نادڵنیایی ناو زیندانەکانی ئێران خێزانەکان تووشی دڵەڕاوکێ دەکات

لەگەڵ پەرەسەندنی سەرکوتکردن لە ئێران، ڕاپۆرتەکانی زیندانی دیزل ئاباد لە کرماشان ئاماژە بە زیادبوونی سنووردارکردنەکان، تێکچوونی بارودۆخی دەستبەسەرکردن و بەرزبوونەوەی فشارەکان بۆ سەر زیندانییەکان و خێزانەکانیان دەکەن.

سارا پورخەزری

 

کرماشان-لە دەسەڵاتە پاوانخوازەکاندا بڵاوکردنەوەی تیرۆر و ترس ئامرازێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی دەسەڵات، لەم جۆرە دەسەڵاتانەدا تا حکومەت لە خاڵێکی لاوازی یان داڕمان نزیک بێتەوە، فشار لەسەر زیندانیانی سیاسی و چالاکوانانی مەدەنی زیاتر دەبێت.

 

لە چەند مانگی ڕابردوودا لەگەڵ زیادبوونی نیشانەکانی لاوازی و ناسەقامگیری لە ناو کۆماری ئیسلامیدا، شەپۆلی لەسێدارەدانی ناڕازییان و فشار لەسەر زیندانیانی سیاسی بۆ ئاستێکی بێ وێنە پەرەی سەندووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، لە مانگی یەکەوە تا ئێستا، دەیان دەستگیرکراوی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانەوە، لەگەڵ زیندانیانی سیاسی دیکە، لە ماوەیەکی کورتدا لە سێدارە دراون، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوو گەنج لە زیندانی شەهرود لە سێدارە دران کە هەردووکیان تەمەنیان لە خوار ٢٥ ساڵەوە بوو.

 

شانبەشانی ئەم لەسێدارەدانانە، زیندانییە سیاسییەکانی دیکە کە سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە یان ڕووبەڕووی لەسێدارەدان دەبنەوە، لە بارودۆخێکی ئەوپەڕی ترسناک و مەترسیداردا دەژی،. ڕاپۆرتەکانی زیندانی دیزل ئاباد لە کرماشان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بارودۆخی زیندانەکان لە سەرەتای شەڕی ئەم دواییە بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە.

دیزل ئاباد: ئامڕازی زیادبوونی فشار لەسەر زیندانیانی سیاسی

فەرەحناز. غ، ڕۆژنامەنووس کە بنکەکەی لە کرماشانە، وتی: بەندیخانەی دیزل ئاباد یەکێک لە توندترین و داخراوترین زیندانەکانی ئێرانە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ زیندانیانی سیاسیدا، لە چەند مانگی ڕابردوودا، بەتایبەتی دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمی، بەرزبوونەوەی بێ وێنە لە ژمارەی زیندانییەکان ڕوویداوە، چونکە دەسەڵاتداران هەوڵیاندا توانای تەواوی زیندانەکە بەکاربهێنن بۆ جێگیرکردنی شەپۆلی نوێی دەستگیرکردنەکان.

 

ڕوونیکردەوە، کە لەگەڵ ئەم زیادبوونەدا، بارودۆخی پاکوخاوێنی و چاودێری تەندروستی و خۆراک لە ئێستاوە خراپتر بووە، وتی: سەرچاوە نزیکەکان لە خێزانی زیندانییەکان باس لەوە دەکەن کە سەردانەکان زۆر سنووردار بوون، تەنانەت سەردانێکی کورتیش دەتوانێت چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەک بخایەنێت تا بەدەستی بهێنرێت، هەندێکی تریش ڕاپۆرت دەکەن کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان نزیکەی بە تەواوی دەبڕدرێن و کاتێک ڕوودەدەن، کورتە و چاودێری دەکرێن.

 

قەیرانی تەندروستی، برسێتی و بێبەشی لە زیندانەکانی ئێران

بەو پێیەی بارودۆخی زیندانی دیزل ئاباد بە نوێنەری دۆخی گشتی زیندانەکانی وڵات دادەنرێت، ڕوونە کە شێوازی سەرکوتکردن و سنووردارکردنەکان تەنها لەم زیندانەدا سنووردار نییە، بەڵکو لە زۆرێک لە زیندانەکانی دیکەدا دووبارە دەبێتەوە.

