مونا شەماخ : ئەزموونی مەغریب لە چاکسازییە فێمینیستەکاندا کراوەیە بۆ هاوبەشی ناوخۆی و نێودەوڵەتی
هاوپشتی فێمینیستەکان بۆ دەرەوەی مەغریب درێژدەبێتەوە، لە کاتێکدا ژنان هێشتا لە کار و نوێنەرایەتی سیاسیدا ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە، جگە لەوەی تووشی توندوتیژی دەبنەوە، کە مونا شەماخ، چالاکوان، پشتڕاستی دەکاتەوە.
حەنان حارت
مەغریب- کۆمەڵەی ئەنوار بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون کاریان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزی و بەرگریکردن لە کێشەکانی ژنان، هەروەها لەڕێگەی تەکنەلۆژیا و سیستەمی دیجیتاڵییەوە پاڵپشتییان پێشکەش کردووە، بەڵام زاڵبوون بەسەر ئاڵەنگاری فێمینیستەکان تەنها لە ڕێگەی بونیادنانی دیدێکی هاوبەش و یەکگرتووەوە دێت کە توانای پێداچوونەوە بە یاساکان و پاراستنی بەرگریکارانی مافی مرۆڤی هەبێت.
مافەکانی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا پێشێل دەکرێن، جگە لە پەراوێزخستنی ڕۆڵی سیاسییان، لە مەغریب کۆمەڵەکانی ژنان کاردەکەن بۆ پێشخستنی پرسەکان لە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و پێداچوونەوە بە یاساکانی پەیوەست بە توندوتیژی دژی ژنان.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەو ئاڵەنگارییە کولتووری و سیاسی و ڕێکخراوەییانەی کە تا ئێستاش ڕێگرن لە بەردەم هاوپشتی فێمینیستەکان، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مونا شەماخ، سەرۆکی کۆمەڵەی ئەنوار بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون ئەنجامدا، تیایدا ئاماژەی بەوەدا، کە ئەزموونی مەغریب لە بواری چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەوڵەمەندە و دەتوانرێت لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا هاوبەشی بکرێت.
بۆ دەستپێکردن، ڕۆڵی هاودەنگی فێمینیستەکانی مەغریب لە پشتیوانیکردنی پرسەکانی ژنان لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا چۆن دەبینیت؟
دڵنیابە کە مافەکانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا پێشێل دەکرێن، جا چ لە ڕێگەی توندوتیژی خێزانی، جیاکاری لە موچە، نوێنەرایەتی سستی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان یان پەراوێزخستنی ڕۆڵی سیاسییان بێت، بۆیە ئەم پرسانە هاودەنگی لە نێوان کۆمەڵەی ژناندا دەکەنە بابەتێکی پێویست و بەرپرسیارێتییەکی دەستەکۆمەڵی نەک تەنها بژاردەیەک.
لە مەغریب، لەسەر ئاستی کۆمەڵەی ئەنوار بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون، لە چوارچێوەی چەندین بلۆکدا کاردەکەین، لەوانە هاوپەیمانی "ماف و هاوڵاتیبوون"، کە زیاتر لە ٣٠ کۆمەڵەی ژنان و گەنجان لەخۆدەگرێت، کاردەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن و پێشخستنی بەشداریکردنی گەنجان لە بەرگریکردن لە پرسەکانی ژنان، هەروەها ئەم کارە هاوبەشە لە ڕێگەی خزمەتگوزاری ڕاستەوخۆ بۆ ژنان و منداڵانی کچ بەرجەستە دەبێت وەک گوێگرتن، ڕێنماییکردن، یاوەریکردن، پاڵپشتی دەروونی و یاسایی و هەندێکجاریش شوێنی مانەوە، بەو پێیەی ئەم خزمەتگوزاریانە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و سیستەمی دیجیتاڵی پێشکەش دەکرێن.
