پارێزەرانی یەمەن: لە نێوان سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و خولیای پیشەیی

پارێزەرانی ژنی یەمەن، بەسەر بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان و مەترسییەکانی جەنگدا زاڵ دەبن؛ لە دادگاکاندا بەردەوامن لە تێکشکاندنی وێنە باوەکان و سەلماندنی ڕۆڵییان لە بەرگریکردن لە مافی ستەملێکراوان.

ڕەحمە شەنزور

 

یەمەن ـ لە ساڵانی ڕابردوودا، ئامادەبوونی ژنانی یەمەنی لە پیشەی پارێزەرایەتیدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، کە بۆ چەندین ساڵ تەنها تایبەت بوو بە پیاوان، ژنان ڕووبەڕووی سەختییە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان بوونەوە کە باوەڕەکەیان بە سەختی چوونە ناو ئەم بوارە بۆ ژنان پتەوتر کردبوو، بەڵام دۆخەکە پێچەوانەکەی سەلماند، پارێزەرانی ژن توانیان ڕێگای خۆیان لە مەیدانەکانی دادپەروەریدا بکەنەوە و ئامادەبوونی پیشەیی خۆیان بسەلمێنن.

 

ئامارەکانی سەندیکای پارێزەرانی یەمەن ئاماژە بە زیادبوونێکی بەرچاو لە ژمارەی ئەو ژنانە دەکەن کە پەیوەندییان بە پیشەی پارێزەرایەتییەوە کردووە، بە شێوازێک کە ڕێژەکەیان ١٠ هێندەی پێش ساڵی ٢٠١٤ تێپەڕاندووە، کە سەندیکاکە ئەم بەرزبوونەوەیە بە بێوێنە پێناسە دەکات، بەتایبەت لە کۆمەڵگەیەکدا کە هێشتا پیشە یاساییەکان تێیدا زاڵن بە بەشداریی فراوانی پیاوان.

 

بەپێی دوایین ئاماری سەندیکاکە، یەک پارێزەر ژن بەرامبەر دە پارێزەری پیاو هەیە، لە کاتێکدا سەندیکاکە پێشبینی دەکات کە ئەم ڕێژەیە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، لەوانە گۆڕانی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ کاری ژنان، زیادبوونی قبوڵکردنی ئامادەبوونیان لە پیشەی پارێزەرایەتیدا، لەگەڵ کەمبوونەوەی هەندێک لە بەربەستە کۆمەڵایەتییەکانی کە بۆ چەند ساڵێک بژاردە پیشەییەکانی ژنانی سنوردار کردبوو.

 

بەڵام بەرزبوونەوەی ژمارەی پارێزەرانی ژن بەو واتایە نییە کە ڕێگاکەیان خاڵی بێت لە ئاستەنگ، هێشتا پارێزەرانی ژن ڕووبەڕووی تێڕوانینێکی کۆمەڵایەتیی جیاواز دەبێتەوە، لەگەڵ ئاڵەنگاری پیشەیی و ئەمنییەکان، بەتایبەت لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە هەستیار و ئاڵۆزەکاندا.

 

لە هەڵوێستێکی دادپەروەرییەوە بۆ هۆڵەکانی دادگا

بۆ ئامال سەبری، پیشەی یاسا تەنها پسپۆڕی زانکۆ نەبوو کە لەنێو بژاردەکانی تردا هەڵیبژارد، بەڵکو بە ئەزموونێک دەستی پێکرد کە وەک خوێندکاری ئامادەیی هەیبوو، کاتێک بەشداری خۆپیشاندانێکی پەیوەست بە پرسێکی مافی مرۆڤ بوو، هەروەها شایەتحاڵی دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە چالاکوانانی بەشداربووی تێدا بوو.

 

ئەو دیمەنە کاریگەرییەکی درێژخایەنی لەسەر ئەو بەجێهێشت و وای لێکرد پرسیار بکات کە چۆن دەتوانێت بەرگری لە ماف و دۆزی خەڵک بکات، کاتێک گەڕایەوە ماڵەوە و چی ڕوویداوە بۆ باوکی باسکرد، وەڵامەکەی خاڵی وەرچەرخان بوو لە ژیانیدا، هانی دەدا بۆ خوێندنی شەریعەت و فیقهی ئیسلامی، پێی وابوو ئەم بوارە دەتوانێت ئامرازی پێویستی پێبدات بۆ داکۆکیکردن لە خەڵک و بەرگریکردن لە مافەکانیان.