 

چەندین ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ و خێزانی زیندانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە کەرەج، گوندی کاووس، دەوڵەت ئاباد لە ئیسفەهان، زیندانی ئێڤین و چەندانی دیکە فشاری توندی بەخۆیەوە بینیوە، ئەم ڕاپۆرتانە باس لەوە دەکەن کە قەیرانی تەندروستی لە زیندانەکاندا گەیشتۆتە ئاستێک کە نەخۆشیەکان بە خێرایی لە نێو زیندانییەکاندا بڵاودەبێتەوە بەهۆی نەبوونی چاودێری تەندروستی سەرەتایی، کەمیی پێداویستییەکانی پاککردنەوە، قەرەباڵغییەکی زۆر، و ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە کلینیکە پزیشکییەکان.

 

هەندێک حاڵەت بە تایبەتی ئەوانەی نەخۆشییە درمیەکانیان هەیە، بۆ چەند ڕۆژێک بەبێ چاودێری دەمێننەوە، ئەمەش دۆخەکە زیاتر خراپتر دەکات، لەگەڵ قەیرانی تەندروستی، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە تێکچوونی جددی خۆراک لە ناو زیندانەکاندا دەکەن، کە کوالیتی خۆراک بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە زۆر حاڵەتدا لە ڕووی هەردوو بەهای خۆراکی و ستانداردی پاکوخاوێنیەوە ناشایستە بۆ خواردن.

 

کێشەکە لە کوالیتی تێدەپەڕێت، هەروەها بڕی خۆراکی دابەشکراو بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، زۆرێک لە زیندانییەکان ڕۆژانە تەنها یەک ژەمێکی کەمیان وەرگرتووە، خێزانەکان باس لەوە دەکەن کە کەسوکاریان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییە کورتەکاندا گلەیی لە برسێتی بەردەوام و لاوازی جەستەیی دەکەن.

"نادڵنیایی دادوەری و دەستکاریکردنی دەروونی خێزانی زیندانییەکان"

فەرەحناز. غ، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوە کرد، کە خێزانی هەندێک لە زیندانییەکان ڕایان گەیاندوە، کە بڕە پارەیەکیان لەگەڵ خۆیان بردووە بۆ یارمەتیدانی کەسوکارەکانیان لەناو زیندانەکەدا، بۆ ئەوەی لانیکەم بتوانن لە دوکانی زیندانەکە خۆراک یان پێداویستی پێویست بکڕن، بەڵام فەرمانبەرە بەرپرسیارەکە ڕێگری کردووە لەوەی پارەکە ڕاستەوخۆ بگەیەنرێتە زیندانییەکە، داوای لە خێزانەکان کردووە پارەکە ڕادەستی ئەو بکەن بۆ ئەوەی بتوانێت بیگەیەنێت بە زیندانییەکە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک و کاتێک خێزانەکان توانیان سەردانێکی کورت بکەن، زیندانییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە هیچ پارەیەکیان لە کارگێڕی زیندان وەرنەگرتووە.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، لەگەڵ خراپتربوونی قەیرانی کەمئاوی لە زیندانی قەزلحسار لە کەرەج، زیندانییەکان ناچاربوون پارەی تانکەری ئاو بدەن بۆ بەدەستهێنانی ئاوی خواردنەوە، ئەمەش بووەتە مەرجی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بە توانای دارایی و زیادبوونی فشارەکان لەسەریان.

 

سەرچاوەکان وتیان بەشێکی زۆری ئەو زیندانیانەی کە بەم دواییە بۆ زیندانی دیزل ئاباد لە کەرەماشان گواستراونەتەوە، لە گیراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەم، هەروەها بە تۆمەتێک کە بە نەسەلمێنراو و بێ بەڵگەی یاسایی پێناسە کراوە، دەستبەسەر کراون. لە زیندانەکانی تریشدا هێشتا زۆرێک لە زیندانییەکان بێ دادگاییکردنی فەرمین و لە دۆخێکی ناڕوونی یاساییدا دەژین، بەو پێیەی بۆ ماوەیەکی درێژ لەنێوان زیندانە جیاوازەکاندا دەگوازرێنەوە، لە دۆخێکدا کە دەتوانرێت بە ماندووکردن و نامرۆڤانە پێناسە بکرێت.