لەسەر ئاستی نیشتمانی ئەزموونەکان دەریانخستووە، کە بەیەک دەستیش چەپڵە لینادرێت، هاوپەیمانییەکانی ژنان وەک هاوپەیمانی " ربيع الكرامة" "بەهاری شکۆمەند" بەشدارییان کردووە لە پێداچوونەوە بە یاسای سزادانی پەیوەست بە توندوتیژی دژی ژنان، هەروەها چەندین کۆمەڵە، لەنێویاندا کۆمەڵەی خۆمان، بەشدارییان کرد لە پێشکەشکردنی یاداشت و پێشنیارەکان بۆ کۆمیسیۆنی شاهانە کە ئەرکی پێداچوونەوەی بە یاسای خێزانەکەی پێسپێردراوە، دوای وتاری شاهانەی ئەم دواییە.
لەسەر ئاستی هەرێمیش چەند تۆڕێک بوونیان هەیە، وەک تۆڕی عەرەبی بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی فێمینیست، کە ڕاپۆرتی هاوتەریب بڵاودەکاتەوە و بەشداری دەکات لە کاریگەریکردن لەسەر سیاسەتی گشتی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کۆمەڵە مەغریبییەکان بەشدارن لە هەڵمەتەکانی وەک ١٦ ڕۆژی چالاکی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزی، هەروەها بەشداری دەکەن لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتی هاوتەریب بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیلهاممان لە بزووتنەوە جیهانییەکانی وەک "MeToo" وەرگرتووە، کە هەزاران کەیسی توندوتیژی سێکسییان ئاشکرا کرد و تیشکیان خستە سەر هێزی هاودەنگی فێمینیستی نێودەوڵەتی.
کۆمەڵەکەمان هەڵمەتێکی نیشتمانی دژی توندوتیژی سێکسی دەستپێکرد، لەم هەڵمەتەدا لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیمان لە سێ ناوچەی مەغریب "دار بەیزا، سەتات، مەراکش، ئاسفی" ئەنجامدا و ڕێنماییەکی پراکتیکیمان بڵاوکردەوە کە مافەکانی زیانبەرکەوتوو، شێوازەکانی خۆپاراستن، پاراستن، ڕاپۆرتکردن و ڕێکاری یاسایی ڕوونکردەوە، ئەم دەستپێشخەرییە دوای بڵاوبوونەوەی دیاردەی "پەیوەندی بۆ نمرە" هاتە ناو بەشێک لە زانکۆکانی مەغریب، ئەمەش وایکردووە کە ئامرازی پراکتیکی دابین بکرێت کە پێداویستییەکانی ئەو خوێندکارە ژنە گەنجانە دابین بکات کە زیانبەرکەوتوون.
هەموو ئەم ئەزموونانە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە کۆمەڵە مەغریبییەکان لە ڕووداوە جیهانییەکان دابڕاو نین، خەباتی ژنان خەباتێکی هاوبەشە، جا چ لە مەغریب، فەڵەستین، سووریا، سودان، ئەفغانستان یان تەنانەت ئەورووپا، کە هێشتا ژنان بەدەست جیاکارییەوە دەناڵێنن لە بواری دامەزراندن و نوێنەرایەتی سیاسیدا، بۆیە بەشداریکردن لە هاوپەیمانی و تۆڕەکاندا، چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بۆ گەیشتن بە کاریگەرییەکی ڕاستەقینە لە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان هێشتا بە شتێکی بنەڕەتی دەمێنێتەوە.
بەڕای ئێوە دەستپێشخەری بەسە بۆ پاڵپشتی پرسی ژنان؟
دەستپێشخەرییە ئامڕازیەکان وەک لێدوانی هاوبەش، ئاگاداری هاودەنگی، بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی بە دڵنیاییەوە گرنگییەکی گشتی و ئامڕازی و سیاسییان هەیە، بەڵام بە تەنها بە ناتەواوی دەمێننەوە، هەنگاوی پراکتیکی لەسەر زەوی پێویستە، بەتایبەتی هەوڵی داکۆکیکردن بۆ گۆڕینی سیاسەتەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی.