 

 

ئەمڕۆ، ئامال سەبری وەک پارێزەر و نوێنەر لە دادگاکانی پلە یەک و دادگاکانی پێداچوونەوەدا کار دەکات، داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ لە تەعز، بەڵام ئاماژەی بەوەشدا، کە پراکتیزەکردنی پیشەکە، بەتایبەت وەک ژنێک، دەیخاتە بەردەم کۆمەڵێک ئاڵەنگاری جیاوازەوە، هەندێکیان پەیوەستن بە تێڕوانینی کۆمەڵگەوە، هەندێکی تریش بەهۆی بارودۆخی ململانێ و سروشتی ئەو کەیسانەی کە ئەو مامەڵەی لەگەڵ دەکات سەپێنراون.

 

لە نێوان ڕەتکردنەوە و قبوڵکردندا

وتی: تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ پارێزەرانی ژن هێشتا جیاوازە، هەندێک بە ڕوانگەیەکی تەسک یان کەمتر سەیریان دەکەن، هەندێکی تر هانی ژنان دەدەن بچنە ناو بواری یاساییەوە.

 

ڕوونیکردەوە، کە قبوڵکردنی کۆمەڵایەتی بۆ پارێزەرانی ژن لە ساڵانی ڕابردوودا دەستی بە زیادبوون کردووە بەراورد بە دۆخی پێشوو، کە ئەزموونی ئەو لە شارۆچکەی سەبر مەوادم لە تەعز نیشانەی کەمیی ئامادەبوونی ژنانە لە پیشەکەدا، وتی: ئەو بە دووەم ژن دادەنرێت کە کاری پارێزەرایەتی لە شارۆچکەکەدا بکات.

 

جیاوازی تێڕوانین بۆ پارێزەرانی ژن تەنها لە کۆمەڵگەدا نییە، بەڵکو لە هەڵبژاردنی بریکارەکانیشدا دەردەکەوێت، وتی: هەندێک خاوەن دۆسیە پێیان باشە مامەڵە لەگەڵ پارێزەرەانی پیاودا بکەن، لە کاتێکدا هەندێکی تر پێیان باشە مامەڵە لەگەڵ پارێزەرە ژنەکان بکەن، بەتایبەت لە دۆسیەی ژناندا.

 

سەلماندنی لێهاتوویی ئاڵەنگاریەکی بەردەوامە

لە سەرەتاکانیدا، ێامال سەبری ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بووەوە کە پەیوەست بوو بە ژنبوونی و کارکردن لە پیشەیەکدا کە پیاوان هێشتا ئامادەبوونی دیاریان تێیدا هەیە، بەڵام پێی وایە زانست، زانیاری، متمانە بەخۆبوون و باوەڕبوون بەو دۆسیەیەی کە بەرگری لێ دەکات، یارمەتی پارێزەر دەدات لە تێپەڕاندنی ئەم بەربەستانە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕووبەڕووبوونەوەی پارێزەری خاوەن ئەزموونی زیاتر لە سەرەتاکانیدا ئاڵەنگاریەک بوو، بەڵام توانی لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا تێپەڕێنێت، جیاکاری دژی پارێزەرانی ژن لە ڕابردوودا ڕوونتر بوو، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ژنان لە پیشەکەدا دەستی بە کەمبوونەوە کردووە وتی: جۆرێک لە جیاکاری لەلایەن هەندێک کەسەوە هەبوو، بەڵام ئەمە پێشتر بە شێوازێکی گەورە بوو، ئێستا قبوڵکردن هەیە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان هەن کە کاری پارێزەرایەتی دەکەن.

 

جەنگ مەترسییەکانی پیشەکە دووهێندە دەکاتەوە

ململانێی یەمەن، دامەزراوە دادوەرییەکانی لە کاردانەوەکانی ڕزگار نەکردووە  بەڵکو کاریگەری لەسەر سروشتی کاری پارێزەران هەبووە، ئامال سەبری وتی: پارێزەران ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئەمنی و دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە، ئەمە جگە لە ئاڵەنگاری تەکنیکی پەیوەست بە پاراستنی ئامێر و زانیاری بەتایبەت ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ کەیسە هەستیارەکان دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەردەوامی ململانێ و لاوازی دەزگای دادوەری، کاری پارێزەرایەتی کردووەتە کارێکی سەختتر، بەتایبەت لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە ئاڵۆز و قورسەکان و دۆسیە گەورەکاندا.

