە ماڵەوە بێت و پیاو لەدەرەوە کار بکات، بەڵام ئەمڕۆ ژن ئەوە قبوڵ ناکات کە لە چوارچێوەی چوار دیواردا بێت، چونکە بەشێکی زۆری ژنان هۆشیار بوونەتەوە، ژنانیش بۆیە ئێستا زیاتر دەکوژرێت چونکە ئەو سیستەمە پیاوسالاریە ڕەت دەکاتەوە کە ژنی تێدا دەکوژرێت.

 

"سوڵحی عەشایەری ڕێگایەکە بۆ زیادبوونی کوشتنی ژنان"

بانوو هەڵەبجەیی ڕوونی کردەوە، لەبەر هەبوونی دیاردەی سوڵحی عەشیاری توندوتیژیەکان زیاتر بووە، چونکە کاتێک ژنێک دەکوژرێت بە سوڵحی عەشایەری کێشەکە چارەسەر دەکەن ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات کە ژن کوشتن ئاسان ببێت، بۆیە سوڵحی عەشایەری چارەسەری کێشەکان ناکات بەڵکو قوڵتری دەکاتەوە، لە لایەکی ترەوە خێزانەکان خۆیان بەرگری لە ژنەکان ناکەن کاتێک لە لایەن هاوژینەکەیەوە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، لەم ڕووەوە ژنان قوربانی یەکەمن، بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردانە پێویستە مامۆستا ئاینیەکان و هەموومان پێکەوە بەرگری لە مافی ژن بکەین و نەهێڵین وتاری دژ بە ژنان بڵاو ببێتەوە.

 

وتیشی: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هێشتا ژن بە ژن هەر ماوە و کاتێک کەسێک دەکوژرێت بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە ژنێک ئەکەنە قوربانی و دەیدەن بە ماڵی بەرامبەر بۆیە ئەگەر ژن بچەوسێنرێتەوە کۆمەڵگە هەرگیز بەرەو پێش ناچێت، چونکە ژن ژیانی دروستکردوە، ئێمەی ژنان داوای مافی خۆمان دەکەین، چونکە مافەکانمان لێ زەوت کراوە، هەروەها لە باشووری کوردستان یاسا سەروەر نییە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت.

 

"دەبێت ڕێکخراوەکانی ژنان کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە"

بانوو هەڵەبجەیی ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان ڕۆڵیان هەبێت و بگەڕێن و هۆشیاری بڵاوبکەنەوە بە تایبەتی لەو ناوچانەی دوورە دەستن و هێشتا کچ بەزۆر بەشودان ماوە تیایدا، ئەوە ئاسایی بکەنەوە کە ژنان لە شوێنە گشتیەکاندا سیمینار پێشکەش بکەن، چونکە ئەگەر ژن هۆشیار بێت خێزان و تاکی هۆشیار دێنێتە کۆمەڵگەوە، لە ساڵی ١٨٥٧ەوە تا ئێستا ژنان نەوەستاون و خەباتیان کردوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و ئازادی و ماوەی ٥٠ ساڵی خایاند و دووبارە لە ساڵی ١٩٠٧ دەستیان کردەوە بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، هەر ئەو میراتەیە بۆ ئێمەی ژنان ماوەتەوە، ئەویش ٨ی ئادارە بووە بە سیمبولی ژنانی هەموو جیهان و ئێمەش شانازی پێوە دەکەین.

 

لە کۆتایدا وتی: هیوادارم ئێمەی ژنان و هەموو ڕێکخراوەکان پەیاممان یەک بێت و بە ناسنامەی ژن کۆمەڵگە هۆشیار بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین لە دەستوردا مافەکانمان بچەسپێنین، ئەگەر لە دەستوردا مافەکانمان چەسپاند و کوشتنی ژن قەدەغە کرا، کەس ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر مافەکانمان، بەشێوەیەک ژن کوشتن کەمبکەینەوە، ئەگەر ژنێک کوژرا هەر کەسە و لە شوێنی خۆی داچڵەکێت.