بۆ نموونە میکانیزمەکانی داکۆکیکردن لە ڕێگەی ڕاپۆرتە هاوتەریبەکانەوە گرنگن، چونکە بەشدارن لە چاودێریکردنی حکومەتەکان و فشارخستنە سەریان بۆ هەمووارکردنەوەی سیاسەتە نیشتمانییەکانیان، کاتێک ئەم ڕاپۆرتانە دەخرێنە بەردەم کامپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک لیژنەی سیداو یان لە کاتی بەشداریکردن لە کۆمیسیۆنی دۆخی ژنان، دەنگی ژنان لە ئاستی جیهانیدا گەورەتر دەکەن و ڕێکخراوەکانی ژنان دەتوانن گروپی فشاری کاریگەر پێکبهێنن، بۆ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر سیاسەتەکان هەبێت و گۆڕانکارییە خوازراوەکە بەدیبهێنن.
هاوپشتی فێمینیستەکانی فرانتەیشناڵ ڕووبەڕووی چ ئاستەنگێک دەبێتەوە و چۆن دەتوانرێت تێپەڕێنرێت؟
ئەم هاوپشتییە تووشی چەند ئاستەنگێک دەبێتەوە، یەکەمیان کولتوورییە، نۆرم و بەها کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان وڵاتاندا جیاوازن، کە لە کاتێکدا لە مەغریبدا سوودێکی زۆرە، بەڵام ڕەنگە لە گەلانی دیکەدا بە داگیرکردن بەرەوڕوو ببنەوە، سەرەڕای ئەوەش، بەربەستی زمانی لە نێوان وتاری مافی مرۆڤی سەردەمی و زمانی نەریتیدا هەیە، کە ڕێگری لە ڕازیکردن و کاریگەری دەکات.
جگە لەوەش جیاوازی ڕێکخراوەیی لە نێوان کۆمەڵەکانی وڵاتانی تازەپێگەیشتودا، کە بەدەست سەرچاوە سنووردارەکانەوە دەناڵێنن و هاوتاکانیان لە وڵاتانی پێشکەوتوودا کە توانای مرۆیی و دارایی و تەکنەلۆژییان زیاترە، هەروەها ئاڵەنگاری سیاسیش هەن، کە لە نەبوونی ئیرادەی ڕاستەقینە لە نێوان هەندێک ڕژێمی عەرەبیدا سەرچاوە دەگرن بۆ دابینکردنی شوێنی کارا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان.
سستی هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێگری لە پێوانەکردنی ڕوونی کاریگەرییەکان دەکات، چونکە یەکخستنی هەوڵەکان ئەنجامێکی باشتری لێدەکەوێتەوە، لەم پێوەندییەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە کۆمەڵەی ئەنوار بە هاوکاری هاوپەیمانی "ماف و هاوڵاتیبوون"، پڕۆژەی "Tech for All and Rights" "تەکنۆلۆژیا بۆ هەمووان و مافەکان" دەستپێدەکات، کە ئامانجی تێکەڵکردنی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵییە بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی هەماهەنگی و بەهێزکردنی هاوکاری نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان.
بۆیە پێویستە بەسەر ئەم ئاڵەنگاریانە زاڵ بین و ئەمەش تەنها بە بونیادنانی دیدگایەکی هاوبەش و یەکگرتوو کە توانای پێداچوونەوەی یاساکان و پاراستنی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و دەستەبەرکردنی داکۆکیکاری کاریگەر و بەردەوامی هەبێت بەدەستبهێنرێت.