 

ڕوونیکردەوە، دەستیکردووە بە دۆسیەگەلێک کە پێشوەختە دەیزانی مەترسییان تێدایە، لە کاتێکدا دۆسیەی تری هەڵبژاردووە کە نەگوازێتەوە بەهۆی بەرزی ئاستی مەترسییەکەیان وتی: دۆسیە هەن کە مەترسی گەورەیان هەیە، من دۆسیەی مەترسیدارمم وەرگرتووە و هێشتاش کاریان لەسەر دەکەم، دۆسیەش هەن کە هەوڵمدا خۆیان لێی بەدوور بگرم چونکە مەترسییەکانی پەیوەست بە بابەتە و زۆر بوون.

 

 

پێی وایە پاراستنی پارێزەر بۆ خۆی پێویستییەکی دڵنیاییە تا بتوانێت بەردەوام بێت لە بەرگریکردن لە مافی کەسانی تر،؛ وتی: بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و دۆسیەکانی خەڵک، دەبێت سەرەتا پارێزگاری لە خۆت بکەیت وەک پارێزەر.

 

پاراستنی یاسایی کە پێویستی بە چالاککردن هەیە

سەبارەت بە پاراستنی یاسایی، ئامال سەبری ڕوونیشیکردەوە کە پارێزەری ژن وەک پارێزەری پیاو، خاوەنی ئەو کاریگەرییە نییە کە لەلایەن یاسای ڕێکخستنی پیشەی پارێزەرایەتییەوە دیاری کراوە، بەڵام پێی وایە بارودۆخی ململانێ و دۆخی ئەمنی ئەم میکانیزمانە و چاودیریکردنیان لاواز کردووە.

 

جەخت لەوە دەکاتەوە کە پارێزەرانی ژنان پێویستیان بە پاراستنێکی یاسایی خێرا و کاریگەر هەیە، داوا لە سەندیکای پارێزەران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات کە تۆڕێکی پاراستنی یاسایی بۆ پارێزەرە پیاو و ژنن دابین بکەن، کە توانای وەڵامدانەوەی خێراتری هەبێت بۆ مەترسییەکان.

 

هەروەها جەخت لە گرنگی ڕاهێنان دەکاتەوە لە بواری پاراستنی تەکنیکیدا، بەتایبەت پاراستنی زانیاری و دۆسیەکان و نهێنییەکانیان، بەو پێیەی سروشتی کاری پارێزەرانی ژنان دەکرێت بیانخاتە بەردەم زانیاری و دۆسیەی هەستیارەوە.

 

ئامادەبوونی ژنان کە ڕووی لە زیادبوونە

سەرەڕای ئاڵەنگاریەکان، ئامال سەبری پێی وایە ئامادەبوونی ژنان لە پیشەی پارێزەرایەتیدا بووەتە ئامادەبوونێکی باش، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی پارێزەرانی ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا، وتی: کاتێک پارێزەر باوەڕی بە دۆسیەی خەڵک و سەرکەوتنی مافەکانیان هەبێت، گرنگی بەو ئاڵەنگاریە نادات کە لە دەرەوە دێن.

 

پەیامەکەی ئاراستەی منداڵانی کچی ئارەزوومەند کرد بۆ چوونە ناو بوارەکە، وتی: پارێزەرایەتی پەیامێکی گەورە و پیرۆزە، تەنها پسپۆڕییەکی ئەکادیمی یان زانستی یان پیشەیەکی ئاسایی نییە.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە پارێزەری ژن دەتوانێت ببێتە "دەنگی ئەوەی دەنگی نییە"، ئامرازێک بێت بۆ بەرگریکردن لە ستەملێکراوان و زیانبەرکەوتووان و لاوازترین چینەکان، بەدیهێنانی دادپەروەری و سەرکەوتنی مافەکانی خەڵک.

 

لە نێوان تێڕوانینێکی کۆمەڵگە کە وردەوردە دەگۆڕێت،  ئامادەبوونێکی ژنانە کە فراوان دەبێت، مەترسییەکانی کە جەنگ و ململانێ دروستیکردوون، پارێزەرانی ژنی یەمەنیی بەردەوامن لە بڕینی ڕێگاکەیان لە مەیدانەکانی دادپەروەریدا، بە ئامانجی چەسپاندنی ئامادەبوونی پیشەیی خۆیان و تێکشکاندنی وێنەی باوی پارێزەرایەتی بەوەی تەنها پیشەی پیاوانە.