 

لە نێو ئەم حاڵەتانەدا دۆسیەی فەریدە عەبدی، هاوڵاتییەکی بەهایی تەمەن ٦٢ ساڵ کە لە زیندانی دەوڵەت ئابادی شاری ئیسفەهان زیندانی کراوە، کە لە کاتێکدا، کەیسەکەی لە نادڵنیایی و چارەسەرنەکراودا پۆشراوە، چاودێری پزیشکی بۆ دابێلین ناکرێت.

 

بە پێچەوانەوە، پۆلێکی دیکەی زیندانییەکان بەبێ پرۆسەی یاسایی، دانیشتنی گشتی یان دەستڕاگەیشتن بە ڕاوێژکاری یاسایی سەربەخۆ، دادگاییکردنی خێرایان بۆ دەکرێت، هەندێکیان لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دوای دەستگیرکردنیان، بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ یان ڕاپۆرتی ئەمنی سزای درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە.

 

یەکێک لەو حاڵەتانە دۆسیەی فاتمە تەندەریان، دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونیدووەم، کە دوای ماوەیەکی کەم لە دەستبەسەرکردنی، سزایەکی درێژخایەنی بەسەردا سەپێندرا، ڕووبەڕووی سزای هەڵپەسێردراوی پێنج ساڵ بووەوە، جگە لە سزای پێشووی نزیکەی چوار ساڵ کە هەموویان لە ماوەی کورتدا دوای دەستبەسەرکردنی دەرچووە.

 

ئەم ناتەباییە لە نێوان دواکەوتنی درێژخایەن لە هەندێک حاڵەتدا و بڕیارە خێراکان لە هەندێکی دیکەدا، ڕەنگدانەوەی نەبوونی ڕوونی لە پرۆسەی دادوەری و لادان لە بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە.

"یارێکی دەروونی لەگەڵ کەسوکاری زیندانیان"

مەعسومە.ف، خزمی یەکێک لەو کەسانەی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمدا دەستگیرکرابوون، وتی: خێزانی ئەو گەنجە تووشی فشارێکی دەروونی بێئەندازە بووە، هەر لەسەرەتاوە بەردەوام پەیوەندییان پێوەدەکرا و پێیان دەوترا کە کوڕەکەیان لە زیندانی دیزل ئاباددایە و پێویستە جلوبەرگ و پێداویستییەکانی بۆ بهێنن لە سەردانێکدا، بەڵام هەر جارێک خێزانەکە دەچوون، بە هیوای سەردانکردن، پێیان دەوترا کە هیچ کەسێک لە بەڕێوبەری زیندان پەیوەندیی پێوە نەکردوون و ئەو کەسە لەوێ نییە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە چەند جارێک ڕوویداوە، تەنانەت پەیوەندییان بە ژمارەکانەوە پێگەیشتووە گوایە لە زیندانی ئێڤینەوە، بە خێزانەکەیان دەوت کوڕەکەیان لە دیزل ئابادەوە گواستراوەتەوە بۆ ئێڤین و پێویستە بێن بۆ سەردان، بەڵام کاتێک خێزانەکە گەیشتنە ئێڤین پێیان وترا کە هیچ گواستنەوەیەک ئەنجام نەدراوە و ڕەوانەی زیندانێکی دیکە کراوە، زیاتر لە پێنج مانگ دوای دەستگیرکردنی، خێزانەکە تا ئێستاش بە تەواوی نازانن کوڕەکەی لەکوێ دەستبەسەرە.

 

دایکی گەنجەکە، وەک چاوپێکەوتنەکەمان پشتڕاستی دەکاتەوە، وتی: نزیکەی هەموو ڕۆژێک دەچێتە لای دیزل ئاباد بەو هیوایەی هەر هەواڵێک بەدەست بهێنێت، بەڵام هەرجارەو بە وەڵامی جیاواز و بێزارکەر دەگەڕێتەوە، ئەم نهێنییە بە تەواوی خێزانەکەی لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە ماندوو کردووە، ئیتر نازانن باوەڕ بە کام چیرۆک بکەن و لە کوێوە دەست بە بەدواداچوون بکەن.