لە کۆتاییدا کۆمەڵە مەغریبییەکان دەتوانن چ ڕۆڵێک بگێڕن لە گواستنەوەی شارەزایی و ئەزموونەکانیان بۆ ژنان لە وڵاتانی دیکە؟
ڕاشکاوانە وتم کۆمەڵگەی مەدەنی مەغریب، بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان، بەدرێژایی ساڵان ئەزموونێکی بەرچاو و دەوڵەمەندیان کۆکردۆتەوە، ئەم ئەزموونە بووە هۆی چاکسازی لە یاسای خێزان لە ساڵی ٢٠٠٤، ئەمڕۆش دەست دەکەین بە دەستپێشخەری نوێ بۆ چاکسازییەکی گشتگیر لەم کۆدەدا، بە پێی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی مەغریب و بڕگەکانی دەستووری ٢٠١١ کە یەکسانی ڕەگەزی لە ماددەی ١٩دا دیاری کراوە و مافە تەواوەکانی ژنان لە ماددەکانی دیکەدا دووپات دەکاتەوە.
هەروەها دەمەوێت ئاماژە بەو پلانە حکومەتە بکەم کە ڕێبازێکی هەستیاری ڕەگەزی لە سیاسەتە گشتیەکاندا گرتەبەر، چاکسازییەکانی دیکەی وەک یاسای ١٠٣-١٣ی ساڵی ٢٠١٨، سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هەموو ئەم دەستکەوتانە ڕەنگدانەوەی پرۆسەی چاکسازییە کە مەغریب دەستی پێکردووە، ئەزموونێکی دەوڵەمەندە کە دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت و سوودی بۆ ژنان لە وڵاتانی دیکەدا هەبێت.
ئەم ئەزموونە بە شێوەیەکی ناوازە بۆ هەردوو بەشداریکردنی ناوچەیی و نێودەوڵەتی گونجاوە، بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە کولتوورییەکان و چوارچێوەی ناوخۆیی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی مەغریب دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە هاوبەشکردنی ئەم ئەزموونانە و فێربوونی چۆنیەتی سوودوەرگرتن و پەرەپێدانیان، وەک لە ڕێگەی ڕێنمایی و ڕاپۆرت و هەڵمەتە پراکتیکییەکانەوە، کە ئەمەش گوزارشت لە پلەیەکی بەرزی پیشەیی و شارەزایی دەکات، هەروەها ئەم ڕێکخراوانە دەتوانن ڕێبازی نوێ دابهێنن بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی ئێستا بە دەستپێکردنی هەڵمەتە ناوچەیی یان نێودەوڵەتییەکان و بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان.
بەڵام پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە، کە ئەم کارە بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای خۆبەخشی و هەوڵی چالاکوانان دامەزراوە، ئەمەش دووری دەخاتەوە لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی پیشەییبوون و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش ئاڵەنگاریەکی بەرچاو دەخاتە ڕوو، چۆن دەتوانین بە بیپارێزین و بەردەوامی ئەم کارە مسۆگەر بکەین؟ هەر بۆیە پەرەپێدانی میکانیزمی نوێ بە تایبەتی لە بواری دیجیتاڵیدا، لەگەڵ وەبەرهێنان لە سەرچاوە مرۆییەکان کە هەم هەوڵی خۆبەخشی و هەم هەوڵی پیشەیی پێویست دابین دەکات، بووەتە شتێکی بنەڕەتی.
جگە لەوەش پێویستە ئەم هاوکارییە لە چوارچێوەی باشوور-باشووردا بەهێز بکرێت، ڕێکخراوە مەغریبییەکان نەک هەر ئەزموونی خۆیان هاوبەش بکەن، بەڵکو لە ئەزموونی وڵاتانی دیکەش فێربن، بۆ نموونە دەتوانن سوود لە ئەزموونەکانی ئەمریکای لاتین وەربگرن کە سەرەڕای کەمی سەرچاوەکانی داهێنانی بەرچاوی بەدەستهێناوە.
بۆیە دەبێت ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان دوولایەنە بێت: مەغریب لە ئەزموونە دەوڵەمەند و کۆکراوەکانی بەشداری بکات و لە هەمان کاتدا لە ئەزموونە ئیلهامبەخشەکانی وڵاتانی دیکە فێربێت، ئەمەش وا دەکات مافی مرۆڤی فێمینیست بەهێزتر و کاریگەرتر بێت.